"مەبە بەکورد تا نەبمە عەرەب"

12/01/2021

سەرکەوت شەمسەدین

رۆژێک لیژنەی موساڵەحەی نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی فیدڕاڵ سەردانی گروپی (۱٥)ی جاران‌و هاوپه‌یمانی (هیوا)ی ئێستایانکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی موچەو نەوت.

لیژنەکە بریتیبوون لە(محمد دەراجی، محمد شیاع سودانی، فەیسەڵ عیساوی، شێخ مزاحم، حسن شویرد الحمدانی).

بەگشتی ئەم لیژنەیە بەدوای حەلدا دەگەڕاو لیژنەیەکی تۆکمەبوون، دەستوریانکردبوو بەبنەما بۆ یەکلایکرنەوەی کێشەی موچەو نەوت.

لەگفتوگۆکاندا پەرلەمانتار حسن شویرد حەمدانی (کە لەجێگەی ئەیاد عەلاوی هاتۆتە پەرلەمان) شتێکی گرنگ‌و راستگۆیانەی وت کە من وەک مەبده‌ئى‌و وەک ستراتیژی کارکردنی نوێنەرانی کورد لەبەغداد یەکجار بەگرنگی ئەزانم.

ئەو وتی "کاتێک باسی نەوت‌و بودجە ئەکەین ئێوە مەبن بەکوردو وەک کورد گفتوگۆ مەکەن، تا منیش وەک عەرەب رەفتار نەکەم" ئەو وتی "پارەو نەوت نەتەوەو مەزهەب ناناسێت، نەوت‌و سەرچاوەی سروشتی لەبەسرە هەیە بەس لەئەنبار نییە، لەکاتێکدا ئەنبار بەپێی رێژەی دانیشتوان وەک بەسرە بودجە وەردەگرێت، نەک بەپێی سوننەو شیعە."

ئەو باسی ئەوەیکرد، پرسی پارەو داهات پرسێکی ڕۆژانەیەو بەقەومیکردن‌و بەمەزهەبیکردنی ئەو پێکهاتەی کەمینەیە سودی لێنابینێت‌و زیان دەکات، بەڵکو بەنیشتیمانیکردنی نەوت‌و داهات وادەکات هیچ پەرلەمانتارێکی عەرەب لەم بەغدادە بیانوی نەبێت سەنتێکتان لێ ببرێت، بەڵکو ئەتوانن هاوپەیمانی عەرەبتان زۆربێت بەمەرجێ بنەماکە قەوم‌و مەزهەب نەبێت، بەڵکو دادپەروەری‌و دەستوربێت، منیش دڵنیام کە بەم بیرکردنەوەی ئێستا ناگەین بەهیچ ئەنجامێکی نوێ.

ئەوە پەیامێکی گرنگ بوو، بەڵام کاتێک ستراتیژی                 بازرگانیکردن بێت بەخوێنی کوردو لەبەغداد ڕوفاتی ئەنفالەکانی خستبێته‌ مەزادەوە بۆ کۆکردنەوەی ملیاران دۆلاری زیاتر، بەناوی کوردو هەڵەبجەوە شه‌رعییەت بەتاڵانچێتی خۆیان بدەن، چۆن دەتوانێت دەستبەرداری گوتاری ژەهراوی قەومی ببن‌و لەپێناو هاوڵاتیانی کوردستانی عێراق، رێکەوتنێکی شامل‌و هاوسەنگ بکەن؟

ئەوەی ئەمرۆ بەسەر کوردستان دێت بەرهەمی ستراتیژی کوردایەتییە کە لەسەر خوێنی نەهامەتییەکانی هاوڵاتی ئاسایی بنەماڵەکان ملیاران دۆلاریان کەڵەکەکردوە، دەنا کەس نکوڵی لەماف‌و پشژی ئێمە ناکات‌و ناشتوانن بیکەن.

ئەم برسیکردنە دروستکراوە لەبەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانی‌و چەتەکانی تریش سودی لێدەبینن، بەڵام کاتێک هۆشیاری گشتی گەشتە ئاستێک ئەم چەتانە هیچ رۆڵێکیان نەمێنێ‌و خەڵک گوتاری قەومیی بەنەفرەت بکات، ئەوکات ئاسۆی چارەسەر رمان تێدەکات.

سەرکەوت شەمسەدین
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
۱۲ی جانیوەری ۲٠۲

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی