ھەرچی یاساو رێسای
گەردونی و زەمینی ھەیە بگەڕێیت و ئەم سەرو ئەوسەری بکەیت ، ئەوانەی دەستکردی یەزدان
و ئەوانەش کە دەستکردی مرۆڤی ھۆشمەندن، ھەموویان بونەوەر و مرۆڤایەتی ھان دەدەن رێچکە
و رێبازی زوڵم و ستەم و نادادی بەرەو رێگای دادپەورەری و یەکسانی و ئازادی و خۆشویستن
بگرنەبەر و سەکۆی کەرامەت و شکۆمەندی کۆیان بکاتەوە ، ئەو سەکۆیەی لوتکەی جیاوازی مرۆڤی
بیرمەندە لەگەڵ ئەوانی تر .
بەڵام لەم نیشتیمانەی
خۆمان کە ھیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نەماوە و ھەموو بەھاکان کەوتونەتە بەردەم بەرداش
و تەم و لێڵی خۆرسکی خۆمان ، وادیارە ھاوکێشەکە
پێچەوانە بووەتەوە ھەتا بێت سەکۆ و پەتی زۆڵم و ستەم و کۆیلایەتی فراوانتر و ئەستورتر
دەبێت و خەڵکانێک کەتەنیا گیرفان و بەرژەوەندی خۆیان بەم خاکەیانەوە دەبەستێتەوە سەنگەری
دادگەری و ئیرادە بەرەو زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە
بەجێ دەھێڵن !
لێگەڕێن با ئەو سەنگەرە
قوڵتر و قەبەتر و ئەستورتر بێت ، ئەی پێشینان نەیان ووتووە ھەموو شتێک لە باریکیدا
ئەبچڕێت تەنیا زووڵم و ستەم نەبێت لە ئەستوریدا ، کەوابێت لێگەڕێن با ئەو سەنگەرە تا
بێت ئەستورتر و بازنەی زوڵم و ستەمی فراوانتر بێت ، دڵنیابن ئەوە سەنگەری ئیرادەو تواناو بەرەی راستەقینەی ویژدانی خەڵک بەھێزتر دەکات
و رقەکان بۆ رەتکردنەوەی چەوساندنەوە و نادادی تۆختر دەکاتەوە ، رۆژێک دێت ئەو زوڵمە لە ئەستوریدا ھەر
دەبچڕێت .
لە ئێستاو رابردووشدا
ئەوانەی ھێشتا ھیوایەکیان بە باشبونی ئەم دۆخە ھەبووە و ھەیە، چاویان لەوەیە بەرەی
گەل و داکۆکی لە مافی خەڵک و بەدیھێنانی یەکسانی و دادگەری قایم و فراوانتر بێت ، بەڵام
سەیرە رۆژگارەکە بەجۆرێک قڵپ بووەتەوە دەبینین لە چاوتروکاندنێکدا دژەکان دەبنە دۆست
و نەیارەکان دەبنە یار و دووژمنەکان دەبنە پشت و پەناو دەست لەملانی یەک !
بەم کار و کردەوانە
مرۆڤ واسەری لێ دەشێوێت ھەق وایە بڵێیت ئێمە ھەر لەسەرەتاوە تۆوی دوو رووی و دووبەرەکی
و فرۆشتنی ھەست و ھەڵوێست لەناخماندا چەکەرەی کردووە و بووە بەبەشێک لە کلتورمان، کاتێک
مرۆڤ دووکاری لەم چەشنە دەبینێت گومانەکانی
تۆختر دەبێت، رەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێیت ئێمە مرۆڤ گەلێکین لەگەڵ ناخ و رووی
راستەقینەی خۆمان ھەر لە سەرەتاوە راستگۆ نەبوین، ھەرکات بەرژەوەندییەکانمان بکەونە
بەردەم مەترسی یان چاومان بچێتە سەر گەنجینەی پڕ لە زێڕ و دراو، رێک سەدو ھەشتا پلە
دەگۆڕێین و لەبەرامبەر مافی گشتی و دەنگ دلێری و رەتکردنەوەی چەوساندنەوە، سەنگەری
بەرژەوەندی و گیرفان پڕی ھەڵدەبژێرین ! ئەوکات بەدڵنیاییەوە ھیچ بەھایەک بۆ رابرووشمان
نامێنێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی