ئەنفال و دیدێکی سایکۆلۆژی

13/04/2021

رەنج رەسوڵ


لەم کورتە باسەدا خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی سەبارەت بە ئەنفال دەکەین، هەڵبەت بەکارهێنان و ئاساییوونەوەی چەمکی ڕووداوه گەورەکان و کۆەڵکوژی لەلایەن تاکەکانی هەر کۆمەڵێک بۆخۆی جۆرێکه لە حاڵەتی سایکۆلۆژیی بەبێ بیرکردنەوە لەوەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشەی نەرێنی و چرپاندنی ئەم وشانە لە نەستی مرۆڤدا دەمێننەوە،  ڕەنگە لە قۆناغێکی تەمەنیدا کاریگەری لەسەر دروست بکات. بۆ وێنە لە زۆربەی نەخۆشخانەکانی یاباندا ژووری ژمارە پێنج نییە، بەڵکو لە ژووری چوارەمەوە دەڕواتە سەر ژووری شەشەم لەبەر ئەوەی گۆکردنی ژمارە پێنج لە زمانی یابانیدا نزیکه لە وشەی مردنەوە بەمەش حاڵەتێکی ترسێنەر بۆ نەخۆشەکان دروست دەکات.

 ئێستاش زۆربەی کوردان لەگەڵ بیستنی وشەی ئەنفالدا توشی هیستریایەکی لەناکاو دەبن و ئەگەر سەرگەرمی شایی و شادیش بن جۆرێک لە ماتەم دایاندەگرێ و دەستبەرداری سەرگەرمییەکەیان دەبن.

لە زمانی لاتینیدا وشەیەک هەیە بەناوی نۆستالژیا nostalgia، نۆستالژیا حاڵەتێکە مرۆڤ دووچاری دەبێ بەوەی کە ناتوانێت بەبێ زەمەنی ڕابردوو بژی، یاخود هەمیشە لە ڕابردوودا دەژی و بەدیار ڕووداوەکانی ڕابردووەوە دەگری. ئەگەر تەماشای کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال بکەین هەمیشە لەو حاڵەتی بردن و قڕکردن و کارەساتەی کەبەسەر قوربانییەکانیاندا هاتووە دەژین و تەنانەت ناتوانن یەک ڕۆژ بەبێ یادکردنەوەی ئەو ڕووداوە بژین. ئێستاش خێزانی وا هەیە شەوان کە دەنون جێگە بۆ قوربانییەکانی خۆیان ڕادەخەن و پەیوەندییەکی زەمەنییان لەگەڵ قوربانییەکاندا هەیە و پێیانوایە هەر لەگەڵیان دەژین و هەڵسوکەوت دەکەن، یاخود جلوبەرگەکانیان هەڵگرتوون و بۆنیان پێوە دەکەن.
 
 حاڵەتی ئاسایی بونەوەی یادەکانی ئەنفال بەئاسانی لەناو کەسوکاری ئەنفالکراواندا کەم و زۆر بەدی دەکرێت،  هەر بۆ نموونە کەسوکارانی ئەنفالکراوان هێندە برینیان کولاوەتەوە و ساڵیادیان بۆ کراوە، ئێستا وەکو جۆرێک لە چێژ باسی ڕووداوەکان دەکەن، یاخود حەزدەکەن هەمیشە باسی ڕووداوەکە بکەن و بەچەندەها  شێوازی جیاواز بیگێڕنەوە. ڕەنگە تاکە خۆشی و چێژی پیرێژنێکی گەرمیانی کەس و کاری ئەنفالکراو گەڕانەوەی ڕوفاتی خوشک، برا، نەوە، یاخود مێردە ئەنفالکراوەکەی بێت.

سیگمۆند فرۆید دەروونشیکاری ئەڵمانی چەندین لێکۆڵینەوەی ورد و داهێنانی سەبارەت بەدەرونشیکاری هەیە، یەکێک لەوانە دۆزینەوەی لاشعور، نەستی ئینسانە. فرۆید دەڵێت ئینسان جگە لەوەی هەست و پرۆسە ئەقڵییەکانی هەیە، بەشێکی تری هەیە کە نەستە و شتەکان لەوێ بۆ هەمیشەیی خەزن دەبن و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ هەیە. ئەو کەسانەی کە لە کارەساتی ئەنفال ڕزگاربوون ئێستاش چەندین گیروگرفتی دەروونیان هەیە و ناتوانن وەکو مرۆڤێکی ئاسایی ڕەفتارەکانیان ئاسایی بێت، هەر ئەمەشە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان و وەچە دوای وەچە دەگوازرێتەوە و ڕەنگە دوو جۆر لە مرۆڤیان لێ دروست بێت، جۆرێکیان دەبن بەجەللاد و جۆرێکیشیان بەقوربانی دەمێننەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە  ئەرک و بەرپرسیارێتییە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین دەزگای سایکۆلۆژی  و دامەزراوەی زانستی  پاڵپشت  بە کەسانی لێهاتوو درست بکات سەبارەت بەم حاڵەتانە و چەندین حاڵەت و گرێی دەروونی تر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە