ئه‌ردۆگان‌و ئیخوان‌و کودەتاکان!

28/07/2021

ئاسۆعەبدولەتیف

ئەوەی ئه‌ردۆگان‌و ئاکەپە لەچەند ساڵی ڕابردوو دەستیان بۆ برد مانۆڕێکی سیاسیی بوو کە لەڕووی سیاسیی‌و پەروەردەیی‌و ستراتیژییەوە بەزیان شکایەوە بۆ بزاڤی ئیسلامیی‌و  بەتایبەت ڕەوتی گەشەسەندوی ئەزمونی حوکمڕانی ئیخوانەکان، دواتریش ئه‌ردۆگان جگە لەلێدوانی میدیایی خۆی لێ نەبان‌و بێئاگاکردو بەو ڕادەیە نەگەشتە فریادیان.

ئه‌ردۆگان کەوتە لاساییکردنەوەو شوێنپێ هەڵگرتنی دەوڵەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام بەڤێرژنێکی سوننی، وەلانانی بیرو ئایدۆلۆژیای کەمالیزم‌و خۆئامادەکردن بۆ دۆخی ئەتاتورکیزمی دینی‌و سواربوون لەسەر شەپۆل‌و ھەستی سوننەگەرای دینی‌و سەلەفیەتی عەرەبی بەرەو خەلافەتێکی سوننی لەڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتەفرەدانی ئاین‌و بەکارھێنانی شەعیرەو سەمبولەکانی، بەیارمەتیدانی خەتی ئیخوانی‌و ختوکەدانی هەستی ئاینی‌و پۆپۆلیزمی خەڵکیی.

ئەوانە بەشێکبوو لەخەون‌و پاکێجی ئەردۆگان‌و سوڵتانیزمەکەی کە هەموو دەوڵەتە بەناو ئیسلامیەکان پشتگیرییان دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەوە زیانی کوشندەی لەدۆستەکانیداو دوو دەوڵەتی دوای بەهاری عەرەبی ئیخوانیی کردە قوربانی بۆی، ئه‌ردۆگان دەیویست هەموو هالەی سوننە ئیخوانییەکان بخاتە ژێر باڵەکانی خۆی‌و بەکاریان بهێنێت‌و بگرە بەکاریشی هێنان تا لەدواجاردا بەزیان شکایەوە وەک ئەوەی بینیمان لەمیسرو تونس.

 تورکیاو ئاکەپە کە هەرگیز ناتوانن ئیخوانی بن بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی بەرھەمھێنانی رق‌و شۆڤێنیەت‌و مۆدێلی توندڕەویی ئاینی بوون، سەیر بوو ئیخوانەکان بەو میتۆدو گوتارە تۆلێرانس‌و میانڕەوەی خۆیانەوە بەتۆپزیی کەوتبوونە پشتگیریی ئەم خەلیفە فاشیستەوە بەتایبەتی چەندین ساڵە کورد لەژێر جەبری ئەو ستەمکاریانەی خەلیفەو پرۆسەی سڕینەوەو ئایسیمیلاسیۆن‌و شەرعیەتی دیموکراسیدا گەمە بەچارەنوسیان دەکرێت‌و هەزارانیان تونددەکرێن لەزیندانەکانداو ئیخوانەکانیش بێدەنگن!

دیدی خورافەو زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننی لەلایەن ھەندێک تایپی دینی‌و دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردۆگان قەڵغان بوو دواتریش کە کودەتا ڕوی ئەدا خەلیفە بێدەنگی لێدەکرد تا بارانەکە خۆشی دەکردەوەو پەیوەندیەکانی چاک ئەکردەوە لەگەڵ کۆدەتاچیان وەک ئەوەی کردی لەگەڵ ئیسرائیل‌و شازادە محه‌مه‌د بن سەلمان‌و فەتاح سیسی‌و ئێستاش قەیس سەعید، دەبوو ئیخوان بەو میتۆدەی خۆیان هەرزوو گەمەو موغازەلەیان ڕاگرتایە لەگەڵ ئەم پیاوەی کە تەواوی مێژووی ئیخوانی بەکارهێنا بۆ دەسەڵاتگەریی خۆی.

توركیا پێشتر هه‌نارده‌ی هێزه‌كانی خۆی كرد بۆ جه‌نگی (ئازه‌ربایجان‌و ئه‌رمینیا)و گرتنی هه‌رێمی ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باخ‌و چه‌ندینجاریش هاتووه‌ بۆ قوڵایی خاكی سوریاو سەرێکانی‌و عەفرین‌و كه‌ناراوه‌كانی میسرو یەمەن‌و پاکستان‌و قەتەرو چه‌ند وڵاتێكیتر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. له‌كاتێكدا ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ له‌ساڵی 1994‌وه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی وڵاتی ئه‌رمینیادا مایه‌وه‌ تاوەکو ساڵی 2020و به‌پشتگیریی توركیاو ئازه‌ربایجان دیسان خرایه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ئازه‌ربایجانی هاوپه‌یمانی توركیاو ئه‌مه‌ش بۆ ئێران ره‌نگه‌ جوڵه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌كی مه‌ترسیداربووبێت.

دوای ئه‌وه‌ لێدوان‌و به‌یته‌ شیعرییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌نمایشێكی سه‌ربازیی له‌باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان له‌مانگی 12-2020 له‌هه‌مبه‌ر بردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌، كه‌ باسی سنووره‌كانی توركیای گه‌وره‌و سه‌ربه‌خۆیی ڕوباری ئاراسی كرد له‌نێوان ئێران‌و ئازه‌ربایجان، دۆخه‌كه‌ی به‌ته‌واوی گه‌یانده‌ لوتكه‌و ئێرانی باش توڕه‌كردو به‌ده‌ستوه‌ردانی زانی له‌یه‌كپارچه‌یی خاكی فارسه‌كان‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌ی خسته‌ حاڵه‌تی نائاساییه‌وه‌، تا گه‌یشته‌ جه‌نگی بانگهێشتكاریی‌و لێپرسینه‌وه‌ی باڵیۆزانی هه‌ردولا له‌ئه‌نقه‌ره‌و تاران‌و لێدوانی توندی دژبه‌یه‌ك بەتایبەتی ئێران ئیتر لەو گەمەیەی ئه‌ردۆگان‌و ئیخوان تێگەشت کە باڵەکانیان کردبوویەوە تا ئەوپەڕی دنیا.

بۆیە بەتوندی دژی لەشکرکێشی‌و دەخالەتی تورکیا بۆ خاکی عێراق و  وڵاتانی سوننی هاتە دەنگ، پێدەچێت هاوکێشەکان دوای کۆدەتاکەی تونس بەسەر شەرعیەتی پەرلەمان و نەهزەدا گۆڕانی قوڵ بەخۆوە بگرن و چیتر تورکیا ئەو ڕۆڵە میحوەرییەی نەمێنێت لە ناوچەکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی