لەژێر عەرشەوە

27/07/2021

هونەر تۆفیق

 نیکۆس کازانتزاکیس لە براکوژیدا دەڵێت : لەپێناو شتێکدا دەجەنگێن کە هیچکات پێ ی ناگەن .
سەرەتا ، ئێستای دیمەنەکە بەمشێوەیە . لەزۆنی سەوزدا، ناو یەکێتی شلۆقە ، ئێران مەترسی لە ئاژاوە و سستی ئەمنی لە سنورەکەیدا هەیە لە حاڵێکدا خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران توندتر دەبنەوە . تورکیا جگەلەوەی لەزمانی وەزیری ناوخۆکەیەوە دەڵێن : بەمنزیکانە بەپیادە دەچینە ناو عێراق و سوریاوە ، ئۆپراسیۆنێکی گشتگیری سەربازی بۆ سەر پەکەکە دەستپێکردووە بەتایبەتی لەناو هەرێمی کوردستاندا . عێراق لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکادا ، لەبەردەم پێکدادانێکی نێوخۆیی سیاسی و فیرقە چەکدارەکاندایە . پەکەکە چەند هەنگاوێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دوورە ، مەترسی لە تەقینەوەیەک هەیە کە شیرازەی ئەمنی بپچڕێت و ئامادەیە پێشئەوەی هیچ هێزێکی تر بەتایبەتی ئیسلامیەکانی لایەنگری تورکیا بۆشاییە ئەمنیەکە پڕ بکەنەوە ئەوان خۆیان قایم بکەن . پارتی لە زۆنی زەردەوە لەهەمووان وردتر چاودێرە و لەهەمووان زیاتر لە دڵە ڕاوکەی ڕووداوەکانی ژێر کورسیەکەی عەرشەوەیە .. 
لەژێر کورسیەکەی عەرشەوە :

ناکۆکی عەرشی یەکێتی نیشتمانی ئەگەر لەناو حیزبەکەدا پرسێکی ناوخۆیی بێت ، بەڵام لەژێر عەرشەکەوە ڕەهەندەکانی بەپێ ی دیمەنە سیاسیەکە زیاتر لە پرسێکی نێوخۆیی حیزبێکە . لەلایەکەوە ئێران نیگەرانە لە نزیکبوونەوەی بەریتانیەکان لە سنوورە هەستیارەکەیەوە . تورکیا بڵاوبوونەوەی پەکەکە لە سنووری سەوزدا بەهۆکاری شکستی ئۆپراسیۆنە بێهودەکانی دەزانێت . ئەمریکیەکان ترانزێتی  دۆلارە سەرچاوە نادیارەکانیان لە هەولێر و سلێمانیەوە بەرەو وەزارەتی ناوخۆی تورکی بە مەترسی دەزانی تا نوێنەری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکی ڕاستەوخۆ بۆ چارەسەری ئەو پرسە دێتە سەرخەت . ئەمانە کۆمەڵێ پرسی هەستیاری ناکۆکی عەرشەکەبوون .  زەمینەلەرزەی ژێر عەرشەکەی خێراترکرد . 
دەرئەنجامی عەرش لەرزینەکە :

هەرکاتێک بوومەلەرزیەک لەیەکێتی دەدات ، گردێک پەیدادەبێت . لەئەنجامی عەرش هەژانەکەی نەوشیروان مستەفای ناو یەکێتی گردی زەرگەتە دروستبوو . ئەم بوومەلەرزەیەشیان گردی دەباشانی کردەوە بە غوسڵی تەعمید و پاکبوونەوە . ئەزموونی تەعمیدی زەرگەتە سەلماندی هەرکەسێک بەو گردەدا سەرکەوت مەرج نی یە  غوسڵی دەرچووبێت . ئێستاش ئەوانەی سەرەیان بۆ غوسڵی دەباشان گرتووە مەرج نیە هەموویان بەتەعمیدیك لەو خەوشیانە پاکبنەوە کە هەر ئەوان هۆکاری ئەو دۆخەن بەسەر حیزبەکەیاندا هاتووە . 
کێشە یان ئیشکالیەت ؟

ئەوەی لەناو حیزبی سیاسی کوردیدا دەگوزەرێت کێشە نیە ، بەڵکە ئیشکالیەتە . جیاوازی نێوان کێشە و ئیشکالیەت لەوەدایە ، کێشە پرسێکە چارەسەری ئامادەی هەیە . بەڵام ئیشکالیەت چارەسەری ئامادەکراوی نیە ، دەبێت بەداهێنان و گۆڕینی ڕیشەیی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە . گەڕان بەدوای هۆکاری کێشە و ئیشکالیەتەکان لەناو ئەوانی دیدا ناکاتە چارەسەر . یەکێتی لەکەرتبوونیدا خەتای کێشەکان بەسەر ئەوانی تردا دەدات . گۆڕان هۆکاری گەندەڵیەکان لەوانی تردا دەبینێتەوە . پارتی پێ ی وایە لەناو ئەودا هیچ خەتایەک نیە ، ئەوەی ڕوویداوە لە حیزبەکانی ترەوەیە . ئەمەش ئیشکالیەتی ئیداری و سیاسی هەرێمی گەیاندووە بەو ئاستەی دۆزینەوەی چارەسەر مەحاڵ بێت . 
 ئەو حیزبەی پەند لە ڕابردووی خۆی وەرناگرێت :

لەمێژووی یەکێتی دا چەندین زەمینلەرزەی قورس لێ ی داوە . بەڵام تەنیا حیزبیشە کە پەند لە ڕابردووی خۆی وەرناگرێت . بەردەوام بەدەستی خۆی هەموو خەتاکان بەسەر خۆیدا ساغ دەکاتەوە . 
ساڵی ١٩٨٨ کاتێک سوپاکەی سەدام هەڵەبجەی کیمیا بارانکرد ، هێزە کوردیە هاوپەیمانەکانی ئێران هەریەکە و بەسەنگی خۆی بەشداری هەم هێرشەکە و هەم تاڵانکاری هەڵەبجەیان کرد . ئەو ئابڕووچوونە هەموو پارتە  کوردیەکانی ناچارکرد لەناو خۆیاندا لیژنە پێکبهێنن بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەو سەرکردە و پێشمەرگانەیان بکەن کە دەستیان هەبووە لەتاڵانی هەڵەبجەدا . یەکێتی ئەنجامی لیژنەکەی خۆی ڕاگەیاند و چەند سەرکردەیەکی ئەوسای خۆی تەجمید( ڕسوا) کرد . بەڵام حیزبەکانی تر بێدەنگیان هەڵبژارد . کاتێک مێژوو دێتە سەر هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەو تاڵانکاریە ، هەموو حیزبەکانی تر خۆیانی لێ بێبەری دەکەن . دەڵێن ئەوەتا یەکێتی ئەنجامی لیژنەکەی خۆی دەریخست چ تاڵانیەکیان کردووە ، ئێمە نەبووین !!

هەمان ئەزموون لەم قەیرانەی ناو یەکێتیدا دوبارە دەبێتەوە . عەرش لەرزینەکەی لەداهاتوودا دەبێتە هۆی سپیکردنەوەی ڕووی حیزبەکانی تر . هیچ حیزبێکی هەرێمی کوردستان نیە لە گەندەڵیەوە نەگلابێت . بۆیە پرسی گەندەڵی یەک پاکێجە بۆ هەموو حیزبەکان . یەکلاکردنەوەی لەناو خۆی یەک حیزبدا دەبێتە هۆی خۆ بێبەری کردنی حیزبەکانی تر و تاوانبارکردنی ئەو حیزبەی بەتەنیا ئیعتراف بە بەشداریەکەی خۆی لە گەندەڵیەکەدا دەکات . 
کۆتایی دیمەنەکە :
هەمووان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیانە . بە گولەیەکی غافڵ یان لەدەست دەرچوونی فیشەکێک ، پێکدا دەدەن . ئەوساکە ئەو دیمەنەی سوریا دەبینین کە شەڕێکە وەک دەگوترێت : هەمووان لەدژی هەمووانە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی