تارماییەکانی مەکگۆرک

17/07/2021

سەردار عەزیز

مەکگۆرک هات، مەکگۆرک نەهات. ئەم چاوەڕوانییە، چەندین ڕەهەندی کەلتوری و دەرونی هەیە کە پەیوەندی کورد بە خۆیی و زلهێزەکانەوە دیاری دەکات. مەکگۆرک لە کاتێکدا دێت، کە ماڵی کوردی لە ئەوپەڕی شپرزیدایە. بەڵام ئەم هاتنە  تەنها هیوایەکە، کە بە تراویلکە تەواو دەبێت.

مەکگۆرک تارماییە، هەیە و نیە. ئەم تارماییە ئەو هێزە گەورەیەیە کە کورد چاوەڕێی دەکات، پێویستی پێیەتی، هەتا هەڕەشەی لێبکات، فشاری لێبکات، جەستەی برینداری سارێژبکات. مەکگۆرک بێت یان نا، هەمیشە لێرەیە، ئەو تەنها یەکێکە لە ڕوخسارە زۆرەکانی ئەو تارماییە. جاران قاسم سلێمانیش بوو، ئێستا کەسانی تریشە.
کاتێک کورد حەز دەکات کە تارمایی زلهێزێک بێت بۆ ناو ماڵی شپرزی، دەرخەری گرێی خۆم بە کەمزانین و خۆ بە گەورەزانە لە هەمانکاتدا. زلهێزەکان گرنگی بە ئێمە دەدەن. ئێمە جێگای بایەخی زلهێزەکانین. ئێمە گەورەین بۆیە زلهێزک بایەخمان پێدەدات. ئێمەی بچوک نوێنەری گەورەترین هێز کێشە بچکۆلەکانمان چارەسەر دەکات.
ئەمە کرۆکی خودێکی کۆلۆنیالکراوە. خودێک کە لە هەموو گوناهێکیدا بە دوای هێزێکی گەورەدا دەگەڕێت بۆ هۆکار، لە سەرهەڵدانی هەموو قەیرانێکە چاوەڕیی زلهێزێکە بێتە ناو ماڵی و چارەسەری بکات.
ئەم سفربونی خودە مانای ترسە لە بون، لە بەرپرسیارێتی، لە لێپرسینەوە. ئێمە کە دێینە ناو دونیاوە بە شوێن پێی کێدا دەڕۆین، ناچار دەکرێین بە شوێن پێی کێدا بڕۆین، حەز دەکەین بەشوێن پێی کێدا بڕۆین؟؟؟
مەکگۆرک کە نایەت هەر لێرەیە، چونکە ئەو تارماییە. کە دێت ئەو لێرە نیە، چونکە ئێمە وەک تارمایی و بان-مرۆڤ دەیبینین.
چەند گوناهین ئێمە کە دەستبازی و دڵداری لە گەڵ تارماییەکاندا دەکەین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی