ڤیستیڤاڵی بەبازاڕکردن لەگەرمیان،هەنگاوێک بۆ بوژانەوە

22/01/2021

سەرکۆ یونس


لەم ڕۆژانەدا و لەناوەندی ئیدارەی گەرمەسێر،بەهاوکاری یەکێتی هاوردەوناردنکارانی کوردستان،یەکەمین ڤیستیڤاڵـــی بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی، بەبەشداری نزیکەی(125)کۆمپانیا و (150)خاوەنکاری ناوخۆیی و چەند کۆمپانیایەکی تورکی و ئێرانی، دەستی پێکرد وماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت.

لەم بارودۆخە نالەبارەی قەیرانی دارایی و ئابوری کوردستاندا،ئەم هەنگاوە، زۆر جێگای خۆیەتی و شیاوی دەستخۆشی کردن و پاڵپشتیکردنی هەموو لایەکە بەگشتی و لایەنی حکومی بەتایبەتــی.

ئابوری هەرێمی کوردستان،بەبارێکی نەخوازراوی دارایی و ئابوریدا گوزەر دەکات،هەر چالاکییەکی بازرگانی و ئابوری، کاریگەری تایبەتی هەیە، لەسەر ژیان و بژێوی و بەدەستهێنانی داهات، بۆ چینێک لەخاوەن بەرهەمی ناوخۆیی، هەنگاوێکی بەجێ یە و ئومێدێک لەنائومێدی ئەم قەیرانەدا دەڕوێنێت.

بەرهەمەخراوەڕووەکانی یەکەمین ڤیستیڤاڵی بەبازاڕکردنی گەرمیان،پێکدێن لە بەرهەمی سروشتی خۆراک وخواردەمەنی و بەرهەمی کشتوکاڵی ومیوە، کاری دەست و کتێب و شیرینی و شیرەمەنی و پاککەرەوە و هەنگەوانی و جلوبەرگ،چەندین بابەتی تر.شیاوی باسکردنەوە نزیکەی (75%) بەرهەمەکان خۆماڵین.

ئەوەی کەگرنگە لەم ڤیستیڤاڵــەدا، بۆ یەکەمجار نزیکەی (13) بڕاندی کاڵاوشمەک، بەشداریان کردووە وبەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.

زۆر گرنگە، بەشداربووانی ئەم ڤیستیڤاڵە،شمەک وکاڵاکانیان بەپێ ی بارودۆخی دارایی کڕیاران دیاری بکەن،بێ گومان باشی و چۆنیەتی کاڵاکان، کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر زیادبوونی خواستی سەردانیکەران.

ڕێـــژەی بێکاری، لەهەرێمدا بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و ڕاگرتنی بودجەی وەبەرهێنان و دەرئەنجامەکانی کۆرۆناڤایرۆسەوە، بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی (40%)ی دەستی کاری هەرێم.لەبەرئەوە ئەم ڤیستیڤاڵە گرنگە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، بۆ هەندێ لەگەنجان و بێکاران بەگشتی و چینی گەنجانی خاوەن بڕوانامەی بێکار بەتایبەتی، بەپێ ی زانیاریەکان، توانراوە هەلی کار، بۆ نزیکەی (500) گەنجی ناوچەکە، لەهەردوو ڕەگەز دەستەبەر بکات، هەرچەندە کاتیش بێت.

بەئومێدی بەردەوامی زیاتر بۆ ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە،لەزۆربەی شارو دەڤەرەکانی تری کوردستاندا، تالەڕێگەیەوە ئابوری هەرێم، ئاهێکی بەبەردا بێتەوە و هەنگاوێک بێت، بۆ بوژانەوەی دوای بێ بازاڕی.

*ئابوریناس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی