سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند سەرنجێك

29/04/2021

محەمەد عەلی


ھاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێم، لە دوای چەند سەردانێكی ھاوشانە عێراقییەكەی بۆ ئێران دێت، ھاوكات ویستی عێراق بۆ كرانەوەی بە ڕووی وڵاتانی عەرەبی و ھەوڵەكانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەی شامی نوێ لە نێوان (میسر، ئوردن و عێراق) نیشان دەدات، كە بە دڵنیاییەوە ئێرانیش لەم بارەیەوە قسەی خۆی دەبێت و ھەوڵەكانی بۆ پارێزگاریكردن لە پێگەكەی چڕ كردۆتەوە، بۆیە دەیەوێت بەغدا و ھەولێر ھاوكار بن بۆ ئەو مەبەستە.

بە جۆرێك، بە نێوەندگیریی سەرۆكوەزیرانی عێراق (مستەفا كازمی) و بە ھاوكاریی وڵاتی قەتەر، ھەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە بۆ دەرچوون لەو گۆشەگیرییەی كە ئێستا  ڕووبەڕووی بۆتەوە، بە تایبەتی دوایی بێئومێدبوونی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا و جیددینەبوونی ئەورووپییەكان بۆ گوشار خستنە سەر ئەمەریكا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، لەلایەكی ترەوە دوای پەرتەوازەبوونی نێو ماڵی شیعەكان، خەریكە جڵەوەكە لە عێراقیش لە دەست دەدەن، بۆیە دەكرێ بڵێین، یەكێك لە مەبەستەكان بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی شیعە و ئامادەكارییە بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو بە مەبەستی مسۆگەركردنی سەركەوتنی ھاوپەیمانەكانی.

سەردانی (جەواد زەریف) بۆ ھەولێر و ڕاستەوخۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك (مەسعوود بارزانی)، كۆمەلێك مەغزا و مەبەستی دیاریكراوی ھەیە، بە شێوەیەك ئێران باش لەوە تێگەیشتووە كە بە بێ كورد بە تایبەتیش سەرۆك بارزانی، ناتوانێ ھاوسەنگی و ھاوكێشە تێكەڵاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بپارێزێ، ھاوپەیمانیی چاوەڕوانكراوی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەگەڵ تەیاری سەدری بە سەرۆكایەتی (موقتەدا سەدر) و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتیی (عەمار حەكیم)، بە مانای وەلانانی دۆستە بەوەفاكانی ئێران دێت، بە تایبەتی حیزبی دەعوە بە ھەردوو باڵەكەی (مالیكی و عەبادی) و ھاوپەیمانیی فەتح بە سەركردایەتیی (ھادی عامری)، بۆیە ویستی بۆ پاراستنی ھاوسەنگیی نێوان ھێزە سیاسییە شیعیەكان ھەیە.

ئامادەیی جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی) لە پێشوازیی وەزیری دەرەوە و مامەڵەی تایبەتی (جەواد زەریف) لەگەڵ ھەردوو كوڕانی مام جەلال، بە واتای ئەوە دێ، كە ئیدی ئێران پاڵپشتی بەهێزبوونی پێگەیانە لە داھاتوودا، بینینی ھاوسەرۆكانی یەكێتیش لە ھەولێر، ئەو پەیامەی بە سەركردایەتیی ئەو حیزبە ڕاگەیاند، كە ئیدی ھەولێر شوێنی ناوەندی بڕیارە لە كوردستان و پێویستە سەقامگیریی سیاسی لە كوردستان پارێزراو بێت، ئەمەش بە واتای پێویستیی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بۆ ئەوەی حكوومەتی ھەرێم و سەركردایەتیی سیاسیی ھەرێم، بتوانێ ئەو ڕۆڵە میحوەرییە بگێرێ كە شایەنیەتی.

لە لایەكی دیكەوە، بەشێكی سەردانەكە پەیوەندی ھەبووە بە دڵنەوایی ھەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ھەڕەشەكانی میلیشا شیعییەكانی نزیك لە ئێران، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی ھەیە بە بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتییھەولێر و شكستپێھێنانی ھەردوو ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی شنگال و كەركووك، كە بەربەستی سەرەكین لە بەردەم سەرنەكەوتنی ھەوڵەكان، ئەمەش دەكرێ لە داھاتوودا كاریگەرییەكانی دەربكەون، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریكا و بەریتانیا لەلایەك و هەروەها نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە لایەكی دیكەوە، بە جیددی ھاتوونەتە سەر هێڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و، ئێرانیش دەیەوێت دەسپێشخەرییەكە لە دەستی ئەواندا بمێنێتەوە.