گۆڕانكارییە خێراكان بەئاراستەی یەكلابونەوە‌ی ململانێ هەرێمییەكە

13/07/2021

محەمەد عەلی

لەدوای ماوەیەكی درێژ لەململانێ لەنێوان ئەمەریكاو ئێران لەلایەك‌و وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسرائیل لەلایەكی دیكە، ئیتر خەریكە گۆڕانكارییەكان لەناوچەكەدا بەئاراستەی یەكلابوونەوەی ئەم ململانێیانە هەنگاو دەنێت، بەتایبەتی گۆڕانكارییە خێراكان لەعێراق‌و ئەفغانستان.

سەردانەكەی سەرۆكوەزیری عێراق (مستەفا كازمی) بۆ ئەوروپاو كۆبوونەوەی لەگەڵ سكرتێری گشتیی ناتۆو دواتر ئەنجامدانی لوتكە سێقۆڵییەكی نێوان (ئوردن، میسرو عێراق) لەبەغدا، ئاراستەی حكومەتی ئێستای عێراقی بەرەو وڵاتانی عەرەبی یەكلاكردەوە، ئەم ئاراستەیە لەهەرێمی كوردستانیش بوونی هەیە، ئەوەتا سەردانی سەركردایەتیی هەرێم بۆ وڵاتانی ئەورووپی‌و عەرەبی، بۆ هەمان مەبەستە، لەبەرامبەردا ئێران هەنگاوە دژەكانی چڕكردووەتەوە، كە بۆ ئەم ئاراستەیەی سەرۆكوەزیرانی عێراقەو هەولێریش بێبەش نەبووە لەبەئامانجگرتنی لەڕووی ئەمنی‌و ئابوورییەوە، بەشێوەیەك ململانێی نێوان ئەمەریكاو ئێران لەناوچەكەدا چۆتە قۆناغی روبەڕوبونەوەی ئاشكرا، بەم شێوەش بێ مەودایەك نەماوەتەوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەڕێگەی گفتوگۆوە.

لەلایەكی ترەوە، ئەوەتا هێزە میلیشیا نزیكەكانی ئێران هێرشەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ سەر پێگەكانی  ئەمەریكاو هاوپەیمانان، هاوكات بەبەردەوامی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغداو بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) لەئەنبار دەكرێنە ئامانج، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ هێرشەكانی ئەم هێزانە بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كە پێگەی سەرەكی هاوپەیمانانە لەعێراق، لەبەرامبەردا بەفەرمانی ڕاستەوخۆی (جۆ بایدن) سەرۆكی ئەمەریكا، هێرشكراوەتەسەر چەند پێگەیەكی میلیشیا شیعییەكان لەعێراق‌و سوریا، گەڕانەوەی هێزە تایبەتەكانی فۆرت كارسۆنیش بۆ عێراق، ئاماژەیەكی ترە بۆ جدیبوونی ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی میلیشییا شیعەكان، هاوكات بەئامانجگرتنی تاوەرەكانی كارەباو بڕینی كارەبای هاوردە لەئێرانەوە بۆ عێراق‌و ڕێگریكردن لەناردنی پشكی هەرێم لەبەغدا، لەكوردستانیش بەتایبەتی لەسلێمانی سەرەتای هەنگاوەكان بەم ئاراستەیە دەستیپێكردووە بەسەركردایەتیی كوڕانی مام جەلال‌و بەهاوكاری سەركردەكانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی بەرژەوەندیی یەكێتی.

هاوكات، كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی خاكی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان، هەنگاوێكی تری ئەمەریكایە بەئاراستەی گەمارۆدانی ئێران بەهێزێكی ئیسلامیی نزیك لەوڵاتانی عەرەبی، چونكە ئەوەی ڕوونە كە دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە لەكەسایەتییە دیارەكانی وڵاتانی عەرەبی بوون، كە بەهەماهەنگیی نێوان ئەم وڵاتانەو ئەمەریكا بوو بۆ شەڕی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران چووبوون بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها ئەم گۆڕانكارییە خێرایە لەباڵانسی هێز لەئەفغانستان، بەرهەمی گفتوگۆیەكی درێژخایەنی نێوان ئەمەریكاو بزووتنەوەی تاڵیبان بوو بەسەرپەرشتیی  قەتەر كە لەدەوحە بەڕێوەچوو، هاوكات ئەم هەنگاوە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان قەتەرو سعوودیە دێت، ئەمەش بەواتای رێككەوتنی نێوان وڵاتانی عەرەبی‌و ناتۆ دێت تایبەت بەم گۆڕانكارییانە لەناوچەكەدا، كە بەدڵنیاییەوە ئامانجیان ئێرانە، بەشێوەیەك لەبەرامبەر پاشەكشە لەوڵاتانی عەرەبی، سنووری لەگەڵ ئەفغانستان ئارام دەبێت.

لەهەمووی گرنگتر، ئەم گۆڕانكارییانە ئەو ڕاستییە دووپاتدەكاتەوە كە لێكتێگەیشتنێكی گشتگیر لەنێوان ئەورووپییەكان‌و ئەمەریكا بوونی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین‌و ڕووسیا لەناوچەكەدا، كە ئەم دوو زلهێزە بوونیان لەناوچەكە بەیارمەتیی ئێران بووە، بەشێوەیەك ئەمەریكاو ناتۆ ئامانجیان ئەوەیە لەعێراق بەپاڵپشتیی وڵاتانی عەرەبی بەرەنگاری ئەم هەژموونە ببنەوە، لەئەفغانستانیش لەڕێگەی بزووتنەوەی تاڵیبان، بەو هۆكارەی كە ئەم بزووتنەوەیە هێزی سەرەكیی بەرەنگاربوونەوەی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران بوو، ئەمە لەكاتێكدایە ئەفغانستان سنووری لەگەڵ كۆماری میللی (چین) هەیە سەرباری ئەوەی كە تاڵیبان وەك هێزێكی ئیسلامی  دوژمنی سەرسەخستی شیوعیەت بووە لەڕابردوو لەئێستاشدا هەمان مەترسییە، لەلایەكی ترەوە ئەمەریكا بەم هەنگاوە دەبێتە خاوەن كارتێكی فشاری بەهێز لەبەرامبەر (چین)، ئەویش لەڕێگەی تاڵیبانەوە دەتوانێ كارتی موسڵمانە ئیگۆرەكان لەهەركاتێكدا بێت بەرامبەر بەچین بەكاربهێنێت.

لەگۆشەنیگایەكی دیكەوە، دوای ئەوەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی  بڕیاریاندا بەئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ پاش ئەم هەنگاوە هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی یەكە بەیەكەی ئەم وڵاتانە دەستیپێكردووە، ئەوەتا لەلیبیاو یەمەن‌و عێراق‌و سوریا، ئەمەریكاو ئەورووپییەكان تەواو پاڵپشتیی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی دەكەن، ئەم هەنگاوانەش ئەوەمان پێ دەڵێت، كە ئیدی ناوچەكە پێویستی بەبوونی كۆمارێكی ئیسلامیی خاوەن چەكی ئەتۆمی‌و پاڵپشتی میلیشیا چەكدارەكان لەوڵاتە جیاوازەكانی ناوچەكەدا نییە، بۆیە دوای ئەم گۆڕانكارییانە، بژاردەكانی بەردەم ئێران دیاریكراون، بەشێوەیەك یان دەبێت تەسلیمی ئیرادەی ئەمەریكا بێت، یاخود گەمارۆكان بەردەوامدەبن‌و گوشارەكانیش بۆ سەر ئەم وڵاتە درێژەیان دەبێت، كە دوورنییە بەردەوامیی گەمارۆو فشارەكان، ببێتە فاكتەرێك كە گۆڕانكاری لەڕێگەی كەرەستەی ناخۆیی نموونەی ڕاپەرینی جەماوەری، ئەنجامبدرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی