سەروەری قانون‌و دادگاکان (کەیسی دادگاییکردنی بەندکراوەکانی بادینان)

20/02/2021

ئاری محەمەد هەرسین

هەندێک کەس لەبادینان گیراون، هەندێک پرسیار بەمێشکی ئینساندا دێن‌و ئەچن… ئەمانەی گیراون کێن‌و لەسەر چی گیراون؟… ئایا ئەمانەی گیراون بێ تاوانن؟… جاسوسیان  کردوە؟… ڕقیان لەئیدارەی پارتیە لەبادینان‌و لایەنێک تەحریکی کردون؟… کێ ئەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە؟

لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا ئینسان ئازادە ڕقی لەحیزبێکی دیاریکراوی ڕێگەپێدراوی ئەم هەرێمە بێت یان خۆشی بوێت، بەڵام هیچ هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆی نییە جاسوسی میتی تورکی، پەکەکە، ئیتڵاعاتی ئێران، مۆسادو سی ئای ئەی بێت، لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە یان هەر ئیمتیازاتێکی تر. جاسوسیکردن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمان گەورەترین شانازیە، بەڵام جاسوسیکردن لەدژی میللەت‌و سەروەری نیشتیمانی پیرۆزی کوردستان خیانەتە.

ئێستا باس لەلایەندارێتی دادگا‌و نەبوونی سەروەری قانوون ئەکرێت، خەڵکێک داکۆکی لەڕۆژنەمانوس ئەکەن، کە گومان لەپیشەیی بوونیان ئەکرێت، خەڵکێک داکۆکی لەچالاکوانی مەدەنی ئەکەن کە هەندێکیان چالاکوانی مەدەنی نەبوون. ئایا مامۆستایەکی ناڕازیی‌و گومانلێکراوک ئەبێت بەیەک چاو سەیر بکرێن‌و معامەلەیان لەگەڵدا بکرێت؟… زۆر سەیرە ئەم برادەرانە بەراوردێک لەنێوان هەرێمێکی کوردستانی عێراق (میللەتێکی بێ دەوڵەت)و ئەمریکاو ئەوروپای قیبلەی دیموکراسی (لەلای هەندک کەس) ناکەن، لەکاتێکا ئەمەریکاو ئەوروپا لەجەنجاڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناژین… لەکاتێکا ئەوان هەزار ئەوەندەی  حوکمڕانیەکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست توندن (سەیرێکی معامەلەی لایەنە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتانە بکەن لەگەڵ خۆپیشاندەران، کاتێک سنوور تێدەپەڕێندرێت). ئەو ئەفەندیانەی بەدیموکراسیەکەی ئیسرائیل موعجیبن، عەجەبا  نازانن کۆڵەکەی دیموکراسیەکەی جولەکە لەسەر سوپاو مۆسادی ئیسرائیلی وەستاوە (نەک پارلەمان) کە هیچ کەس بەئەندازەی ئەوان توند نییە، هەم بەرامبەر عەرەب‌و هەم بەرامبەر جولەکەی خۆیان. هەر دیموکراسیەکەی ئیسرائیل نییە مناڵانی غەززە توینی‌و برسی ئەکات؟… نیشتیمان لەسەر بنەمای بەفرو هەورو خۆشخەیاڵی بنیاد نانرێت، حوکمڕانی، قەسیدەو پارچە مۆسیقاو ڕۆمان نییە. حوکمڕانی موجامەلەو ڕازیکردنی دڵی هەموان نییە. حوکمڕانی تێ خوێندنەوەی بەرژەوەندی گشتی‌و جورئەتی بڕیاردانە، نەک خۆ مەحبوبکردن.

سەیر لەوەدایە، هەندێک لایەنی سیاسی کە ساڵەهای ساڵ بەشداربوون لەحوکمڕانی ئەم وڵاتە، ئێستا باس لەسەروەری قانوون ئەکەن‌و داوائەکەن، متمانەی دادگا لای هاوڵاتیان بپارێزرێت. کەوابێت لەهەشت کابینەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق سەروەری قانون، بێلایەنی دادگاو متمانەی خەڵک بەناوەندەکانی دادوەری هیچ عەیبی نەبوە؟… عەجەبا کابینەی نۆهەم تاکە هۆکاری گەندەڵی، دادوەری ترسنۆک‌و ڕشوەخۆر (هەروەک ئەمانە دەڵێن)، سیاسەتمەداری بازرگان، دوو ئیدارەیی، پارلەمانی بێدەسەڵات‌و چی‌و چی بوە؟… عەجەبا ئێمەی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ‌و یەکگرتوو، هەر هەمومان عەیب‌و عارمان نەبوەو دیموکراتخوازبوین‌و وەزعی ئێستای کوردستان خەتای پیاوە ئەمنیە توندەکە، مەسرور بارزانییە؟… ئینجا خۆ ئەگەروابێت چارەسەر زۆر ئاسانەى: مەسرور بارزانی لەسەر حوکم لا بدە ن کوردستان ئەبێتە شامی شەریف…! 

من جوابی ئەو پرسیارانە نازانم کە لەپێشەکی ئەم گوتارەدا هاویشتمەسەر پەڕە، چونکە نە بەشداربووم لەپڕۆسەی لێکۆڵینەوەداو نە بەڵگەکانیشم بینیوە، بەڵام بایی ئەوەندە ئەزانم کە ئەوانەی خۆیان کردۆتە پەرچەمدارو محامی دەستگیرکراوەکانی بادینان، دڵیان بەبادینان ناسوتێ‌و باشیش ئەزانن هەندێک لەوانەی دەستگیرکراون ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانی مەدەنی نین (بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوبونەتەوە). حەقوایە ئینسان جورئەتی هەبێت‌و ڕاشکاوانە قسە بکات، نەک دەسگیرکراوەکانی بادینان بکاتە وەسیلەو بەکاریان بهێنێت بۆ دژایەتیکردنی ئەم کابینەیە یانیش پارتی دیموکراتی کوردستان. بەکارهێنانی فرمێسکی پاک‌و بێگەردی منداڵێک لەدووری باوکی دوورە لەئەخلاقی ئینسانیەوە. دواجار داواکردن لەسەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی بەندکراوەکان ئازادبکات، دەستتێوەردان نییە لەکاروباری ناوەندی دادوەری؟ چۆن ئەبێت سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی گۆڕینی بڕیاری دادوەری هەبێت؟… 

هیوادارین دادگای پێداچوونەوە، بەجورئەتەوەو بەوردی بەسەر کەیسی بەندکراوەکانی بادیندا بچێتەوەو لەناویاندا تاوانبارو بێتاوان لێک جیابکاتەوە. لەئەنجامی دوابڕیاریشدا، پێویستە بەڵگەکان لەسەر ئەوانەی تۆمەتیان بەسەردا ساغبۆتەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە، نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی حکومەت، بەڵکو بۆ ئەوەی گومان لەسەر دادوەرە بەڕێزەکان لای هاوڵاتیان نەمێنێت، چونکە دواجار دادوەرەکان تەنیا کەسانێکن کە دەکەونە بەر توانج‌و ڕەخنەی گەل‌و کەسی تر نا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی