بەتەوقیتی گەرمیانیەکان، بەخێربێن بۆ کوردایەتی!

04/03/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


دوو خاڵی جەوهەری هەیە کە لەم پێشەکیەدا بیڵێم:

یەکەم: هەتا ئێستاش گەرمیانییەکان چاوەڕوانی ئەم حکومەتی هەرێمەن ئاوڕیان لێبداتەوەو خزمەتێکیان بکات و وەک ناوچەکانی دیکەی کوردستان پرۆژەیان بۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام زۆرێکی گەرمیانییەکان چاوی چاوەڕوانیان بۆ ئەبەد نوستوو کەسێک هیوای خزمەتگوزاری و خزمەتکاری پیشان نەدان.
دووەم: بە کوچە و گەڕەکی شارو گوندەکانی گەرمیاندا بگەڕێیت، تێدەگەیت ئەم مەملەکەتە پڕ قوربانی و خاوەن شەهیدە چۆن دوورەپەرێز خراوەو کەسیش خۆی لەساحێبی ناکات.

لەگۆشەنیگای گەرمیانەوە ئەگەر بڵێین غەدر هەیە لەخزمەتگوزارییەکانی حکومەتدا بەشەیتانت دەکەن و ئەگەر دەشڵێی فڵان حیزب و بەرپرس تاوانباری یەکەمە، دەگوترێت بەشە حکومەتەکەی ئەولا هیچ توانایەکی حکومەتداری لەگەرمیاندا نییە و لەبەرداشەدا هیچ بەدەست.

بریا گەرمیانییەکان هیچ پرۆژەیەکیان بەچاو نەبینیایە لە دوای ڕاپەڕین، بەڵام لانی کەم بەرهەمی ئەو هەموو قوربانی و شەهید و ماڵوێرانیەیان بچنیایەتەوە کە لەپێناو ئەم خاک و ئاوە بەسەریان هات و چەشتیان. بریا لێپرسراوەکانی حکومەتی هەرێم لەئاست ژمارەی شەهیدەکانی گەرمیان و ئەنفالەکان و فرمێسکی کەسوکاری ئەنفالکراواندا بوایە و بەتەوقیتی گەرمیان و گەرمیانیەکان لەکوردایەتی و خەبات و خوێنڕشتن و فیداکاریان بڕوانیایە و ئاگریان لەخەرمانی پڕ بەرەکەتی شۆڕش بەرنەدایە.

لەدوای مێژوویەکی دوورو درێژ لە خەبات و قوربانی، لەئێستاشدا گەرمیانیەکان قوربانی دەستی داعش و ڕێکخراوە توندڕەوەکانی ناوچەکەن، بەڵام حکومەت هێشتا نازانێت ڕێگای گەرمیان لەکوێوەیە، بۆ؟ چونکە هەرکەسێک ڕێگای ئازار و ماڵوێرانی شک نەبات، هەرکەسێک ماڵی ژنێکی ڕەشپۆش نەگەڕابێت، هەرکەسێک دەستی بەسەری منداڵێکی هەتیودا نەهێنابێت، هەر بەرپرسێک باخەڵی خاڵی نەبێت و .....هتد، ڕێی گەرمیان و ماڵە ئەنفالەکان و منداڵە هەتیووەکانی دەستی داعشیش لەگەرمیان نازانێت.

لەچاوی گەرمیانییەکاندا و بەتەوقیتی دڵسۆزی گەرمیانییەکان بۆ خەبات و بەرگری لەم وڵاتە، هێشتا کوردایەتی جوانە. هێشتا کوردایەتی گەرد و تۆزی گومان و ناشیرینی و پاشقول لەیەکگرتنی تێنەکەوتووە و شۆڕش بۆ گیرفانی بڕێک نییە و بڕێکی دیکە برسی بێت. لەچاوی گەرمیانیەکانەوە شۆڕش نابێتە ناسنامەی باخەڵی چەند کەسێک هەر ڕۆژەی لەوڵاتێک بن بەڵکو لەچاوی گەرمیانیەکانەوە شۆڕش ناسنامەی هەموو گەلەو لەگەلەوەیە و بەرهەمەکەیشی بۆ گەلە.

بەتەوقیتی گەرمیانیەکان بەخێربێن بۆ کوردایەتی، بەڵام با هاتنەکانتان بەلێکزس و پاترۆڵ و لەشکرێک حیمایەوە نەبێت، هەر لەکۆشکەکانتان دانیشن و لەگردەکان مەیەنە خوارەوە چونکە ئێوە کوڕی! پێدەشتەکانی گەرمیان نین و بەرگەی گەرمای دڵی دایکی ئەنفالکراوەکان و گەرمای بەتینی گەرمیانەکەی ئێمە ناگرن، چونکە ئێوە واتانکرد لەدوای هەڵکەوتە سروشتییەکەی گەرمیان کە بەکەنار کەوتووە، ئێوەش گەرمیان بەکەناری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بخەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە