کەلەبچەکردنی ئازادی

18/02/2021

مەریوان عەبدوڵا

ئەوەی لە رابردوودا زۆربەمان شانازیمان پێوە دەكرد و زۆرجار لەبەرچاوی وەفد و لێپرسراوانی باڵای وڵاتان خؤمانی پێوەی هەڵدەكێشاین و وەك دەستكەوتێكی کەم وێنە  لێی دەڕوانین و دەیفرۆشینەوە بە خؤمان و دونیای دەرەوە , ئەو کەمە ئازادی رۆژنامەوانی و پانتایی رادەربرین و بیروڕای جیاوازەیە كە لەم رؤژانەدا ئەویشیان لەژێر ناوی پاراستنی پێگەو پایەی دەستەڵاتە لەرزۆکەکەمان لە باربردو ئەو شانازییە کەمەشمان لە دەستدا كە ساڵانێك بوو خۆمانمان پێوەی با دەدا  .

سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بواری مافەكانی مرۆڤ و توندكردنیان لە زیندان بە پاساوێکی نەسەلمێنراو لە سادەترین  لێکدانەوەدا گوزارشتکردنە لەو ماڵە وێرانەیەی کە چەند ساڵێکە  بەناوی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بنیاتمان ناوە و هاوشێوەی زۆرێك لە لایەنەكانی تری ژیان وێرانەیە و خاڵییە لە ھەموو دادپەروەرییەک و بنەما نێودەوڵەتییەکان ، بەھەموو پێودانگێک یٔەمەی دەگوزەرێت هەنگاوێكی ترە بەرەو دواوە و خوڵانەوەیە بە دەوری تاریکیدا .

 کاتێک زیندان دەبێتە شوێنی کەسانێک کە ملوانکەی تۆمەت بەزۆر دەکرێتە ملیان، دەبێت ئەو چاوەڕوانییەمان ھەبێت لەمەودوا لە پنتێکی فراوانی ئەم هەرێمەی خۆمان شتێكی ئەوتۆ نامێنێت بەناوی ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانی و رێزگرتن لە مافەکانی مروۆڤ,  بەڵکو  وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت پلانێکی رێکخراو لە ئارادایە بۆ بێدەنگ کردنی کۆمەڵگەو چاوسورکردنەوە و ھەڕەشەی زمان بڕین و زیندانی کردنی ھەر کەسێک کە بیەوێت بێتە گۆ لە یٔاست نادادی و خستنەڕووی  راستییەکان و ئاشکراکردنی کەڵێن و کەموکورتییەکان، ئەوەی روودەدات پەیامێکی روونی گروپێکە لە نێو دەسەڵاتی کوردیی بۆ ھەموو خەڵک بەگشتی و بەڕەھایی بۆ رۆژنامەوانان و نوسەران و رۆشنبیران و چالاکوانان ، پەیامێک کە پیمان دەڵێت: ئەگەر یٔەو سنورە دەستکردەی بۆ کاری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین رەنگ رێژمان کردووە تێیپەڕێنن ھەمان چارەنوس چاوەڕێی ئێوەش دەکات.

 سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و توندکردنیان لە زیندان ، جگە لەوەی  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رەوشی مافەکانی مرۆڤ پاشەکشێ و زیانی  گەورە  بە نێوبانگی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت ، ھاوکات ئەو تۆزە ئازادییەی کە پێشتر هەبوو كرایە قوربانی پێگە و ویستی كەسی و قایمكردنی پایەكانی بەناو حکومەت و دەسەڵاتی كوردی , ئەو دەسەڵاتەی بە هەزاران رۆڵەی چاونەترسی ئەم نیشتیمانە رۆژانێک بوو لە دژوارترین دۆخدا بە ئومێدی بەدیهێنانی خەونی میلەتەكەیان بەگژ دڕەندەترین دوژمندا چونەوەو  چەوساندنەوەو ژێر دەستەییان قبوڵ نەکرد و خۆیان خستە بەردەم پەتی سێدرارە و گوللەی دوژمانی كورد و بەگیان و خوێنی خۆیان سنور و نەخشە و مێژووی کوردیان نوسییەوە, بەڵام کاتێک  دەبینین لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی و لەکاتێکدا ئازادی رادەربڕین سادەترین مافی مرۆڤەکانە لەسەر ئاستی دونیا رۆڵەی کورد بەدەستی کورد دەچەوسێندرێتەوە و  بە ناڕەوا دەخرێتە کونجی زیندان، مافی خۆمانە بپرسین یٔایا  یٔەوانەی ژیانیان کردە قوربانی بۆ دوا رۆژی  نیشتیمانەکەیان، خەونیان بەبەدیھێنانی وەھا رۆژێکەوە دەبینی؟ وابزانم وەڵامەکە  بۆ ھەموومان روونە لە ھەر گۆشەیەکەوە سەیری بکەیت و ھەر لێکدانەوەیەکی بۆ بکەیت تێدەگەیت ئەوەی روودەدات کەلەبچەکردنی ئازادییە بە رۆژی رووناک و بەرتەسککردنەوەی تەواوی ئازادییەکانە لەم ھەرێمە بەناو دیموکراسییەی خۆمان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی