عیبرەت لەجێبەجێکردنی-دایە

01/04/2021

کاوە محەمەد

دوێنێ شەو دەنگ لەسەر یاسای بودجەی (2021) درا، مادەی (11)ی تایبەت بەبەشە بودجەی هەرێم بەو دەقەوە تێپەڕێنرا کە وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە شیعیەکان لەسەری رێککەوتبون، تەنانەت ئەو ئیزافەشیان قبوڵکرد کە ڕێگە لەسیستمی مەقاسە دەگرێت‌و ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو، بەغداش هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێرێت، تەنانەت بەرگریان لەناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەش نەکرد کە (19)ی مانگ لەگەڵ لایەنە شیعیەکان کردبوویان.

ئێمە وەک هاوپەیمانی هیوا، جگەلەوەی توانیمان چەند بڕگەیەکی گرنگ بخەینە ناو یاساکەوە؛ وەک ئەولەویەتدان بەمووچەی فەرمانبەران‌و ڕادەستکردنی لیستی مووچەخۆرانی مەدەنی‌و سەربازیی هەرێم بەبەغداو حیسابکردنی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە هاوڕێکانمان لەلیژنەی دارایی ڕۆڵی کرنگیان لەوەدا بینی، لەدانیشتنەکەی دوێنێ شەویشدا توانیمان سەرکەوتووانە کار بۆ پەسندکردنی مادەی تایبەت بەگواستنەوەی مووچەی فەرمانگە فیدراڵییەکانی هەرێم بۆسەر بەغدا بکەین، دواتریش کە فراکسیۆنی پارتی ئیمزایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆکردەوە، توانیمان کارو لۆبی پێویستی بۆ بکەین‌و جارێکی دیکە دەنگ بەمادەکە درایەوەو شکستمان بەهەوڵەکەی پارتی هێنا.

ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەدوێنێ شەوەوە خۆشحاڵی خۆیان بەپەسندکردنی یاساکە دەردەبڕن‌و وەک دەستکەوتێک باسیدەکەن، لەکاتێکدا تاکە دەستکەوت ئەوە دەبێت کە حکومەتی هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی یاساکە بێت‌و لەڕێگەیەوە بتوانێت کێشەی مووچەی خەڵکی هەرێم چارەسەربکات کە هەموو مانگێک بێ لێبڕین‌و لەکاتی خۆیدا دابەشی بکات، بەدەر لەوە دیسان دەستکەوت دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و مەینەتییەکانی خەڵک درێژەیان دەبێت.

بۆیە یاساکە، بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە، دڵخوازی حکومەتی هەرێم بوەو ڕێککەوتنی پێشوەختی لەسەرکردوەو ئێستاش خۆشحاڵی بۆ ڕادەگەیەنن، بەڵام عیبرەت لەجێبەحێکردنی یاساکەو کۆتاییهێنان بەلێبڕینی مووچەدایە، تەنها ئەمە ئەستۆتان لەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی‌و مێژووییە خاڵی دەکات‌و ئەوکانە خەڵک دەتوانن شایەدی ئەوەتان بۆ بدەن کە سەردڵن‌و ڕێککەوتنەکانتان بۆ بەرژەوەندی خەڵک بووە، ئەگینا جارێکی دیکە دەیسەلمێننەوە کە هەرگیز باکتان بەچاککردنی ژیانی خەڵک‌و مووچەخۆران نەبووەو هەموو هەوڵ‌و هەنگاوەکانتان تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆتانەو بەس..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی