ئەوانەی کە بە شان و باڵی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵدا هەڵدەدەن با تۆزێك خۆیان هیلاك بکەن

05/04/2021

زاهیر باهیر

کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات  کە ئەمەریکا پێشەنگی ناساندن و جێ بەجێکەری ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵە. کەواتە ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕویداوە و ڕوودەدات ، گەر لە وڵاتانی دیکە هێشتا ڕوینەدابێت ،  ئیتر بە ئاشکرا دەتوانیت چاوەڕوانی ئایندەی ئەو وڵاتانەش بکەیت کە هەمان بەسەرهات و داهاتویان دەبێت.  ئا لەم بارەشدا تاوانێکی گەورەیە کە بەرانبەر بە بەشەرییەت دەکرێت نەك هەر بۆ جێ بەجێکردنی ئەو سیاسەتە ئابوورییە کە لە ڕاستیدا ناتوانرێت ناوی ئابووریی لێبنرێت، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە بە پاگەندەی بۆ دەکەن و دەیانەوێت زەمینەسازی 
بۆ بکەن تاوانێکی گەورەیە کە بەرابنەر بە گەلەکەیان دەیکەن.

بێ گومان بە هەزارەها وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوە هەیە لەسەر بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی ئەمەریکا کە لە سای ئابووریی لیبراڵدا چی دەچێژن ، بەڵام هەر زۆر زۆر بە کورتی من چەند خاڵێکی کەم لە کورتە وتارێکی Bernie Sanders هەڵدەبژێرم  تاکو ببێتە تێفکرینێك نەك قەناعەت پێکردنت.
• Jeff Bezos  خاوەنی ئەمازۆن و Elon Musk خاوەنی Tesla Motors  بەهەردوکیان داهاتیان بە قەدەر لەسەدا 40 ئەوانەی کە لە دامێنی کۆمەڵدا گیرساونەتەوە، هەیە.  
• 500 هەزار بێ خانووبەرەن و شوێنێکیان نییە کە تێیدا بژین . بە ملیۆنانی دیکەش لەبەر نەبوونی داهات کە ناتوانن کرێی خانوو یاخود قیستی عەقار بدەن ، لە بەردەم هەڕەشەی دەرکردندان لە خانووەکانیاندا.
• 92 ملیوێنی دیکە زەمانەتی ژیانیان نییە و لە خەمی بەخێوکردنی منداڵەکانیاندان .
• نەوەی نوێ کە سەرقاڵی خوێندنن بە قەرز ، نیگەرانی ئەوەن کە گەر کاریشیان دەستکەوێت هێشتا ستاندەری ژیانیان لە خواری ئەو کاتەی  ستاندەری ژیانی  باوك و دایکیانن.
• بڕی تەمەنکردنی هەژاران لەوێ لەچاو ساماندارانا 15 ساڵ کەمترە . هەژاری و برسێتی لە ئەمەریکادا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی  حوکمی مردنە.
• توێژاڵی سەرەوەی کۆمەڵ هیچ وەختێك وەکو ئێستا ژیانیان باش نەبووە ئەو بڕە خەڵکە کە لە سەدا 1ی ئەمەریکا پێكدەهێنن، داهاتیان بە یەکەوە بە قەدەر داهاتی لە سەدا 92 ی خەڵکەکەیە کە لە پەراوێزی کۆمەڵدا دەژین .
• 50 سامانداری ئەوێ بەقەدەر نیوەی کۆمەڵ کە 165 ملیوێن کەسن هەیە.
• ساڵی ڕابووردوو کە ساڵی نەهامەتی بوو بۆ هەر زۆرینەی خەڵکی لە دونیادا ، کەچی لە ئەمەریکادا 650 ملیاردەرەکە سامانیان بە ڕادەی 1.3 تریلۆن دۆلار زیادی کردووە .
• لە ماوەی 40 ساڵی رابووردوودا سامانێکی زۆری چینی خوارەوەی کۆمەڵ [ کرێکاران و هەژاران] و چینی مامناوەند، ناوەڕاست،  بۆ تۆوێژاڵی باڵادەست گوێزراوەتەوە.
• لە ساڵی 1978 دەستەی ساماندارانی سەرەوەی کۆمەڵ کە  0.01 ی کۆمەڵیان پێكهێناوە لە سەدا 7 سامانی خەڵکیان لە دەستدابووە ، بەڵام لە ساڵی 2019 دا دەیتا نیشانی دەدات هەر ئەوانە نزیکە لە سەدا 20 سامانی خەڵکیان لە دەستدایە.
• بەڕێوەبەرە گەورەکان 300 جار زیاتر وەردگرن لە موچەی ئاسایی کرێکارێکیان. 
• کرێکارانی ئەمەریکی لە ئێستادا 32 دۆلار لە هەفتەیەکدا کەمتر وەردەگرن لە 48 ساڵ لەمەوبەر.
• لانی کەمی کرێی کاژێرێك ئێستا لەوێ 7.25 دۆلارە .  
وەکو وتم ئەمە کورتەیەك بوو ، ئیتر خۆت حوکم لەسەر ئابووری لیبراڵ بدە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی