منیش بەشانازییەوە دانی پێدادەنێم کە تاوانبارم

08/05/2021

ئاسۆس هەردی

من بەشانازییەوە دانی پێدادەنێم چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان دانیشتووم‌و لەسەر بارودۆخی کوردستان‌و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

بەشانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەو دیموکرات‌و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا دانیشتووم‌و لەسەر بارودۆخی کوردستان‌و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

بەشانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەو حیزبەکانی تری ڕۆژاوادا دانیشتووم‌و لەسەر بارودۆخی کوردستان‌و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە.

دانی پێدا دەنێم لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمریکی‌و ئەڵمانی، لەگەڵ سەفیری ئەڵمانی‌و سەفیری سویدی‌و سەفیری نەرویجی‌و دیپلۆماتە ئیتاڵی‌و کەنەدەییەکاندا دانیشتووم‌و ڕاشکاوانە باسی بارودۆخی کوردستان‌و عێراق‌و ڕەخنەو گلەییەکانی خەڵکی کوردستانم بۆ کردوون، نەک هەر لەسەر شێوازی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی کوردستان‌و عێراق، بەڵکو لەسەر سیاسەتی خودی خۆیان‌و دەوڵەتەکانیشیان.

دانی پێدادەنێم هاوڵاتی‌و ئاوێنە لەچوارچێوەی چەندین پڕۆژەی هاوبەشدا هاوکاریی ماددییان لەڕێکخراوە ناحکومییەکانی (هۆڵەندا، ئەڵمانیا، نەرویج، دانیمارک، ئەمریکاو.. هتد) وەرگرتووە کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانەش وەکو ئاشکرایە سەرچاوەی داهاتیان وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیانە.

من بەشانازییەوە دانی پێدادەنێم ئەندامی کۆمیتەی ڕاوێژکارانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤم(HRw) بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکووری ئەفەریقا.

دانی پێدادەنێم زۆرێک لەو ڕێکخراو یان دەزگا دیپلۆماسییانە بەفەرمی بانگهێشتی وڵاتی خۆیانیان کردووم‌و لەزۆر کۆنفرانس‌و کۆبوونەوەی تایبەت بەعێراق‌و کوردستاندا بەشداربووم، کە ئەوان ڕێکیانخستووەو میوانداریی بەشداربووانیان کردووە.

ئەگەر دانیشتن لەگەڵ حیزب‌و تێکۆشەرانی پارچەکانی تری کوردستان‌و نوێنەری وڵاتانی خۆرئاوادا تاوانە، ئەوا من لێرەوە ڕاشکاوانە دانی پێدادەنێم:

بەشانازییەوە تاوانبارم‌و ئامادەم بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە گەورانە لەئەستۆ بگرم‌و لەپاڵ هاوڕێ‌و هاوپیشەکانمدا لەبادینان لەکونجی زیندان توندکرێم!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی