چی دەگوزەرێت لەبارەی شەڕی قەندیلەوە

09/06/2021

فاروق عەبدوڵا

زۆربەمان بەدووربینێکەوە خەریکی تەماشاکردنی قەندیل و دەوروبەرین ! 
سەرنج لەسەر چەک و شەڕ و داربڕین و دوکەڵی بۆردومانە .
ئەوە چی ڕوودەدات؟ چۆن لەو دۆخە تێبگەین؟ 
هەندێک سەرپێیانە   باس لە شەڕی براکوژی! دەکەن . 
هەندێک ئاو و هەندێک بەنزین بەئاگری شەڕدا دەکەن .
چی دەگوزەرێت و کێ شەڕی دەوێت و بۆ؟
لەڕاستیدا کەسێک ئەگەر بڕیاری ئایدۆلۆجی و حیزبی و عاتفی و ڕۆبۆتانەی نەدابێت و یەک لەسەدی ویژدان و عەقڵی بخاتەکار هەرزوو بەو ئەنجامە دەگات کە ئیتر ئەوە دەوڵەتی تورکیاو هاوپەیمانەکانێتی کە شەڕ وەک زەروورەت دەبینن لەبەرئەوەی ئێستا ئیتر قەیرانی ئابوری و سیاسی و حکومڕانی و تەنانەت ئەخلاقیش یەخەی کۆمەڵێک دەوڵەت و کیانی نیمچە دەوڵەتی گرتووە لەبەشێک لەوڵاتانی ئەم ناوچەیە ، قەیرانێک کەئاسۆی چارەسەری دیار نیەو بگرە قەیرانێکیتر و گەورەتر ( کەشەڕ نمونەیەکێتی) کراوەتە چارەسەری ئەم جۆرە لەقەیران و بەم پێیە ئێستا هەندێک دەوڵەت خەریکە بەتەواوی دەبنە دەوڵەتی حەربی! دەوڵەتێک کە هێزو هەناسەو مانەوە لەشەڕ و فەوزا وەردەگرن. تورکیا ئیتر نمونەیەکی تەواو ئاشکرای ئەم جۆرە لەدەوڵەتەو ئەگەر بێتو خاشاکی سیاسی و حوکمڕانییەکەی ڕەوانەی ئەودیو سنورەکان نەکات ئەوا لەئەنقەرەو ئەستانبوڵ بۆگەنی سیاسی وا بڵاودەبێتەوە کە قابیلی قبوڵی جەماوەری تورکیا نابێت و چارەنوسی ئاکەپەو ئەردۆغان دەخاتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی داڕمانێکی چاوەڕواننەکراو.

 ئەوە دەربڕین و لێکدانەوەیەکی تاڕادەیەک تەقلیدی و بگرە تەمەڵی بیرکردنەوەشە کە پێتوابێت خەونی گەڕانەوەی عوسمانی لەسەر مێزی ئۆفیسی ئەرۆغانەو سوپای عوسمانیش بەهەرچوار تەرەفدا خەریکی فەتح و داگیرکارین . نەخێر ئەوە ڕاکردنە لە تێگەشتن لە دەردی دەروونی و ناوەخۆیی و ئەوەی ڕوودەدات ڕزگارکردنی ئەنقەرەیە نەک داگیرکردنی تەرابلوس و دیمەشق و ... چونکە ئێستا ڕۆژگاری سوڵتانەکانی عوسمانی نیەو ئەگەر هەیە لەیەک عەقدی بازرگانی و ڕێکەوتنی تاکتیکی ڕوسیە و ئەمریکا یان چین یان ... عەبای سەرشانی سوڵتان بابیبات و خەونی عوسمانی ببێتە خەونی ڕێویەکی گەڕ کە بە بەرماوەی کەمتیارێک و چەقەڵێک بڵێت نعم اللە . 

بەهەرحاڵ ئێستا دۆخێکی مەترسیدار بوونی هەیە و ئەوەی دەگوزەرێت کەمترین پەیوەندی بەقەندیلەوە هەیە ! و بۆ ئەوەی بزانین چی ئامانجێک لەپشت شەڕی قەندیلەوەیە ، ئەبێت دووربینەکانمان لەسەر قەندیل لادەین و بەچاوی ئاسایی شتەکان ببینین چونکە ئەوەی دەگوزەرێت شەڕی پاڵ دەستمانە شەڕی دەوڵەتی حەرب و حکومەتی هەرێمە لەپێناوی ( بەرگرتن بەئەگەری  چاوەڕواننەکراوی جوڵەی  خەڵکی ستەملێکراو و بەدبەخت و ناڕازی چ لەتورکیا چ لەهەرێمی کوردستان ) و هەوڵی جێگیرکردنی دۆخێکی سەربازی و سەرکوتگەرانەیە بۆ بەرگرتن لەئەگەری هەرکاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و فەسادو دزی و کاولکارییەی کەبەسەر خەڵکیاندا هێناوە کە نەپێیان چارەسەر دەکرێت نەدەیانەوێت وابکەن و نەدەشتوانن لەجەوی ئارام و ناشەڕدا درێژەی ( زۆر درێژتر لەوەی ئێستا) بەحوکمڕانی بدەن.

بەم پێیە ئێستا شەڕ لەڕواڵەت شەڕی سەربازییە بەڵام بەناوەڕۆک شەڕی قەیرانی حوکمڕانیە ، شەڕێکە لەبری ئەوەی خەڵک بڵێت کوا موچەکەم وایلێدەکەن بڵێت هەر شەڕنەبێت ئەوە دەسکەوتەو خواخراپتر نەیات!
هەربۆیە لەبەرامبەر ئەم شەڕەدا کە دەسەڵاتە قەیراناویەکان شەڕیان هەڵبژارد ئەوا بەپێچەوانەوە مەیدانی تۆ نــــاشەڕەو نەک هەرئەبێت بێلایەن یان لایەنگری شەڕ نەبیت  بگرە ئەبێت دروشم و هەڵوێستی دژەشەڕیت بەریتە ئاستێک کە بەتەواوی سیحری دەوڵەت و کیانەکانی حەرب بەرەو کاڵبونەوە تانەمان بەریت.

بەڵێ پێویستە دووربینەکان لادەین چونکە  شەڕ لەبەردەرکی ماڵە!
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بەپەکەکە ، پێدەچێت شەڕ بۆ ئەوان پێویستی بەدانانی دووربین بێت نەک لابردنی و واپێویست بکات سەیری ئێمەو ئامەدو ئەنقەرەبکەن و بەمیکانیزمێکی گونجاو و کارساز سیحری ئەو شەڕە بەتاڵ بکەنەوە ئەویش بەوەی کەمترین شەڕی ناچاری خۆپارێزی و گەورەترین شەڕی بێچەکی سیاسی و جەماوەری لەتورکیاو ناوچەکەو جیهان بەرپابکەن و ئەو زەخیرە و هێزە ڕێکخراوەی هەیانە لەدونیادا بیخەنەپاڵ دەنگە ئازادەکان و بزوتنەوەی دژەشەڕ و سەرەتایەکی تایبەتتر لەخەباتی سیاسی پیادەبکەن و لانی کەم لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدابن کە خەڵکێکی زۆر پێیوایە پەکەکەو هاوشێوەکانی بەشێکی جدین لەمەیدانی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و دونیایەکی باشتر لەناوچەکەدا .
بەهیوای پوچەڵکردنەوەی پلانی بازرگانانی شەڕ و جێگیربوونی ئارامی . ئەو ئارامیەی کە دەوڵەتی تورکیا و هاوشێوەکانی تیایدا تەنگەنەفەس ئەبن .



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی