سیاسەتکارەکان چۆن خۆیان دەبینن

08/06/2021

کەمال چۆمانی

گرنگ نییە سیاسەتکارەکان چۆن خۆیان دەبینن، هیتلەر و سەدام و قەزافییش خۆیان جوان دەبینی، بەشار ئەسەدیش پێیوایە قوربانییە. ئەوەی گرنگە، خەڵک، بەتایبەتتریش چینی خوارەوە و هەژاران و ئینجا چینی ناوەڕاست چۆن سیاسییەکان دەبینن. لەوەش گرنگتر، ئەوەی سیاسەتکارێک دەناسێنێت، قسەکان و خۆبینینی نییە، بینینی دەوروبەرەکەشی نییە بۆی، بەڵکو کردارەکانیەتی.

کرداری سیاسییەکان بەوە ناپێورێن کە چییان بۆ بنەماڵە و کەسانی دەوروبەر و حیزبەکەیان کردوە، بەوانە دەپێورێن چییان بۆ گروپ و چینە هەرە رەنجبەر و بێدەرەتان و بێدەستەڵاتەکانی کۆمەڵگە کردوە. بەو پڕۆژانە دەناسرێن کە ژیانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابوریی و کەلتوریی خەڵکیان بۆ باشتر گۆڕیوە.
کرداری سیاسییەکان ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتایییە رۆژانەیییە نین کە لە هەبون و نەبونیاندا باشتر یان خراپتر ئەنجامدەدرێن، بەڵکو ئەو پڕۆژانەن کە خۆشگوزەرانیی دەیان ساڵی خەڵک دەستەبەر دەکەن.

سیاسەتمەدارێک نادۆزیتەوە شەڕبکات بۆ خوێندن و تەندروستیی بەخۆرایی و چاککردنی ئەو دو بوارە، سیاسەتمدارێک نادۆزیتەوە لە دەرەوەی نەوت و پارە ئاسانەکەی بیتوانیبێت یان بتوانێت ئابوریی وڵات پێشبخات یان لە دونیابینییدا سیاسەتێکی رون هەبێت بۆ پێشخستنی بواری ئابوریی وڵات. سیاسییەکان چۆن خۆیان دەبینن گرنگ نییە، دەوروبەرەکەشیان چۆنی دەبینن هەر گرنگ نییە، گرنگ ئێمەین، خەڵک، کە چۆنیان دەبینین. گرنگ نییە ژیانی خۆیان یان دەوروبەریان دەگۆڕن، گرنگ خەڵکە چۆن ژیانیان بۆ باشتر دەگۆڕن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی