یەكێتی بەرەو سەرەتایەكی نوێ

28/07/2021

مامۆستا جەعفەر

یەكێتی بەرەو سەرەتایەكی نوێ
یان خولانەوە لەناو گێژەنی رابردووی پڕ نائومێدی؟

مرۆڤ بیەوێت بەنداوێك دروستبكات پێویستی  بەئەندازیار، پسپۆڕ، بەڵێندەرو كرێكار هەیە! كەسێكیش بیەوێت بانكێك ببڕێت پێویستی بەدز، مافیاو زانیاری نێو بانكەكە هەیە!

ڕووداوەكانی  پاش رۆژی ٨ تەمووز دەكرێت وەكو كێشەیەكی هەژێنەر ببینرێت. كێشەی هەژێنەر بۆی هەیە هەرەست پێبهێنێت، دەتوانێت دەرویەك بێت بۆ بەرەو پێشەوەچوون‌و سەركەوتن! مام جەلال لەقەندیل قسەیەكی زوو زوو دووبارە دەكردەوە: خوا دەرگایەك دادەخات‌و هەزار دەرگا دەكاتەوە، هەر بەو ویستەوە نسكۆی بەسەركەوتن دەگۆڕی.

ئێستا كاتی ئەوەنییە قەتماغەی برینەكان هەڵبدرێنەوە، جوێندان‌و یەكتری  تاوانباركردن هیچ سوودێكی ئەوتۆ ناگەێنێت.

ئەگەر هەر بەڕاست یەكێتی دەیەوێت لەم تەنگژەیە خۆی دەربازبكات، دەبێ زوو بگەڕێتەوە بۆ سەری دێڕ.

سەری دێڕ كوێیە؟
كێ دەتوانێ هەوڵبدات یەكێتی بۆسەر سكە بگێڕێتەوە؟
دیارە ئەوانەی ئەمڕۆ خاوەن بڕیارن ئەو ڕاستیە چاكدەزانن پێكهاتە، ئاستی دڵسۆزی، هەڵوێست‌و جوامێری زۆربەی سەركردەكان چۆنەو چییە!

بەداخەوە پاژێك لەمانە نەبڕوای بەنیشتمان هەیە، نە دڵسۆزی یەكێتییە، ئەمانە دیلی بەرژەوەندییە بەر تەسكەكانی خۆیانن:

بەكورتی دەمەوێت بنووسم: تەنیا بەكەسانی دڵسۆزو بەئەمەك وڵات دەپارێزرێت‌و ئاوەدان دەكرێتەوە، ئەوانەی بۆ كەسابەت‌و پلەو پۆست  كۆبوونەتەوە، ئەمانە سەر لەسەكردە سیاسیە دڵسۆزەكانیش تێكدەدەن!

یەكێك لەدەرهاویشتە زەق‌و زۆپەكانی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی:
سەدان كادرو پێشمەرگەی دێرین بەشێوەیەك دڵیان شكێنرا، بڕوا ناكەم ئامادەبن جارێكی دی لەسێبەری بارەگایەكی كۆنی یەكێتیش سەرخەوێك بشكێنن..

گۆڕینی دەموچاوەكان بەتەنیا نابێتە هەوێنی هەنگاونان بەرەو سەرەتایەكی نوێ.

سەرەتایەكی نوێ بەگۆڕینی ستراكتوری ئیدارەی حزب‌و ئاشتكردنەوەی جەماوەرو كۆنگرەیەكی نوێی ئازادو كراوەی دوور لەگوشارو پاڵەپەستۆی ئەملاو ئەولا...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی