ئەوشەوەی ئەمریکا لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە

10/07/2021

سەردەشت محه‌مه‌د

دوابەدوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 بۆسەر ئەمەریکاو دواجار ڕەتکردنەوەی داواکاریەکانی ئەمەریکا بۆ ڕادەستکردنی ئوسامەبن لادن‌و بەرپرسانی قاعیدە لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبارکرابون بەوەی کە ئەنجامدەری ئەو هێرشانەبون کە تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی‌و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایان (پنتاگۆن) کردبووە ئامانج‌و بەوهۆیەوە نزیکەی سێ هەزار کەس کوژران‌و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون‌و زیانێکی گەورەی ئابوری بەر ئەمەریکا کەوت.

ئەمریکا شەڕی لەدژی تیرۆرزمی جیهانی دەستپێکردو لەهەنگاوی یەکەمیشدا ئەمەریکا بەھاوکاری ھێزەکانی ناتۆ لەڕۆژی 7ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ ھێرشی بۆسەر ئەفغانستان دەستپێکردو لەماوەیەکی دیاریکراودا توانی حکومەتەکەی تاڵیبانی بڕوخێنێت‌و هێزەکانی بباتە ناو ئەفغانستانەوە، ئەمەریکا بەدرێژای ئەم 20 ساڵە لەهەوڵی ئەوەدابوو کە حکومەتێکی دیموکراسی لەئەفغانستان دابمەزرێنێت، بەڵام دواجارو دوای خەرجکردنی نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلارو بەکوشتدانی دوو هەزار سەربازی وڵاتەکەیی‌و برینداربون‌و کەمئەندامبونی هەزارن سەربازی دیکە، سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەئەفغانستان خستەبواری جێبەجێکردنەوەو وابڕیارە تاوەکو مانگی نۆی ئەمساڵ هەموو هێزەکانی لەئەفغانستان بباتە دەرەوەو بەمەش واچاوەڕواندەکرێت کە  ئەفغانستان بکەوێتە دەست هێزەکانی تاڵیبان.

کشانەوەی ئەمەریکا لەئەفغانستان پەردەی یەکەمی ئەو شانۆیەیەو ڕەنگە نمایشکردنی بەشی دووەمی ئەم شانۆگەرییە لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان بێت‌و ئەمەریکا هاوشێوەی ئەفغانستان لەدرەنگانێکی شەودا ئێرەش بەجێبهێڵت، ئەوەی وادەکات هەمووان کشانەوەی ئەمەریکا لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان بەڕوداوێکی چاوەڕوانکراو ببینن ئەوەیە کە دەتوانرێت بەئاسانی بەراورد لەنێوان بارودۆخی هێزەکانی ئەمەریکا لەئەفغانستان‌و عێراقدا بکەن‌و ئەمەریکا لەهەردوو جێگەدا بێ پشتیوانەو تائێستا نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست ئەو ئەمانجانەی خۆی بەدیبهێنێت کە لەپێناویدا هێزەکانی خۆی بەکوشتداوە، ئەمەریکا بەدروشمی وەلانانی دیکتاتۆریه‌ت‌و دروستکردنی حکومەتێکی دیموکراسی ڕوی لەعێراق کرد، بەڵام واپێدەچێت لەئێستادا خودی ئەمەریکاش  گەیشتبێتە ئەوباوەڕەی کە نەک نەیتوانی کۆتایی بەسەردەمی دیکتاتۆرێت بهێنێت، بەڵکو دەرگایی بەڕووی چەندان هێزی دیکتاتۆری دیکەدا کردەوەو لەعێراقدا نەیتوانیوە لەو ڕوەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەتایبەت لەئێستادا کە میلیشیا شیعەکان بەئاشکرا داوای چۆڵکردنی عێراق دەکەن لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوەو بۆ ئەم مەبەستەش چەندینجار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدراوە، هەروەها لەهەرێمی کوردستانیشدا ئەمەریکا ڕوبەڕوی نائومێدییەکی زۆربووەتەوە بەتایبەت لەئێستاداو لەسەردەمی جۆبایدندا کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کارلەسەر ئازادی ڕادەربڕین‌و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکاتەوە‌و کەچی کابینەیی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێچەوانەی خواستەکانی ئەمەریکا زیاتر لەکابینەکانی دیکە پێچەوانەی ئەو خواستەی ئەمەریکایەو بەئاشکراو دوایی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەچالاکوانان‌و ڕۆژنامەنوسانی بادینان هەستمان بەنیگەرانیەکانی ئەمەریکا دەکرد کە ڕەنگە لەداهاتوودا ئەمەریکا ئەم نیگەرانیانەی ئێستای وەک بیانویەک بەکاربهێنێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان، کە دواجارو دوای 30 ساڵ لەخەبات‌و قوربانیدانی گەلی کورد مەترسی ئەوەدەکرێت کوردستان بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفرو ئەم قەوارەیەی ئێستا هەڵوەشێتەوە، چونکە گومان لەوەدانییە کە دوژمنانی کورد لەدەرەوەو ناوەوەی کوردستان لەدوی هەلێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد کەئازادیی‌و سەربەخۆیە لەباربەرن‌و جارێکی دیکە کورد ڕوبەڕویی جینۆسایدێکی مێژووی بکەنەوە، ئەگەرچی بەشێکی دیکە لەشەقامی کوردی کشانەوەی ئەمەریکا لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان بەکارێکی مەحاڵ دەزانن‌و پێیانوایە ئەمەریکا بەدوایی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیه‌تی‌و نەوت‌و داهاتی کوردستان بووە بەکۆتێک بۆ ئەمەریکاو بەئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی بێت لەناوچەکەدا، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە کەمناکاتەوە کەئەمەریکا تەنها شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات‌و ڕەنگە بەرژەوەندی لەوەدابێت لەنیوەشەوێکی چاوەڕوان نەکراودا کوردستانیش بەجێبهێڵێت‌و تەسلیم بەدوژمنانی کوردی بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی