بەرهەم ساڵح چی دەکات؟

12/01/2021

حلمی رەسول رەزا

سەرەتا با لە لوغزی خودی ئەو پرسیارەوە دەستپێبکەم، کە زۆر جار لەناو سۆسیال میدیاو لەزمانی زۆر کەسی سیاسییەوە بەدەلالەتی جیاواز جیاواز دەبیسترێت و فرێدەدرێتە ناو خەڵکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ خاوەن پرسیارەکە، لای وایە دکتۆر بەرهەم کەسێکی جیاوازی ناو دنیایی سیاسی ئێمەیە بۆیە ئەو حەقە بەخۆی ئەدات لەناو هەموو ئەو سیاسیانەی ناوکایەی حزبی کوردی و عەرەبی، پرسیارە بەرەو رووی ئەو بکاتەوە، گەر دەوترێت پەیوەندی بەپۆستەکەیەوە هەیە، ئەی پێشتر هەر بەمەست و لە لوغزێکی تری سیاسییەوە باس لەوە نەکرا کە پۆستەکە تەشریفاتیەو هیچ دەسەڵاتێکی نییە! با لەوەش گەرێت مەبەستی پرسیارەکە چییە، بەڵام ئاخۆ ئەوەی ئەو پرسیارە ئەکات، بەحەقیانەتەوە  دادوەری لەوە کردوە کە لەوەتی دکتۆر بەرهەم بووە بەسەرۆک کۆمار چی کردوە و بەوردی چاودێری هەنگاوەکانی کردوە، یان  ئەو پرسیارە تەنها هەر بۆ ئەوەیە، لەپشتیەوە هەموو کێشەو گرفتەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، کوردو عەرەب، کێشەی ئابوری و نەبوونی مووچەو شتەکانی تریش گەر نەخاتە سەر شانی ئەوا بیکاتە بەشێک لەکێشەکان و بەوەش دکتۆر بەرهەم هاوتا بکەنەوە بەهەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی و حزبیانەی بوونە هۆکاری هەموو ئەو ئاڵۆزیانەی ئەمرۆ بەرەو رووی هەرێم و خەڵکیش بووەتەوە. 

  لە مێژووی ئیمپراتۆریەتی فارسیدا و بۆ توێژینەوە لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ئەو ئیمپراتۆریەتە  توێژەران زیاتر پشت بە سەرچاوە یۆنانیەکان دەبەستن؛ تاکە هۆکاریش ئەوەیە، یۆنانیەکان دوژمنی فارسەکان بوونە کەچی بەو پەڕی ئەمانەتەوە رووداوەکانیان تۆمار کردوە. دیارە ئەم رستەیە بۆ رووداوە مێژووییەکانی تریش هەر راستن، بەوەی کەم دەبینرێ کەسی رکابەر راستیەکە بە ئەمانەتەوە بگەیەنێ، کاتێ دەشی گەیەنێ ئەوا گومان لەسەر راستی و دروستی زانیاریەکە نامێنێ.

لە دەرەوەی کایەی حزبی کوردی و سیاسی کورد، کەبەداخەوە خۆیان تا بینەقاقایان لە کەموکورتی چەقیوەو هەر خۆشیان بەرپرسیاری دۆخەکەن، دکتۆر بەرهەم وەک کەسایەتیەکی سیاسی بیرتیژو چالاک و بەزموون سەیردەکرێت، جگە لەو رێزو پێگەیەی لەناو دنیای دەرەوە هەیەتی، تەنانەت عەرەبەکانیش؛ چونکە لەدەرەوەی حەسادەت و بوغزە سیاسییەکەی کورد وەستاون، لە سیاسی و حزبیەکانی خۆشمان باشتر کارەکانی هەڵدەسەنگێنن، ئەمرۆ یەکێک لە سەرکردە سیاسیەکانی شیعەکان بەناوی "بەها ئەعرەجی" پەردەی لەسەر ئەو راستیە لاداو ئاشکرای کرد سەرۆک کۆمار وەک سەربازێکی ون بە شەوو بە رۆژ سەرقاڵی ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێ و خواستی خەڵکی بەدی بێت. 

ئەگەر یەک تۆز بە وردی لەم کارە وورد بینەوە کە ئێستا سەرۆک کۆمار دەستی داوەتێ، ئەوە دەردەکەوێت یەکێک لەبنەماکانی دەوڵەتی دیموکراتی و گەرانەوە بۆ رای خەڵک  بریتیە لە پرسی هەڵبژاردن کە بەداخەوە لەدوای ٢٠٠٣ەوە خەڵکی عیراق خەونی پێوە دەبینن و بەدەست گەمە پێکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانەوە دەناڵێنن. 

ئێستا بەرهەم ساڵح، لە لوتکەی دەسەڵاتەوە داوا دەکات ، تەزویری هەڵبژاردنەکان بنەبڕ بکرێت و کاری بۆ کردوەو بەکردەوە سەرقافڵەی ئەم هەنگاوەیە، دەیەوێ لە جیاتی دەستخستنە بازاڕ و پاوانکردنی دەروازە سنوریەکان بۆ بەرژەوەندی حزب دەوڵەتداری بکرێت و داهاتەکان بچنەوە خزمەتی خەڵکی، دەیەوێ میدیا ئازاد بکرێت و چاودێرێکی راستەقینە بێت بەسەر حکومەتەوەو هەرجارەی خۆشی دەڵێ پێویست نەکات پارە بدزرێ و بدرێـتە میدیا بۆ ئەوەی پینەو پەڕۆی گەندەڵی و کەم و کورتی پێ بکرێت، دەیەوێ دادگا دەستی کراوە بێت لە موحاسەبەکردنی هەرکەسێک درامەتی وڵات بە فیرۆ دەدات، بەکورتی دەیەوێ حوکمی رەشید بچەسپێ، بەڵام هەموو ئەوانەی پێدەکرێت یان نا،  ئەو شتێکی ترە، هەرچەند زۆرجار بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە مەترسی لەسەر ژیانی خۆشی دروست کردوە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە خۆی هیچ کات بەشێک نەبووە لەو خراپەکاریانەی ئەم دۆخەیان دروست کردوە، نە منداڵ و کەسی نزیکی خۆی بەشداری بازرگانی و سیاسەت پێکردوە، نە خۆشی بەشێک بووە لەوەی هۆکاربێت بۆ تێکدان و ئاڵۆزی دۆخی کوردستان، بۆیە هەقە ئەوەی دەیەوێت بە لوغزی سیاسییەوە ئەو پرسیارە ئاراستەی دکتۆر بەرهەم بکات، لەپێشدا لە وێوە دەستپێبکات خۆ گەر ئەو ئەوکارانەشی بەهەر هۆیەوە وەک خۆی  بۆ ئەنجام نەدرابێت کە ئەمرۆ خەڵک چاوەرێی دەکەن، لەبەرامبەریشدا ئەوکارانەی ئەنجام نەداوە کە ئەم دۆخە خراپەی ئەمرۆیان بۆ خەڵک دروست کردوە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی