پەیامەکەی پاپا فرانسیس بۆ کوردستان

04/03/2021

دییە عەلی

وابڕیارە بەم زووانە پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق و کوردستان بکات، پەیامی برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی بۆ گەلانی عێراق و کوردستان بهێنێ، وەک خۆشی دەڵێت " لە کۆتاییدا دوای چەند رۆژێکی دیکە لەگەڵتان دەبم! بەپەرۆشم بۆ دیدارتان و بینینی روخسارتان و سەردانکردنی خاکەکەتان، لانکەی شارستانییەتی رەسەن و ناوازە. من بە تۆبەکارییەوە پێتان دەگەم بۆئەوەی نزای لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوە لە یەزدان بکەم، دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و تیرۆر".

 پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیەو بە ڕەگەز ئیتاڵیە، بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتینە لە ڕێککەوتی ١٧/١٢/١٩٣٦ لەدایکبووە یەکەم کەسی بە ڕەگەز ئەمەریکای لاتینیە کە ناسناوی پاپ وەردەگرێت، ھاوکات دووەم کەسایەتی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە لە دوای گریگۆری سێیەم ناسناوی پاپی وەرگرتووە.

لە رێککەوتی ١٣ی ئاداری ٢٠١٣ـەوە وەک ٢٦٦ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکراوە.
جێنشینی پاپی پێشوو بوتڕس و ئەسقەفی رۆمایە.
پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی فاتیکانی پێ سپێردراوە.
دوای پاپا گریگۆری شەشەمیش دووەم کریستیانی ڕەبەنە کە وەک پاپ دەستنیشانکراوە و تا ئێستا ھاوسەرگیری نەکردووە.
ناوی فڕانسیس بۆ خۆی دانا وەک ڕێزلێنانێک بۆ فڕانسیس ئاسیزی پیرۆز.
پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فڕەنسی، ئۆکڕانی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانێت.

بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرێت.

ھەر بۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان چەندین رێوشوێن و مەڕاسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاری لە ڕێسا و یاسا چەقبووەستەکان ھەیە.

لەرێککەوتی ١١ شوباتی ٢٠١٣ دوای دەست لەکارکێشانەوەی پاپا بێنێدیکتی شازدەھەم بەھۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە، پاپای نوێ و بە دەنگی دوو لەسەر سێی سەرۆک ئەسقەفەکان پاپا فرانسیس وەک پاپای نوێی ڤاتیکان دیاریکرا.

دەستبەکاربوونی پاپا فڕانسیس وەک پاپای نوێی ڤاتیکان پێشوازییەکی گەورەی ئایینی و سیاسی لەسەر ئاستی جیھاندا بەخۆیەوە بینی.

وابڕیارە پاپا فرانسیس رۆژی هەینی ٥-٣-٢٠٢١ بگاتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا کۆببێتەوە و سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانیش دەکات و رۆژی یەکشەممەش دەگاتە کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی کوردستاندا کۆببێتەوە و لەیاریگای فرەنسۆ هەریری نوێژ دەکات و دواتریش دەگەڕێتەوە.

هاتنی پاپا فرانسیس ئەگەر بۆ هەرشوێنێک شتێکی ئاسایی بێ ئەوە بۆ کوردستان بایەخێکی گەورە و دیبلۆماسی هەیە، کردنەوەی دەرگایەکی ترە بۆ ناساندنی کوردستان وەک شوێنی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاین و ئاینزاکان، بینینی `ژیانی ئاشتیانەی مەسیحییەکان و پێگەی سیاسی گەورەیان لەکوردستان بێ کاریگەری نابێ، چونکە زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین لەهەموو عێڕاقدا تەنها لە کوردستاندا نەک هەر پارێزراون، بەڵکو بەشداری جدییان هەیە لەبڕیار و نەخشی سیاسیدا و پێگەیان لەئەنجومونی وەزیران و لە پەرلەمان و دامەزراوە حکومییەکاندا هەیە.

نابێ ئەوەش لەیاد بکەین پاپا فرانسیس سەرەڕای زۆری تەمەنی جۆرێک موجازەفە بەژیانی خۆیەوە دەکات، کاتێ دەیەوێ لەم بارودۆخە شڵەژاوە ئەمنییەدا و لەم سەردەمی پەتای کوشندەی کۆرۆنادا سەردانی عێراق دەکات، ئەمەش وەک شانازییەکی گەورە دەچێتە مێژووی فرانسیسەوە، چونکە گرنگی و گەورەی پەیامەکەی وای لە فرانسیس کردووە ئەو موجازەفەیە بکات بەژیانی خۆیەوە.

سا‌ڵی ٢٠١٩ پاپا فرانسیس سەردانی ئیماراتیکرد و لەگەڵ ئیمامی گەورەی ئەزهەردا بەڵگەنامەیەکی واژۆکرد دەربارەی برایەتی ئاینەکان و ئاشتی، کەئەوەش وەک مەرجەعی موسوڵمانە سوننەکان، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ ئایەتوڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان کۆدەبێتەوە و دوورنییە لەگەڵ ئەویش بەڵگەنامەیەک واژۆ نەکات، بۆ برایەتی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاینەکان.

پاپا فرانسیس لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت "بەڵێ بەپەرۆشی ئاشتییەوە دێمە دیدارتان و ھەوڵ بۆ برایەتی و تەبایی دەدەم و دەخوازم پێکەوە نوێژ بکەین، پێکەوە ھەنگاو بنێین و لەگەڵ خوشک و براکانمان نەریتە ئاینییەکانی دیکە لەژێر بەیداخی باوکمان ئیبراھیم بەجێ بگەیێنین، کە ھەمووان لە چوارچێوەی خێزانێکدا بە موسڵمان و جوو و کریستیان کۆدەکاتەوە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی