دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکانی جەنگ لە ڕوانگەی شرۆڤەکارێکی پێشووی سی ئای ئەی (CIA)

51 خولەک پێش ئێستا

وەرگێڕان لە فارسیەوە/ حەمەدەمین سلێمان .سەرچاوە/ یورونیوز فارسی

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ڕەنگە لێکەوتەکانی زۆر بەرفراوانتر بن لەزیانی سەربازی و ئابووری و لەوانەیە سەربکێشێت بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت سیستەمی نێودەوڵەتیشدا.

کێنت پۆلاک، جێگری بەڕێوەبەری سیاسەت لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن و شرۆڤەکاری پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە، لە وتارێکی شیکاریدا کە لە 19ی ئۆکتۆبەردا لە گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریکی "فارن پالیسی" کە گۆڤارێکی ناسراو و تایبەتمەندە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باس لەوە دەکات کە ڕەنگە شەڕی ئێران ببێتە وەرچەرخانێکی مێژوویی کە هێشتا دەرئەنجامە ستراتیژییەکانی بە تەواوی ئاشکرا نەکراون.

وڵاتانی کەنداو لە بەرگرییەوە دەگۆڕێن بۆ هێرشکردن بەپێی نوسراوی فارن پالیسی، یەکێک لە وانە گرنگەکانی شەڕ بۆ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی ئەوە بووە کە تەنانەت سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو ناتوانێ گەرەنتی ئاسایشی ئابووری و ژێرخانی ئەوان مسۆگەر بکات . پۆڵاک ڕوونیدەکاتەوە کە سیستەمی بەرگری ڕۆژئاوا توانیویانە نزیکەی لەسەدا 90ی مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ڕابگرن، بەڵام ئەو لەسەدا 10ی کە بەو سیستەمانەدا تێپەڕیون، زیانی مادی و بەتایبەتی دەروونیی و ئابووریی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە. بە بۆچوونی ئەو، ئابووری وڵاتانی کەنداوی فارس لەسەر ئەو بیرۆکەیە بنیات نرابوو کە ناوچەکە دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان، بازرگانیی، گەشتیاریی و بەرهەمهێنانی وزە؛ بیرۆکەیەک کە هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانی ئێران بە توندی لاوازیان کردووە. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتانی ناوچەکە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە "باشترین بەرگری هێرشکردنە".

سعوودیە، ئیمارات، قەتەر و کوەیت لە دۆخی کڕین یان پەرەپێدانی توانا درۆنیی و مووشەکییەکاندان تا بتوانن سەرباری بەرگری، بە هێرشی پێچەوانە هەڕەشە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پۆڵاک هۆشداری دەدات لەوەی کە پەرەپێدانی ئەو توانایانە مەرج نییە ببێتە هۆی ڕێگرییەکی بەردەوام و ڕەنگە زەمینە خۆش بکات بۆ قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە مووشەکیی و درۆنییەکان لە نێوان ئێران و دراوسێ عەرەبەکانیدا .

ڕەنگە چین ناچار بێت ئامادەیی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت پولاک دەنووسێت کە پەکین لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لەو سەقامگیرییە سوودمەند بووە کە بە پلەی یەکەم لەلایەن هێزی سەربازیی ئەمریکاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابین کراوە، بێ ئەوەی خۆی بەرپرسیارێتییەکی ئەوتۆی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە ئەستۆ گرتبێت. بەڵام ئەو شەڕەی دوایی سنوورەکانی کاریگەری و نفووزی چینی ئاشکرا کردووە. سەرەڕای پەیوەندییە فراوانە ئابوورییەکانی پەکین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، چین نەیتوانیوە هاوبەشەکانی خۆی لە هێرشە سەربازییەکان بپارێزێت یان کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر ڕەوتی جەنگەکە هەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی نووسینەکەی پولاک، چین تا نیوەی نەوتی هاوردەکراوی خۆی لە ناوچەی کەنداوەوە دابین دەکات و قەبارەی بازرگانییەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە ساڵانە 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

فارن پالیسی ئەگەری ئەوە دادەنێت کە ئەو ئەزموونە پەکین ناچار بکات پێداچوونەوە بە ستراتیژیی ئاسایشی خۆیدا بکات و چین بەپێی کات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و وزەیییەکانی خۆی، توانای ئامادەیی و سه‌پاندنی هێزی سەربازی لە کەنداو و باکووری دەریای عەرەب فراوان بکات. پۆلاک پێی وایە گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگیی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا . ئیسرائیل بەرەو ستراتیژی شەڕی هەمیشەیی هەنگاو دەنێت نووسەری فارن پالیسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باس لە گۆڕانی تیۆری بەرگری ئیسرائیل دەکات لە دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023. بە گوتەی پۆلاک، ئیسرائیل وردە وردە شوێن ستراتیژیەتێک دەکەوێت کە شێوازی بەرگری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بیردەخاتەوە: دانانی ناوچەی پارێزەر (بەربەست) لەسەر سنوورەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام لە دەرەوەی ئەو ناوچانە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەڕەشەکانی داهاتوو. بەپێی ئەو شیکارییه ئیسرائیل له ڕێگەی دروستکردنی ناوچەی پارێزراو له غەززه ، لوبنان، سوریا و بەردەوامبوونی ئۆپەڕاسیۆنه سەڕبازییەکان هەوڵ دەدات ڕێگری له بنیاتنەوەی توانا سەربازییەکانی گرووپ و هێزه دوژمنکارەکان بکات . بەڵام پۆلاک هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبوون لە ستراتیژێکی لەو شێوەیە باجی قورسی مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێت و ئەگەری هەیە لەگەڵ پێکهاتەی ئابووری ئیسرائیلدا، بەتایبەتی کەرتی تەکنەلۆژی و داهێناندا ناکۆک بێت.

ئەو هەروەها پێی وایە بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەناو وڵاتانی دراوسێدا ڕەنگە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕۆژاوا بە تایبەت ئەمەریکا زیاتر لەپێشوو لاواز بکات .

ئایا شەڕ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ناوچەیی ئێران؟ گرینگترین بەشی شیکاریی پۆلاک تەرخانکراوە بۆ ئەگەری ئەوەی کە شەڕێک ئامانج لێی لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران بێت، دواجار ببێتە هۆی بەهێزبوونی کاریگەریی ستراتیژیی تاران. بە پێی نوسینی ناوبراو، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی بە توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران گەیاندووە و ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەشی دواخستبێت، بەڵام ئەو دەستکەوتە سەربازییانە بە مانای کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران بۆ کاریگەری لەسەر گۆڕانکاریەنی ناوچەکە نایەت. پۆڵاک پێداگری دەکات کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەوڵە سەرنەکەوتووەکەیان بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران، یەکێک لە گرنگترین بەربەست (ڕێگریی) ەکانی بەردەم تارانیان لە ڕابردوودا لاواز کردووە.

ئەو پێی وایە عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هەڵوێستە دژە ئەمریکاییەکانی، لە بڕیارە سەربازییەکان وریاتر بوو و خۆی لە پەرەسەندنی ئەو ململانێیانە بەدوور دەگرت کە دەیتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی حکوومەت. بەڵام لە هەڵسەنگاندنی نووسەردا، سەرکردایەتیی ئێستای ئێران ڕێبازێکی شەڕانگێزتری هەیە و ئامادەیی زیاتری قبوڵ کردنی مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕی هەیە. بە بڕوای پۆڵاک، شەڕەکە دوو ڕاستی ستراتیژی بۆ تاران ڕوون کردووەتەوە: یەکەم ئەوەیە کە ئێران دەتوانێت بە هەڕەشەکردن یان سنووردارکردنی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمزدا فشارێکی گەورە بخاتە سەر ئابووری جیهانی؛ دووەم ئەوەیە تەنانەت هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکان بە زیانێکی ماددیی سنوورداریش دەتوانێت باجێکی ئابووری و ئەمنی قورس بەسەر وڵاتانی کەنداوی فارسدا بسەپێنێت.

فارن پالیسی هەروەها هۆشداری دەدات کە شەڕ ڕەنگە بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران سەختر بکات و ڕێبەرانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە لە ڕابردوو بەو ئەنجامە بگەیەنێت کە دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتووی ئەمریکا. فاکتەرێکی دیکەی گرنگ بەپێی نوسینەکەی پۆڵاک، هاریکاریی تاران لەگەڵ مۆسکۆ و پەکینە. ئەو دەڵێت، ڕووسیا و چین لە کاتی شەڕدا لەباری سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانیی، پارچەی مووشەکیی و درۆنیی و زانیاری ئامانجدار هاوکاری ئێرانیان کردووە؛ هاوکارییێک کە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهێنانی هاوبەشییەکی ستراتیژیتر لە نێوان ئەو سێ وڵاتەکەدا .

هۆشداری سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی شەڕەکە پۆڵاک لە پوختەی وتارەکەیدا هۆشداری دەدات لەوەی کە پێوەر بۆ سەرکەوتنی ئەمریکا لە شەڕدا نابێت تەنیا ڕادەی لەناوبردنی دامەزراوە و کەرەستەی سەربازیی ئێران بێت. بە بۆچوونی ئەو، ئەگەر شەڕەکە بەبێ سنووردارکردنی کاریگەری توانای تاران بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداوی فارس کۆتایی پێبێت، ڕەنگە ئێران سەرەڕای زیانێکی سەربازیی قورس پێگەیەکی ناوچەیی بەهێزتر لە پێش شەڕەکە بەدەستبێنێت. نووسەری فارن پالیسی جەخت دەکاتەوە کە هیچ یەک لەو گۆڕانکارییانە یەکلاکەرەوە نین، بەڵام هێماو نیشانەکانیان ئێستاش دیارن و پێویستە واشنتۆن پێش لێکەوتە درێژخایەنەکانی شەڕەکە، خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ئامادە بکات .









Kamal

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی