سیاسەت‌و کۆنترۆڵکردنی ژینگە

14/01/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

"سیاسەت"و "ژینگە" هەمان وێنەی درەخت‌و زەوییە لەکاری باخداریدا، وەک چۆن هەموو زەوییەک بۆ بەرهەمهێنان‌و درەخت چاندن دەستنادات، بەهەمانشێوە هەموو ژینگەیەک بۆ سیاسەت‌و سیاسەتکاری گونجاو نییەو بەئاسانی بێڵکاری! سیاسی تێداناکرێت، بەڵام هەم سیاسەت‌و هەم ژینگەیش دەتوانن کاریگەرییان بۆسەر یەکتر هەبێت. هەمیشە سیاسەت ئەو هێزە سیحریەیە کە هێزی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگاو تاکی گەلێک زۆرە. لەم هاوکێشەیەدا هەم سیاسەت دەتوانێت کۆنترۆڵی "ژینگە بەپێناسە کۆمەڵناسییەکەی" بکات‌و هەم ژینگەش دەتوانێت هەموو هێزی کۆنترۆڵکردنی سیاسەت بخاتە دەرەوەی خۆی.

ژینگە؛ بەهەموو ماناکانییەوە، لەخۆرئاواوە بۆ خۆرهەڵات، ناچونیەک‌و جیاوازە، هەندێک ژینگە کۆنترۆڵکردنی ئاسانە لایەن هێزی سیاسی‌و ئابورییەوە، بەڵام هەندێک ژینگەیتر هەمیشە تەقینەوەی ناوخۆیی هەیە دژی ئەو هێزانەی دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت بگوترێت ئەسڵەن ئەوەی لەخۆرهەڵاتدا هەیە ژینگەی تەواونییە یان زەرووریەتی مرۆڤایەتی نەیخوڵقاندووە، بەپێچەوانەی ژینگە خۆرئاواییەکەوە کە لەژینگە گشتییەکەوە تاکو ژینگەی خێزان‌و ژووری تاکەکان ژینگەیەکە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن هەر هێزێکی دەرەکییەوە چ هێزی دینی مەسیحیەت‌و کاسۆلیک‌و پرۆتستانت‌و ئیسلام بێت، یان چ هێزێکی ئابووری‌و سیاسی بێت، کۆنترۆڵکردن‌و تەسلیمبوونی ئەستەمە.

ئەگەر سیاسەت‌و پارتایەتی کۆنترۆڵی ژینگەی گشتی کردو لەژینگەی گشتییەوە شۆڕبووەوە بۆ ژینگەی خێزان‌و تاک، ئەوا تەواوی هێزە دینی‌و ئابووری‌و وەرزشی‌و...هتد، دەبنە موڵکی سیاسەت‌و هەموویان دەچنەژێر ڕکێفی ئەم هێزە سیاسییەوە. کۆنترۆڵکردنی ژینگە بەهێزی ئاینی‌و حیزبایەتی لەئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست‌و کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەدا کۆتاییهات، لەفەرەنسادا ئیمانوێڵ کانت‌و هاوڕێکانی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەڕزگارکردنی ژینگە هەبوو لەدەسەڵاتی دینی مەسیحیەت‌و دادگاکانی پشکنین‌و دواتر گوازرایەوە ئەڵمانیاو پاشان بۆ وڵاتانیتری ئەوروپی، بۆیە لەو مێژووە بەدواوە کۆنترۆڵکردنی ژینگە لەئەوروپادا لەلایەن هەر هێزێکی سیاسی یان دینی یان ئابوورییەوە ئەستەمە، بەڵکو دوو هێزیتر نزیکەی لەوەی ژینگەی ئەوروپی داگیربکات وەرزش‌و سێکسە.

لەژینگەی خۆرهەڵاتیدا، ئاسانترین شت بۆ کاری پارتایەتی‌و بەردەوامی سیاسەت، کۆنترۆڵکردنی ژینگەیە بەسیاسەت. لەخۆرهەڵاتدا وەک خۆرئاوا نییە تائەندازەیەک هێزی ئابووری‌و سیاسەت دووربن لەیەکترو تێکەڵ نەبووبن، بەپێچەوانەوە لەخۆرهەڵاتدا هێزی سیاسی لەهەر وڵات‌و ژینگەیەکدا لای هەر هێزو چەند پارتێک بوو، ئەوا هێزی ئابووری ئەو ژینگەیەش لەلای ئەو پارتانە دەبێت، بۆیە زۆرجاران دەبینین لەخۆرهەڵاتدا ئەگەر حیزبەکان بەهێزی سیاسی نەتوانن کۆمەڵگاو ڕووبەری ژینگە گشتییەکە داگیربکەن ئەوا هێزی ئابووری دەخەنەگەڕ لەبرسیکردنی تاک‌و میللەتدا، لەم ڕێگەیەوە وادەکرێت لەمیللەت‌و موچەخۆرو فەرمانبەران کە چاویان لەدەستی حیزب بێت نەک دەسەڵاتی دەوڵەت‌و حکومەت.

لەعیراق‌و هەرێمی کوردستاندا، ژینگەی گشتی‌و ژینگەی خێزان‌و تاک، کۆنترۆڵکراوە بەسیاسەت، هەموو مەجلیس‌و دانیشتن‌و بەرنامەیەک قسە لەسەر سیاسەت‌و ئابووری‌و موچەیە، چونکە عیراقیش بەوپێیەی لەناو ژینگە خۆرهەڵاتییەکەدایە، هێزی ئابووری وڵات لەلای حیزبەو موچەخۆران چاویان لەپارتەکانە موچەیان بداتێ نەک دەسەڵاتی دەوڵەت، لەم بارەدا دەبینین کە دەسەڵات هێزی ئابووری کۆنترۆڵکرد وەک سەرچاوەی موچەی هاوڵاتیان ئەوا بەسیستماتیکانە توانیویەتی کۆنترۆڵی کۆمەڵگاو ژینگەی گشتیش بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی