دوکەڵەکەی عیراق و ئاگرەکەی موقتەدا.

16/07/2021

هەژار سدیق


لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و قورخکردنی دەسەڵات، بەناوی کۆماریەوە، عیراق بەردەوام دوکەڵی شەڕو ماڵوێرانی لێهەستاوە، هەموو جارێکیش فویەکی سادە بەس بووە، بۆ هەڵگیرسانی ئاگرێکی گەورە.
پەیڕەو و پڕۆگرامی قەومی و بەعسیەکان، لێوانلێو بوون لەووشەی نیشتمانپەروەری و بەرپرسیاریەتی، بەڵام بیرکردنەوەیان،هەمان بیرکردنەوەی هۆزە بەدەویەکانی عەرەب بووە، کە لەسەر یەکلایی کردنەوەی خاوەنداریەتی بێشەخورمایەکی ووشک هەڵاتوو، یان چوار حوشتری لەڕولاوازدا، بەرامبەرەکەیان کۆمەڵکوژ کردووە، تەنانەت منداڵی ناو بێشکەشیان کوشتووە.
لەوەتەی ئەم عیراقە هەیە، هەر لەسەردەمی خەلیفە هەوەسبازەکانی عەباسی و والیە شڕەخۆرەکانی عوسمانیدا، کەس دەسەڵاتدار نەبووە، بەڵکو وەکو ئەسپ دەسەڵاتی لێخوڕیووە.
ئەوانەی ئێستاش کە دەسەڵاتی، ئابوری و میلیشیایی و میدیایان بەدەستەوەیە، کە لەسەر وەرەسەی ئایینی و ئۆپۆزیسیۆنی سەردەمی بەعسەوە، هاتوون و هیچ ئینتیمایەکی نیشتیمانی و تەنانەت مرۆڤایەتیشیان نیە، زۆربەشیان موالی و گوێ لەمستی ئێران و تورکیان، بەئیعازی ئەوانیشەوە، یاری بەچارەنوسی گەلانی عیراق و سەروەت و سامانە زۆرەکەیەوە دەکەن.
سەرەڕای نالەباری ڕەوشی ئابوری و ئەمنی و ئاستی خراپی بژێوی خەڵك و قەیرانی سەرکردەی کارێزما، چەند کەسێکی سیاسی دڵسۆز هەن، کەجێگەی ئومێدێکی بچوکی گەلانی عیراق بن، لەوانە سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیر، هەرچەندە ئەم دوو کەسایەتیە، زۆر نیگەرانن ، لەمانەوەیان لەپۆستەکانیاندا، چونکە هیچ میلیشیایەك پاڵپشتیان ناکا، جگە لە هێزی شەقام و  ئەنجامی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانەی خەڵکی بەشمەینەتی باشوری عیراقە، کە ئەوانی وەك دوو کاراکتەر هێشتۆتەوە.
ئەم دوو کارەکتەرە سیاسیەی عیراق، دەستیان بۆ زۆر دۆسیەی هەستیار بردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی دروستکراوی دەستی سیاسیە خاوەن میلیشیاکان، بەتایبەت ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، کەسنورێك بۆ هەژموونی میلیشیاکان دادەنێت و لەگەڵ گەڕاندنەوەی ملیارەها دۆلاری دزراوی خەڵکی عیراق.
بەڵام دواین هەڵوێستی موقتەدا سەدر ڕێگەگرتنە لەهەوڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ گێڕانەوەی عیراق وەك دەوڵەتێکی دەستوری و  خاوەن شکۆی خۆی بێت و لەهەمان کاتیشدا خەڵکەکەی ژیانێکی شایستەیان هەبێت.
لەکۆتایی 2003 و لەسەرتای ساڵی 2004 میلیشیای سوپای مەهدی سەر بەموقتەدا سەدر، بەناوی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سەدان کارمەندی سەر بەهێزەکانی گاردی نیشتمانی و پۆلیسی عیراقی کوشت.
بۆیە لە دوای 18 ساڵ لەپرۆسەی ئازادیدا، هێشتا عیراق لەقەیرانی نەبوونی دامەزراوەی دەوڵەتی و سوپایەکی تۆکمەو بەهێزی خاوەن ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەییدا دەژی، تاکە چارەسەری دۆخی عیراق و ڕزگاربوون لەدەست میلیشیا موالیەکانی ئێران و تورکیا، ئەوەیە، بەبڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عیراق بۆ ماوەی بیست ساڵ بخرێتەوە ژێر بەندی حەوتی نەتەوەیەکگرتوەکان و وەکو دەوڵەتێکی شکستخواردوو و میلیشیاکانیشی وەك شەڕانگێز، بناسێندرێن.
پێویستە لەسەر هەموو نیشتمانپەورە دڵسۆزەکانی گەلانی عیراق، هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ قایلکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتە دۆست و مرۆڤدۆستەکانی دنیا، بۆ ئەوەی بە فریای وڵاتەکەمان بێن و وەك چۆن لەدەست زۆڵم و زۆرداری ڕژێمی بەعس ڕزگاریان کردین، بەهەمان شێوەش، وەك ئەرکێکی مرۆیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەدەست زۆڵم زۆرداری میلیشیا موالیەکان، ڕزگارمان بکەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی