تاعونی ئینشیقاق

21/02/2021

فوئاد سدیق

لەو ڕۆژەوەی حزبی سیاسی لەكوردستان دروستبووە، تۆژینەوەی وردو قووڵی زانستی لەهۆكارە فیكرییەكانی دروستبوونی حزب نەكراوە، ئەگەر لێرەو لەوێش شتێك هەبووبێ، بەپێی پێویست نەبووە. بەنەبوونی بنەمایەكی فیكری قووڵ‌و پتەو، زۆرترین ئاڵۆزی نەك تەنیا لەناو بنكردایەتی، بەڵكو لەناو سەركردایەتی حزبەكانیش هاتوونەتە ئاراوە.

ئیتر حزب تەنیا لەستراتیژی نەتەوەیی‌و نیشتمانی لاینەداوە، بەڵكو لەتاكتیكی سیاسی ڕۆژانەشیدا تەواو هەڵگەڕاوەتەوە، ئەم ئاڵۆزییە ڕەنگی بەسەر حزبی شۆڕش‌و حزبی رزگاریدا پەخشكردبوو، بەجۆرێك تائێستاش میراتی ئەو ئاڵۆزییە نەك هەر بەردەوامە، بەڵكو رۆژ لەدوای رۆژ بەهەڕمێنتریش دەبێت. ناپرسین ئەرێ كوڕگەلینە یەكێتی نیشتمانی لەبەرچی جیابووەوە؟، فەلسەفەی جیابوونەوەكەی چی بوو؟ ئایا هەر لەبنەڕەتدا حزبەكان خاوەنی هیچ فەلسەفەیەكن؟ ئەی باشە ئەم هەموو ناكۆكییە ناوخۆییە چی بوون كە لەناو پزدانی خۆیدا هێنایی‌و تائێستاش بەردەوامە...؟ ئەی باشە كوڕگەل، حزبی سۆسیالیست‌و ھەردوو یەکبوون‌و بزووتنەوەی گۆڕان  بۆچی‌و بەچ ئاقارێك جیابوونەوەو ئێستا لەچ ئاقارێكدان؟ ئەم هەموو جیابوونەوەیە بۆچی وەك كاروانسەرا ملی رێگایان گرتووە؟ بۆچی حزبی سیاسی وا زوو هەڵدەبن‌و هەڵدەچن؟ بۆچی بۆشایی نێوان هەڵبوون‌و هەڵچوونیان  تەنیا بەرەبەیانێكە، نا ببوورن سەرخەوێكە، لەیەكەم خەوبینیندا، دۆخەكە تەواو  بەرەواژی دەبێتەوە؟ گوناهە، زۆر گوناهە ئەم هەموو خەڵكە ڕەش‌و ڕووتە  دەگەوجێندرێ‌و كەچی حزبەكان وەك بەرزەكی بانان وەك بڵێی نە بایان دیتبێ‌و نە باران، بە تاو بۆی دەردەچن.. نازانم ئەم هەموو سیناریۆیە پڕ لەگاڵتەجاڕییە تاچەند ساڵی دیكە، یا تاچەند سەدەی دیكە دووبارەو سەد بارە دەبێتەوە، بەڵام ئەوەندە دەزانم، ئیتر تۆژینەوەی وردیان لەسەر دێتە كایەوەو ئەوانەی خەڵكیان گەوجاند، تەنیا شەرمەزاری مێژوو نابن، بەڵكو نەوەكانیشیان هەست بەشەرمەزارییەكی زۆر دەكەن‌و لەناو كۆمەڵگای خۆیان هەست بەنامۆبوون دەكەن.

عەلی وەردی كتێبێكی لەسەر گاڵتەجاڕی ئەقڵی مرۆیی نووسی كە لەسەر مەزهەبگەرایی سونەو شیعەیە، ئێمەش دەبێ ئەو گاڵتەجاڕییە لەسەر ئینشیقاق‌و جیابوونەوە لەحزبی سیاسی كوردستاندا بنووسین. من نازانم حزبەكان كەی دەبنە هەڵگری فەلسەفەیەكی جوان، بەڵام دەزانم ئەم هەموو ئینشیقاق‌و گەوجاندنی خەڵكە لەپێناوی چی بوو!!. من نازانم مۆدێلی حزبی سیاسی لەم كوردستانە، كەی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بەسەردادێت، بەڵام دەزانم، ئەو سەركردانەی خەڵكیان گەوجاندو ماوەیەك تا خەڵكیان لەدەوری خۆیان كۆكردەوە، دروشمی شۆڕشگێڕیی‌و هێزی نیشتمانپەروەرییان لەوپەڕیدابوو، دواییش بەدوای دەستكەوتی تایبەت ملی ڕێگایان گرتەبەرو گاڵتەیان بەبەهاكانی نەتەوە  كرد، ناتوانن بەردەوامبن‌و خەڵكیش ئەزموونی زۆر تاڵی پێیانەوە چەشتووە، بۆیە ئێستا دروشمە مكیاجكراوەكانیان، هێزی تێدا نەماوەو تەواو پووكاوەتەوە.

حزبە ئیسلامییەكانیش ماوەیەك ئەم ڕێگایەیان تاقیكردەوەو پێیدا ڕۆیشتن، بەڵام ئەوەتا ئێستا تووشی سەرگەردانییەك هاتوون، تووشی چەقبەستووییەك هاتوون، هەرچییەك بكەن، ناتوانن لێی دەربچن. هەموو ئەو حزبانەی بەئینشیقاقیش هاتوون، ئێستا لەهەمان چەقبەستووییدان، هەڵسانەوەیان نەك هەر ئاسان نییە، بەڵكو زۆریش سەختە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی