جەنگی براكانمان ناوێت

17/06/2021

رێبین عومەر


خەڵكی كوردستان گیرۆدەی یەك كۆڵ گرفت و كێشە و تەنگەژەی ئابووریی و سیاسی و تەنانەت كۆمەڵایەتیش بوون و باش لەوە گەیشتوون كە دەبێت هەر وەك میللەتێكی تری دنیا، لە سایە و سەیوانی خێر و بێری وڵاتەكەیان لانیكەم لە ئارامی و ئۆقرەییدا بژین.

هاونیشتمانیان شەڕی براكوژیان ناوێت
هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمە، جەنگ و براكوژی و كوشتنی براكانیان ناوێت، لەوبارەیەشەوە خاوەن مێژوویەكی خوێناوین كە بە هەڵەی هێزە سیاسییەکان كەوتوونەتە گیانی یەکتری.

رووداوە رەشەکانیش لە مێژوودا روون و دیارن کە چۆن کوردیان لەڕو لاوازکرد و مێژوویان نابوت کرا. براکوژی مێژووی رەشی رابردوو ناو و ناوبانگی کوردی لەدنیادا ناشرین کرد.

جەنگی ناوخۆیی لەدوای راپەڕینی 1991 و تاگەیشتە ترۆپکی سڵنەکردنەوە لەهیچ پیرۆزییەک لە ساڵی 1996و پەلاماردانی براكان و خوێنڕشتنیان چی لێ سەوزبوو؟ جگە لە خۆ ناشرینكردن و دروستكردنی شەرمەزاریی بۆ مێژووی نەتەوە و گەلێک کە خاوەنی رەواترین دۆزە لە جیهاندا.

هیچ كەس جەنگی ناوێت، كەس بەوە خۆشحاڵ نییە كە كورد دووبارە بە فیتی دوژمنەكانی خوێنی یەكتری بڕێژێت و دوژمنایەتی ناوخۆیی قووڵبکاتەوە.

تەنانەت خاك و بەرد و ئاو و هەوای ئەم كوردستانەش، نایەوێ جەنگی لەسەر بكرێ و خۆی بە موڵكی هەمووتان دەزانێ، ئیتر بۆ پەنا بۆ کوشتن دەبەن و حەزی داگیرکەران دەهێننەدی؟

هەق نییە بە پیلانگێڕیی نەیارانی ئەزەلیی بوونی هیچ قەوارەیەکی کورد بكەونە گیانی یەكتریی وەك دار بۆ دەسكی تەور كە هەر لەخۆیەتی و یەكتری ببڕنەوە و یەكتری كەرت و پەرت بكەن.

خەڵك و رای گشتی كوردستان جەنگیان ناوێت، نایانەوێت کورد تێک بەربێت. ئیتر لەسەر قەندیل بێت یان لەسەر شنگال یان لەسەر تەواوی خاكی زاگرۆزنشین.

تفەنگەكان روو لە دوژمن بكەن
وا باشترە جەنگی سیاسی لەسەر ئەو ناوچە کوردستانییانە بكەن کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە و ناوچەی کوردستانین و بە هەڵە و لوتبەرزیی خۆمان و ریفراندۆمێکی نا مەدروس لەدەستمان دا.

هیچ كەس لەم وڵاتە، جەنگی كوردكوژی ناوێت، كەس لەگەڵ ئەوەدا نییە بە (جیپیئێس) و زانیاریی و پشت بەستن بەپلانی داگیركەران، كورد راوی یەكتریی بكات و کەس نییە لەگەڵ جەنگی برا و خوشکەکان بێت.

هەموومان یەك خاك و یەك زمان و یەك چارەنووسمان هەیە، با بەر بەیەكتركوشتن بگرین و بە دیالۆگ بگەینە چارەسەر.

بیرتانە كە مام جەلال، بەتەنها بۆ ئەوەی جەنگی ناوخۆیی رابگرێت، خۆی گەیاندە ناوچەی جێ نفوزی پارتی و دەستی بۆ ئاشتی راكێشا تا چیتر خوێنی کورد بەدەستی کورد نەڕژێت؟

بیرتانە لە 1998 لە واشنتۆن چۆن دەستی بۆ ئاشتی و راگرتنی جەنگ درێژكرد و غروریەتی تێدانەبوو؟ بەلایەوە نەنگی نەبوو؟

ئێوەش فەرموو مێژوو بخولقێنن، نەک لەبەر بەرژەوەندیی بچنە بەرەی جەنگی دژبە براکانتانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی