بۆ کاک ئایدین مەعروف… زۆر بە کورتی!

04/06/2021

ئاری هەرسین


عادەتێکی زۆر خراپی ئێمەی کورد ئەوەیە، کە بۆ ئەوەی دڵی شۆڤێنیستی عەرەب و تورکمان لێ نەڕەنجێت، شانازی بە کورد بوونمانەوە ناکەین. بستێکی خاکی پیرۆزی کوردستان لەبن دەستی خۆمانە، کەچی بەم ڕۆژگارە خەریکی دڵڕاگرتنی ئەم و ئەوین بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە کوردستان تۆزقاڵە زاڕەیەکیش موڵکی کوردە. لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش حیزبی قەومی (نەتەوەیی) تورکمان، ئاشوری و عەرەبی بونیان هەیە، کە چی هەتا ئێستا لە کوردستان حیزبێک نیە بەناوی پارتی نەتەوەیی یان بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد.

لە ڕاگەیاندنەکاندا بۆ چوونێکی کاک ئایدین مەعروف بڵاوبۆتەوە کە (لابد منها) پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکەین. کاک ئایدین پێی وایە کە ئەم ئاڵایەی ئێستای کوردستان و سرودی ئەی ڕە قیب زیادە ن و لەگەڵ کۆمەڵگەی فرەنەتەوەیی ئێستای کوردستان ناگونجێت. جارێ پێش هەموو شتێک ئینسان لە خۆی دەپرسێت: عەجەبا لە ئێستادا کە تورکمان لە کەمینەدان (لە ڕوی ژمارەوە) کاک ئایدین بەم جۆرە قسەمان لەگەڵ دەکات… ئینجا خۆ ئەگەر زۆرینە بونایە هەرچی بیگوتایە کوردم نەیاندەدایە بەر شەق؟!

کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە لە پێناو شەکانەوەی ئەو ئاڵایەدا لەشکرێک ئینسانی کورد شەهید بوون، کەم ئەندام بوون، بە هەتیوی گەورەبوون و ئاوارە ی وڵاتان بوون. کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە لە جەلادخانەکانی بەعسدا ئافرەت و پیاوی شۆڕشگێڕی کورد ملوانکە شەرە فمەندەکەی پەتی سێدارەیان دەکرایە مل، بە سرودی ئەی ڕە قیبەوە دە چونە بەهەشتی بەرینی شەهیدانەوە. بۆیە دەبێت کاک ئایدین لەوڕاستیە ڕەهایە تێبگات کە ئاڵا و ئەی ڕەقیب هێڵی سورن و تەنانەت قابیلی موناقەشەش نین. کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە هەر کەس باسی لەناوبردنی پیرۆزیەکانی کورد بکات، نەک سەری خۆی، سەری باوک و باپیرانیشی دای لە بەرد. هەرکەس و لایەنێکیش موساهەمە لەسەر ئاڵاو ئەی ڕەقیب بکات ئەوا خائینە بە خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی