زۆر جار قسه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته سه‌ر زاران و خه‌ڵك ده‌یڵێته‌وه گوایه " هه‌موومان پارتی بونێك قه‌رزارین " ئه‌مه چۆن هاتوه‌و له چیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه ، له‌وه ده‌چێت پارتیه‌كان زۆریان كه‌یف پێبێت ، له كاتێكا رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه راسته‌و پارتی قه‌رزاری هه‌موومانه ، كوردی باشور و پارچه‌كانی دیكه‌ش هیچ نه‌ماوه بۆ پارتی و به تایبه‌ت ماڵباتی بارزانی نه‌یكه‌ن ، بارزانی به پشتیوانی كوردی باشور چه‌ندین جار جگه له‌وه‌ی كراوه‌ته رێبه‌رو سه‌ركرده هه‌روه‌ها له مردن و گرتن و كوشتن و تیرۆر پارێزراوه، له سلێمانیه‌وه به هاوكاری خه‌ڵكی شاره‌كه گه‌یه‌نراوه‌ته‌وه بارزان ، كه له روسیا گه‌ڕاوه‌ته‌وه له به‌غداوه تا كوردستان خه‌ڵك له پێشوازیدا بووه ، كه چووه‌ته رۆژهه‌ڵات هه‌موو له پێشوازیدا بوونه ، دواتریش به هاوكاری خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات له ئاراسه‌وه نێردراوه بۆ سۆڤیه‌ت " روسیا" ، له هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا كردویانه به براگه‌وره‌و سه‌رۆك ، له كێشه‌كانیشدا زۆربه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی ، كه‌ركوك ، گه‌رمیان پشتگیری ئه‌ویان كردووه.
له ئه‌یلولی شه‌ست و یه‌كه‌وه تا ئه‌و رۆژه‌ی پێشمه‌رگه‌كان به كزی و داماوی رێی خۆ به ده‌سته‌وه دانیان گرتبوو، خه‌ڵكی كوردستانی باشور هیچ نه‌ما بۆ پارتی و بارزانی نه‌كه‌ن ، ئیتر بۆ ده‌بێت پارتی قه‌رزاری هه‌موومان نه‌بێت و ئێمه پارتی بوونێك قه‌رزار بین ، ئێستاش پارتی به 45 كورسیه‌وه كه كه‌س نازانێ چۆن هێناویه‌تی حوكمی هه‌موو كوردستان ده‌كات و له هه‌موو روویه‌كیشه‌وه سته‌م له سلێمانی و گه‌رمیان ده‌كات چونكه له حكومه‌تا تا راده‌یه‌كی زۆر ئێره‌ی له بیر كردووه ، هه‌ڵبه‌ت به سپۆنسه‌ری هاوبه‌شه‌كانی .
له هه‌رچوار به‌شی كوردستان سه‌ركرده‌یه‌كی كورد نادۆزیته‌وه پشتگیری له پارتی و بارزانی نه‌كردبێت ، هاوكاریانی نه‌كردبێت ، ماڵێك نیه خۆراك و پێویستی له كاتی پێویستا نه‌دابێته پارتی و ماڵباتی بارزانی ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر جار پارتی شه‌ڕی لایه‌نه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانی كردووه ، باشه پارتی قه‌رزاری خه‌ڵكه، یان خه‌ڵك پارتی بونێك قه‌رزاره ؟.
كاتێك رێكه‌وتنی پارتی و حكومه‌تی عیراقی تێكچوو له هه‌موو باشوری كوردستان كوردێك نه‌ما ده‌ستی چه‌ك بگرێت و نه‌چێته پشتی بارزانیه‌وه ، كه‌چی دوای یه‌كساڵ ئه‌و یه‌كده‌نگیه هه‌ره‌سی پێهێنراو بارزانی و ده‌ورو به‌ره‌كه‌ی به ئاشكرا به خه‌ڵكیان وت خۆتان چاری خۆتان بكه‌ن ،ره‌نگه ئه‌وه ناخۆشترین رۆژه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كورد بن ، كه‌واته‌كێ به كێ قه‌رزاره و كێ ده‌بێت قه‌رزی كێبداته‌وه ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیرۆك ده‌گێڕنه‌وه ئه‌گه‌ر به ویژدان و به‌راستی و هه‌قیقه‌ته‌وه باسی ئه‌و سات و سه‌رده‌مه نه‌كه‌ن ئه‌وه به‌ر له‌وه‌ی خیانه‌ت له میله‌ته‌كه‌یان بكه‌ن خیانه‌ت له ویژدانی خۆیان ده‌كه‌ن .
به باوه‌ڕی من پارتی قه‌رزای ئه‌و مناڵه‌شه كه ئه‌مڕۆ له دایك ده‌بێت ، نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی باپیری یان باوه‌گه‌وره‌ی پارتی بووه یان پێشمه‌رگه ، نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی داپیری یان دایه گه‌وره‌ی نانی بۆ پێشمه‌رگه ئاماده كردوه‌و جێی بۆ راخستون ، له به‌ر ئه‌وه نا له به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی ئێستا به پاڵپشتی یه‌كێتی و گۆڕان و هه‌ندێك ده‌ست و پێوه‌ندی تر حاكم و خاوه‌نی سه‌ره‌كی كوردستانه‌و چی بووێت ده‌یكات .
له راستیدا هه‌موو حزبێك به قه‌باره‌ی خۆی قه‌رزاری خه‌ڵكه‌و خه‌ڵك قه‌رزاری ئه‌و نیه ئه‌مه بۆ یه‌كێتی و گۆڕان و ئه‌وانی تریش دروسته.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی