مرۆڤ وەک بوونێکی ڕەسەن!

02/05/2021

نوری بێخاڵی

دەبێ لەوە تێبگەیت کە خۆشبەختیی بریتییە لەوازهێنان‌و دەستبەرداربوون.. لەوە تێبگەیت کە سەرەڕای قورسییەکەی، دەبێ وازبێنیت، واز لەکەسەکان بێنیت! 

دەبێ تێبگەیت کە تەنیا پێویستیت بەخۆتەو هەرچی کەسی تر هەیە، لێت زیادەو جگە لەخۆت، کەس مەکە بار بەسەر شانتەوەو مەبە بارگرانیش بەسەر کەس، هیچ کەسێک!

پێویستە پێش هەرشت‌و کەسێک، بکەویتە داوی خۆشەویستیی خودی خۆت.. هەلومەرج‌و بارودۆخەکان هەرچی‌و چۆن بن، چەندەش سەختیی بێنە ڕێگات، هەمیشە خۆت، تەنیا خودی خۆت هەڵبژێرە، ئەو خودەی هەر خۆی، تەنیا ئەو، ئاشنای ئێش و ئازار، شەڕ و شکستەکانتە. 

دەبێ فێر بیت تەواوی ساڵەکانی تەمەنت لە چاوەڕوانی هاتنی هیچ کەسێکدا بەسەر نەبەیت و فێری ئەوەش ببیت، لە پەراوێزی کەسدا نەژیت.. دەبێ خۆت لەسەر فەرامۆشکردنی ئەو کەسانەش ڕابهێنیت، کە بوونە سەرچاوەی ئازاردانت! 

دەبێ فێر بیت ملی ڕێگا بگریت و چیتر گیرۆدەی غەمگینییەکەت نەبیت.. پێویستە هێزی ئەوەت هەبێت خۆت کۆ بکەیتەوە و واز لە تێکشکاندنی زیاتری خودی خۆت بهێنیت.. دڵی خۆت چیتر بە مەراق و خۆخواردنەوە هەلاهەلا مەکە.. هیچ شتێک شایستەی ئەوە نییە دڵی خۆتی بۆ وێران بکەیت، هیچ!

لەم ڕوانگەیەوە، قسەکردن لەسەر بوونی ڕەسەن و بوونی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، دابڕاندن و داشۆرینی مرۆڤ نییە لە بوون و سروشتە کۆمەڵایەتییەکەی و لە پەیوەندیی مرۆییانەی لەگەڵ بەرامبەرەکانیدا، بەڵکوو شتێکی ترە، کە پەیوەستە بە دەستگرتن بە بەها و ڕەسەنی خود، ئەمەو بەبێ ئەوەی بۆشایی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دروست بکات.

بەکورتی: مرۆڤ سەرپشکە لەوەی کامەیان هەڵدەبژێرێت، بوونی ڕاستەقینەی مرۆییانەی خۆی (خودبوون)، یان بوونی کۆمەڵایەتییانە (بوون لەپێناو ئەوانی دیکەدا)، ئەمە بەو مەرجەی تێبگات و هۆشیار بێت بەوەی، یەکەمیان بوونێکی ڕەسەن و دووەمیان بوونێکی ساختەیە. لە ئەمیاندا ڕۆحی خۆی دەدوێنیت و دەیبوژێنێتەوە و لە ئەویاندا جەستە و جووڵەی دەرەکی دەکاتە چەق.

بەهەرحاڵ، هاوکێشەکە زۆر سادەیە: تۆ لەمیانی بوون و ژیانتدا بڕیارت داوە چی بکەیت؟ خۆت ڕازی دەکەیت، یان ئەوانی تر؟ ڕۆحی خۆتت بەلاوە گرنگە، یان ڕا و ڕوانگەی ئەوانی تر؟

سۆشیال میدیا یەکێکە لەو ڕووبەرانەی، ئەگەر ئاگاداری خۆت نەبیت، نەک هەر بوونی کۆمەڵایەتیت، بەڵکوو بوونی ڕەسەن و مرۆییانەی خودی خۆیشت لەدەست دەدەیت. 

بۆیە وا نەکەیت دیمەنەکانی ناو دونیای سۆشیال میدیا فریوت بدەن و دەستخەڕۆت بکەن، ئەو دونیا مەجازییە سەت لە سەت پێچەوانەی دونیای ڕاستەقینەی هەر یەکێکمانە. 

سۆشیال میدیا دەمامکێکە بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکان، مکیاژێکە بۆ سواخدانی ڕووی ڕاستەقینەی ژیان. پێکەنینەکانی درۆ و نمایشەکانی فریودەرن. 

لەژێر کاریگەریی دیمەنە فریودەر و گرتە هەڵخەڵەتێنەرەکانی سۆشیال میدیادا خۆت مەخەرە گێژاوێکەوە، کە ئەوسەری دیار نییە. 

لە هیچ شتێکدا لاسایی کەسێک مەکەوە، کە هەمان توانا و ئامرازەکانی ئەوت نییە. بە شێوەیەک بژی، کە لەگەڵ تواناکانت دێتەوە، نەک ئەوەی بەرامبەرەکەت چۆن دەژیێت! 

بە مەبەستی خۆدەرخستن، ئەو شتە گرانبەهایانە مەکڕە کە لە توانای دارایی تۆدا نین.. بۆ پۆزلێدان مەچۆ چێشتخانە و قاوەخانەیەک، کە نرخی خواردن و خواردنەوەکانیان لە داهاتەکەت زیاترن.

بەم ڕەفتارانەر ناتوانیت سەرنجی هیچ کەسێک بۆ خۆت ڕابکێشیت. بەپێچەوانەوە، بەوە دەیسەلمێنێت کە نەخۆشیی خۆبەکەمزانینت هەیە و هەرگیز ناتوانیت وەک مرۆڤێکی ئاسایی و تەندروست، متمانەت بەخۆت بێت. 

بە کورتی و بە کوردی: بۆ خۆت و وەک خۆت کە هەیت، وەک بوونی ڕەسەنی مرۆییانەت بژی، نەک لەپێناو دەوروبەرەکەت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە