ڕمبژنی کاتیۆشا و ڕنگژنی کوتکی حاکم!

19/02/2021

ئارێز عەبدوڵلا

سەرەتای هەفتەی ڕابردو هەواڵی دوو ڕووداوی شاری هەولێر، نەک هەر کوردستان بگرە جیهانیشیان تەنیەوە: 
هەواڵی یەکەم، کاتیۆشابارانکردنی هەولێر بوو. ئەو ڕووداوە لە کاتێکدایە دەیان پرسیار دەوروژێنێ، کێ بوو؟.. بۆچی؟.. چیتر؟.. تاکەی؟.. من نامەوێ لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، بەئومێدی ئەوەی دەزگاکانی ئاسایش بگەنە بنج و بناوان و سەرچاوەی ئەو دەستدرێژیە تاوانکارانەیە و حکومەت و لایەنە سیاسیەکانیش وەڵامی مەسیجە سیاسیەکەی بدەنەوە. 
دووەم هەواڵ حوکمدانی پێنج چاڵاکی مەدەنی و رۆژنامەنوس. زایەڵەی ئەو ڕووداوەش لە زایەڵەی ڕووداوی یەکەم کەمتر نەبوو. ئایا بۆچی؟.. بۆ لەم کاتە؟.. تاکەی؟... ئەو دوو هەواڵە لە ناوە و دەرەوە بایەخی زۆریان پێدرا و هەر لایەنێکیش لە ڕوانگەی خۆیەوە لێکدانەوەی بۆ کردن، بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان کاریگەریەکانیان یەک لەوەی دی مەترسیدارترن. 
ڕەنگە پرسیار بکرێ چۆن دەکرێ مەترسیەکانی حوکمدانی شەش گەنجی ئەم وڵاتە بەقەد ڕۆکێتبارانکردنی رەشۆکی هەولێربن؟ 
لە وەڵامدا دەڵێم: 
١- بۆ ڕۆکێتباران کردن یوئێن و ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا... عێراق و زۆربەی وڵاتانی دونیا دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردەوە و هەندێکیشیان هەڕەشەی گەورەیان لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کردوە، کەواتە ئەگەر ئەو ڕووداوە بۆ ئەو وڵاتانە ئەوەندە گەورەبێ، دەبێ بۆ خەڵکی کوردستان چ پێشهاتێکی مەترسیدار بێ؟
 ئەو ڕووداوە بۆمان دەسەلمێنێ کە یەکەم: مەترسیەکی دەرەکی گەورە لەسەر هەرێم و بۆشایەکی ئەمنی ناوخۆش هەیە، کەواتە بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسی و بۆشاییە  پێویستمان بە سیاسەت و پلانێکی نیشتمانی ورد و فراوان هەیە.
هەرچی مەترسیەکانی رووداوی دووەمن لە دوو خاڵدا دەردەکەون، یەکەم: پێشهاتێکی تری مەترسیدارە لەسەر ئازادی دەربڕین و راگەیاندن، لەوەش زیاتر پێشێلکردنی یاسا بەرکارەکانی ئەو بوارەی هەرێمن. دووەم: نەمانی شکۆی دادگا و سەرەوەری یاسا. ئەو مەترسیەش ناوخۆییە و ئەگەر لە لایەک مۆرانەی ناو دامەزراوەی دادوەری بێ، لەلایەکی دیکە شاباشی ئەو دامەزروەیە بۆ تۆتالیتاری و سیستەمێکی نەگونجاوە لەگەڵ هەلومەرجەکانی سەردەم.
 ڕمبژنی کاتیۆشاکان و ڕنگژنی کوتکی حاکم زۆر گەورە و هەردووکیان مەترسیدارن. دەڵێم حاکم ناڵێم دادوەر، چونکە مانای ئەو دوو وشەیە زۆر جیاوازن. دادوەر دەبێ داد بدا و بەسەروەری یاسا بپاریزێ، بەڵام حاکم بەڕێنمایی بڕیار دەدا!
 هەردوو ڕوداوەکە دوو مەترسی گەورەی ناوخۆی و دەرەکین لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر مەترسیە ناوەخۆیەکان نەبن، ئەوا دەتوانین بەرگەی مەترسیە دەرەکیەکان بگرین. 
‌هێشتا چاومان لە دادگای تێهەڵچونەوەیە و ئومێد دەکەین فاتیحە بۆ گیانی پاکی سەروەری یاسا و دادوەری نەخوێنین.
(ڕمبژن دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە. ڕنگژن: دەنگی لێدانێکی گەورەی وەڕسکەر)

بەپەلە