کاتێک پەرلەمان دەکرێتە شوێنی موزایەدە

08/07/2021

ھیوا سەید سەلیم

بەشێکی پەرلەمانتاران بڕیاریاندابوو ڕێگا نەدەن پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێک ئەنجامبدات تا سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک تەرخان نەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی 21٪ مووچەی فەرمانبەران،  پابەندکردنی حکومەت بەگێڕانەوەی پارە لێبڕاوەکە، دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا.

شایانی باسە بەبڕیاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم فەرمانبەران جگە لەپلە تایبەتەکان 21٪ لەمووچەکەیان دەبڕدرێت، ئەو بڕیارەش لەلایەن حکومەت ناونراوە سیاسەتی خۆگونجاندنی حکومەت، گوایە حکومەت لەگەڵ ئەو داهاتەی دەستیدەکەوێت خۆی دەگونجێنێت‌و بڕینی 21٪ یەکسانە بەو داهاتەی کە دەگاتە خەزێنەی حکومەت.

لەلایەکی دیکەوه‌ بڕیاری لێبڕینی موچە لەلایەن حکومەت گوایە بۆ ئەوەبووە کە حکومەت بتوانێت لە30 ڕۆژ جارێک مووچە بەسەر فەرمانبەران دابەشبکات، بەڵام لەگەڵ بەردەوامی لێبڕینی مووچە هێشتاش نەتوانراوە مووچە بە30 ڕۆژ دابەشبکرێت.

وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر ئەو بێسەروبەریە لەناڕوونی لەداهات‌و سەرفیات لەهەرێمی کوردستان، سیاسەتی لێبڕینی مووچە، دەنگێکی بەهێز لەنێو پەرلەمان توانیان سەرۆکی پەرلەمان ناچاربکەن ئەویش ئەستۆپاکی خۆی لەو بڕیارەی حکومەت دەرببڕێت.

هەروەها فشارەکان سەریانگرت، کۆبوونەوەی 28ی مانگى پێشووى پەرلەمان کە بەشێک لەوەزیرە پەیوەندیدارەکانیش تیایدا ئامادەبوون، بەشی هەره‌ زۆری بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبرێنی مووچە تەرخانکرا.

لەو کۆبوونەوەی پەرلەماندا زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنەوه‌ بەئاڕاستەی هەڵوەشاندنەوەی لێبڕین‌و ڕەخنەگرانە قسەیان کرد، بەڵام قسەکان هیچی لێ شین نەبوو، چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمان نەچووە ژێرباری ئەوەی کۆبوونەوە بەبڕیارێک دەرچێت کە حکومەتی هەرێم پابەندبکات بەهەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە.

ئەوەی لەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان جێگای تێبینیبوو هەڵوێستی بەشێک لەپەرلەمانتارانی سەر بەفراکسیۆنەکانی دەسەڵات بوو کە وا قسەیان دەکردو ڕەخنەیان دەگرت کە هەڵوێستەکانیان لەهەڵوێستی پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکانی تێپەڕاند بوو.

دانیشتنی 28ى مانگی پێشوى پەرلەمان جگە لەزویربوونی کاتیی دوو وەزیر، هیچی دیکەی لێ شین نەبوو، بۆیە لەئێستادا پەرلەمانتاران بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوونە، کە لەو کۆبوونەوەی 28ى مانگ زۆربەیان هاوهەڵوێستبوون لەسەر دژایەتی لێبڕینی مووچە.

بەرەیەکیان داوادەکات پەرلەمانی کوردستان بڕیارێک دەربکات کە حکومەت پابەندبکات بەهەڵوەشاندنەوەی لیبڕینی مووچە، بەرەكەی دیکەیان دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە نایانەوێت دڵی حکومەت لەخۆیان بڕەنجێنن، تا پێیان دەکرێت دژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە.

لێرەدا تێدەگەین ئەو پەرلەمانتارەی لەکۆبوونەوەی 28ى مانگ دژی لێبڕین بووەو ئێستا کۆسپ بۆ دەرکردنی بڕیاری پەرلەمان دروستدەکەن قسەکانی ئەو رۆژەی موزایەدە بوونە، بۆ خۆ دەرخستنی بەردەم شاشەکانی تیڤی‌و خۆڵکردنە چاوی جەماوەر بووە.

شایانی باسە دانیشتنەکەی پەرلەمان کە شەو ڕۆژێکی خایاند وێڕای ئەوەی بێئەنجام تەواوبوو، وە نەک حکومەت ناچاری هەڵگرتنی لێبڕین نەکرا، بگرە لەم مانگەدا دابەشکردنی مووچەش خاوەخاوی تێکەوت، بەشێوەیەک بەشێک لەوەزارەت‌و دەستەکان 40 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لێبڕینیش سەربارى ئەوەیە کە دەوترێت (چاکی مەکە با خرابتر نەبێت).

لێردا دەپرسین ئەرێ ئەو میللەتە داماوەی کوردستان شایەنەی ئەوەیە مووچە کە کەمترین مافی خۆیەتی بەو شێوەیە پێیبدرێت؟ ڕۆژێک بۆی پاشەکەوت بکرێت‌و ئێستاش 21٪ لێببڕدرێت، موزایەدەکانی ناو پەرلەمانیش سەربار.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی