کوردایەتی بۆ ناشرین بوو؟!

17/06/2021

بەیار عومەر

نەبونی دەوڵەت و کیانێک بۆ ٤٠ ملیۆن کورد، پاساویداوە بە هەبوونی جوڵانەوەیەک بە ناوی کوردایەتیەوە. بەڵام ئەو کوردایەتیەی کە ئێستا پارتی نوێنەرایەتی دەکات، لە ناو زۆرینەی خەلکی کوردستانی عێراقدا بێزراو و ناشرین بووە؟! بۆچی؟!

١-لە ژێر ناوی کوردایەتیدا، مانگی زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەچێتە گیرفانی پارتی ودۆستەکانیەوە لە حیزبەکانی تر.
٢-لە ژێر ناوی کوردایەتیدا، مانگی زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی کوردستان دەچێتە سەر حسابی حکومەتی تورکیا و کۆمپانیا و بانکەکانیانەوە و ئەوانیش بەکاری دەهێنن بۆ لێدان لە پەکەکە و کوردانی باکور و هاوکات داگیرکردنی باشور و بڕینەوەی دارستانەکانی.

٣-لە ژێر ناوی کوردایەتیدا، زیاد لە ٣٠ بنکەی سەربازی و هەواڵگری تورکیا لە زۆنی زەردا هەیە و بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر خاکی کوردستانیان داگیرکردوە بۆ لێدانی پەکەکە و کوردانی باکور و هاوکات دابڕاندنی کوردانی هەر چوار پارچەکە لەیەکتری.
ژمارەی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمدا نزیکەی ٤ هەزار ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەیە. هەروەها چەندین فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و زرێپۆش و چەکی قورس لەو بنکانەدا هەن کە لە ناوچە سنوریەکانی دهۆک و هەولێردان.

سەرباری ئەوەی چەندین ساڵە پارتی میوانداری سوپای تورکیای کردوە بۆ لێدان لە پەکەکە و کوردی باکور، کەچی لە کاتی هاتنی داعشدا، ئامادە نەبوون هاوکاری پێشمەرگە بکەن بۆ پاراستنی هەولێری پایتەخت؛ نەک هێزی زەمینیان نەجوڵاند، تەنانەت هێزی ئاسمانیشیان بەکارنەهێنا.
ناچار پەکەکە و یەکێتی فریای مەخمور و هەولێری پایتەخت کەوتن. بەڵام بەداخەوە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئێستا وەزیرەکەی یەکێتیە بەیاننامە دژی پەکەکە دەردەکات و ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆشدەکات، بۆ دڵڕازیکردنی پارتی. واتە ڕیسەکەی خۆیان دەکەنەوە بە خوری.
تورکیا بە بیانوی پەکەکەوە دەیەوێت قەندیل داگیربکات و کوردی هەر چوار پارچەکە لەیەک داببڕێت و چیتر کوردی هەر پارچەیەک نەتوانێت پشت بە پارچەکانی تر ببەستێت و ئەوەی پێیدەوترێت قوڵایی ستراتیژی نەتەوەی کورد نەیهێڵێت. دواجار ئەو سنورە پڕ بکات لە تیرۆریستە بەکرێگیراوەکان هاوشێوەی لیبیا و سوریا. ئەمەش ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە.

دوا فێڵی پارتی و تورکیا بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان، سیناریۆیەکە بە ناوی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە؛ دەیانەوێت لە ژێر ناوی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، هێزەکانی ٧٠ ی یەکێتی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و هیچ ڕکابەرێکیان نەمێنێت و بە تەواوی حوکمی دیکتاتۆریانەی خۆیان بەسەر ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕیندا بسەپێنن. هەروەها بنکەی سەربازی سوپای تورکیا ومیتیش بهێننە ئەم دەڤەرە بۆ لێدانی زیاتری پەکەکە.
هێزێک ئامادە بێت هێرش بکاتە سەر ئەندام پەرلەمان و ئامادە نەبێت تاوانباران بدات بە دادگا و لە ژێر فشاردا تاوانباران دەرباز بکات بۆهەولێر؛ ئایا هێزێکی وا سەرکوتکەر دەتوانێت سوپای بێلایەن و نیشتیمانی دروستبکات؟!
هێزێک چەندین ڕۆژنامەنوسی بێتاوان لە بادینان لەسەر ئازادی ڕادەربرین زیندانی بکات، و بە ساختە کەیسەکەیان بکات بە تیرۆر؛ ئایا دەکرێت هێزێکی لەم چەشنە باوەڕی بە سوپا و دامەزراوەی نیشتیمانی هەبێت؟!

لەم قۆناغەدا یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە باشترە لەوەی کە هەمووی بچێتە ژێر کۆنترۆڵی پارتیەوە و ئەوانیش لە ژێر ناوی کوردایەتیدا سوپای تورکیا بێنن بۆ پەلاماردانی پەکەکە و کوردانی باکور، و چەوساندنەوە و کۆیلەکردنی کوردانی باشور.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی