سێ تێبینی کورت لەسەر هاوپەیمانی یەکێتی – گۆڕان

09/05/2021

عەدنان عوسمان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری هاوپەیمانیان داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. هاوپەیمانیەکە لە ئێستادا تەنها لە ئاستی جێگە چۆڵکردن دایە بۆ کاندیدی یەکتر و دەرفەت دانە بە نوێنەرانی گۆڕان بۆ بەدەست هێنانی چەند کورسیەک لە بازنەکانی هەڵبژاردندا. جگە لەوە هیچ شتێکی رەسمی و جێی سەرنج بلاو نەکراوەتەوە. 

وەک ئەوەی پێشتر بەشێک بوم لە هەوڵەکانی نزیککردنەوەی گۆڕان و یەکێتی ولە هەندێک لەو دانیشتنانە پێش دەستلەکارکێشانەوەم لە گۆڕانی رەسمی، بەشدار بوم و ئاگاداری زۆرێک لە وردەکاریەکانم، پێم خۆش بو چەند سەرنجێکی خێراو کورت لەسەر ئەو رێکەوتنە بدەم. دواتریش دوا تێبینی خۆم لەسەر پرسی هاوپەیمانی، کە بەخانەم دابو لێرەدا بلاو بکەمەوە.



سەرنجی یەکەم: لە ١٧/ ٥ /٢٠١٥ بە ئامادەبونی کاک نەوشیروان و بەشی زۆری دەسەڵاتدارانی یەکیتی و گۆڕان، رێکەوتنێکی "زۆر ستراتیجی" لە نێوان هەردولا ئیمزاکرا. لەو رێکەوتنەدا سەرجەم پرسە گشتی و سیاسیە گرنگەکان هاودەنگی لەسەر تۆمارکرابو، وەکرابو بە ماڵ بەسەر سەرکردایەتی هەردوولاوە. لە مادەی ١٥ی ئەو رێکەوتنە ٢٥ مادەییەدا، ولە بڕگەی دوو دا هاتوە" ئەم رێککەوتنە رێگا بە هەردوولا دەدات، بەلیستێکی هاوبەش بەشداری لە هەلبژاردنە گشتیەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن". بۆیە لێرەدا وادەرئەکەوێت کەئەم رێککەوتنە نوێیە بەشێکە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنە کۆنەکەی هەردوولا. بەڵام من وای نابینم، چونکە هەم ئەو رێککەوتنە پیشتر لەلایەن جڤاتەوە لە ٢٠/١٢/٢٠١٧ تەجمید کراوەو هێشتا جڤاتیش بڕیاری کاراکردنەوەی نەداوە، هەمیش هیچ یەکێک لە مادەکانی پێشوتر یا دواتری ئەو رێککەوتنە کاری لەسەرنەکراوەو هەنگاوی بۆ نەنراوە.
کەواتە ئەم رێککەوتنە هیچ پەیوەندیەکی بە رێککەوتنە سیاسیە ستراتیجیەکە نیەو تەنها لە بازنەی واقعی تازەی گۆڕان و یەکێتی و سنوری هەڵبژاردندا ئەخولێتەوە. نە خوێندنەوەی سیاسی و نە هەنگاوی ستراتیجی و نە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی نوێ لەسەر پرسە گەرماوگەرمەکانی ئەمرۆی کوردستان لەئارادا نیە.

هەردولاش ئەوەندەی سەرقاڵی وردەکاریەکانی دابەشکردنی کورسی بون، هیچ کات نەچونەتە نێو گفتوگۆی سیاسی و یەکخستنی بۆچونەکانیان.

سەرنجی دووەم: گۆڕانی نەوشیروان مستەفا، لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرگەرمی سەرخستنی بەرنامەی سیاسی و بردنە پێشەوەی دیدگاو دنیابینی بزوتنەوەی گۆڕان بو. بۆیە زۆرتر کاری لەسەر کارنامەی سیاسی ئەکرد نەک رێژەی کورسی. راستە رێژەی کورسی گرنگی خۆی هەیە، بەڵام گۆڕانی نەوشیروان مستەفا ئەیزانی، بەتایبەت دوای تاقیکردنەوەی ٢٥/٧/٢٠٠٩، کەوا رێژەی بەدەسەت هاتو لەم سیستەمەدا، ئەو کاریگەریەی لەسەر ئاستی بڕیاردان لە پەرلەمانەکاندا نابێت. گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا، لەبەر ئەوەی هیچ دیدگایەکی ئیسڵاحی و گۆڕانخوازانەیان نەماوەو بونەتە بەشێک لە قوتابخانەی تەقلیدی سیاسەتی کوردەواری و هیچ متمانەیەکی جەماوەریان نەماوە، بۆیە زۆرتر کار لەسەر بەدەستهێنانی کورسی ئەکەن و ئەوەش بە تەنها رێگای مانەوەو سەرکەوتن ئەزانن، لە کاتێکدا ئاساییە حزبی سیاسی لە قۆناغەکاندا، هەڵکشان و داکشان لە رێژەی کورسیەکانی روبدات، گرنگ بەردەوام بونە لەسەر هێڵە فکری و سیاسیە تایبەت و جیاوازەکان. بەڵام گۆڕانی دوای کاک نەوشیروان، هیچ هێڵێکی فکری و هیچ بەرنامەیەکی سیاسی جیاوازی نیەو تەواو خزاوەتە نێو مەنزومەی ئیدارەدانی هەرێمەوە، بۆیە ناچارە وابیربکاتەوە کە تەنها ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن و مانەوەی لە بەدەست هێنانی کورسیدا دەبێت. چۆنیش بەدەست دێت ئەوا مەعلومی هەمو لایەکەو هیچ نهێنی و سیحرێکی تیا نەماوە!.

سەرنجی سێیەم: بۆ خۆم دژ بە رێککەوتنی ئەو دوو حزبە نیم، گەر لەسەر بنەمای رێککەوتنە ٢٥ خاڵیەکە بوایە، بەوەش گرنگی راستەقینەو کاریگەری بەسەر پرۆسەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەوە ئەبو لە کوردستاندا. بەڵام ئێستا لەسەر بنەمای سواڵی کورسی و خێرو سەدەقەو پەلەقاژەی مانەوەیە، نەک دیدگایەکی هاوبەشی رۆشن لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان. گۆڕان دەبوایە لەگەڵ ناوخۆی خۆی و بەرەی گۆڕانخوازان و دواتر بازنەی فراوانی ریفۆرمخوازیدا هاوپەیمانێتی بکردایە، لەبری کورسی خەمی بەرنامەیەکی گەورەی گۆڕینی هاوسەنگی بوایە بەقازانجی دیدگایەکی نوێ بۆ پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا (ئەو دیدگایەی کە نەوشیروان مستەفا هەر لە ٢٠١٠ ەوە کاری بۆ ئەکرد و بناغەی بۆ دائەنا، دور لەهاشوهوشی نەتەوەچێتی موزەیەف). بەڵام رابەرانی ئێستای گۆڕان کە خاڵین لەهەر 'دنیابینیەکی نەوشیروانانە' نەیانتوانی لە دەرەوەی بازنەی تەقلیدی هاوپەیمانی ، هەنگاوێک بەو ئاراستەیە بنێن. وەیا ئەوەندە متمانەیان بە خۆیان مابێت سەربەخۆیانە برۆنە نێو ئەو تاقیکردنەوەیەوە، وەیا ئازایانە بڕیاری بایکۆت بدەن گەر بزانرێت ساختەکاری رێکخراوی تیا ئەکرێت وەک جاران.

باشترین هەنگاوێک بۆ گۆڕان، لەدەرگادانی هاوڕێ وهاوسەنگەر و گۆڕانخوازە جدیەکان بو، دواتریش لە دەرگادانی سەرجەم ئەو لایەنانەی کە دەکرا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی هاوبەشدا کۆببنەوە، بەوەش دەروازەی گەورەی جەمسەرگەریەکی بەهێز لە هەرێمدا دەکرایەوە. بەڵام کاربەڕێکەرانی ئێستای گۆڕان، رێگای ئیمزاکردنی سەنەدی لاوازی و خۆبچوککردەوەیان دا. بەوەش گۆڕان لە دیدگاوە، لە یاریکەرێکی گەورەو بەهێزەوە، لە روحێکی یاخی پڕ لە وزەوە، بو بە شەریکی پیلانێک بۆ دەستگرتن بە ژمارەی کورسیەوە.