باڵیۆز وای وت...

22/02/2021

ئیسماعیل حه‌مە

لەدیدارێکی کورت، لەگەڵ، بەڕێز بەرزنجی باڵیۆزی عیراق لەوڵاتی قەتەر، وتی، کەوڵاتانی عەرەبی گەمارۆیان خستەسەر قەتەر، قیمەتی شمەک‌و خۆراک بەڕێژەی بەرچاو بەرزبوویەوە، چونکە گەمارۆکە زۆر سەخت بوو، بەهۆی ئەوەی هەمووشتێک بەفڕۆکە لەوڵاتانی غەیرە عەرەبییەوە هاوردە دەکران‌و ئاشکرایە کرێی گواستنەوەش بەفڕۆکە گرانترە، بەڵام حکومەتی قەتەر نەیهێشت یەک سەنت قیمەتی نرخی شمەک‌و کاڵاکان لەبازاڕو لەسەرهاوڵاتی زیاتربکرێت، نرخ وەکجاران بەجێگیری مایەوە، بەشێوەیەک حکومەت وتی، بەهۆی ئەوەی من کێشەکەم دروستکردوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی خۆشم باجەکەی دەدەم، نابێت خەڵک‌و دانیشتوانی وڵات زیانیان بەربکەوێت.

ئەم گەمارۆیەش نزیک بەسێ ساڵی خایاندو حکومەت هەموو بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆگرت، کەچی لەکوردستان لەسەڵی ١٩٩١ خەڵک‌و دانیشتوانی هەرێم باجی چەوتی‌و چەوێڵییەکانی سیاسەتی حکومەت‌و حزبەکان دەدات، خەڵک نان نییە بخوات، خەڵک خۆی دەکوژێت لەبەرنەبونی‌و بێدادی، بەڵام حکومەت‌و بەرپرسانی حزب لەباشترین دۆخی ژیانیانن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی