تورك چیمان بۆ دەکاو چیمان پێدەکا ؟

28/07/2021

هەژار سدیق

حەوت سەدساڵ پێش ئێستا، لەکاتی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتەکەیان، کە لەسەر خوێن و خاك و کلتوری کوردو ئەرمەنی و یۆنانی و سوریانی دروستیانکرد، بەڵام تا ئەو ساتەش،  هیچ شتێك لەهزرو بیرکردنەوەی تورکەکان نەبووە، بۆ سوودی مرۆڤایەتی.
ئەوان هەموو نەتەوەیەك بەدوژمنی خۆیان دەبینن، بەتایبەت ئەم نەتەوانەی کەخاك و ئاویان داگیرکردوون، تاکە دوژمنێكێش بەگوێرەی بیرکردنەوەی تاك بەتاکی ئەوان، کەتا ئێستا لەژیاندا مابێت و بەردەوام بێت، نەتەوەی کوردە.

چەند دانەیەکیان نەبێت، کەبێگومانم ڕەچەڵەکە ڕەسەنەکەیان تورك نیە، ئەگەرنا هەموو تورك حەز دەکەن، کەڕوڵاڵ بن، تەنیا گوێیان لەووشەی کوردو کوردستان نەبێت.
وەك چۆن ئەوێ ڕۆژێ یۆنانیەکان خەریکی یەکلاییکردنەوەی ئەوە بوون، کە مریشك لەهێلکەیە، یان هێلکە لەمریشکە، کاتێك لەبەرەبەیانی 29-5-1453 کۆستەنتینەی(ئیستانبول) پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتیەکەیان لەلایەن تورکەکانەوە داگیرکرا، کە ئەم داگیرکاری و فراوانخوازیەی تورك گەورەترین گورزی لەپێشکەوتنی مرۆڤایەتی داو ئەم شکستەکەی یۆنانیەکان، هەموو ئەوروپای بێ ئومێدکرد، لەبەرپەچدانەوەی تورکە عوسمانیەکان.

ئێستا عوسمانیە نوێیەکانی تورك، هەمان سیناریۆ لەعیراق و سوریا دووبارە دەکەنەوە، ئەوەی ڕێگەخۆشکەریشە بۆ ئەم پیلانەی تورکیاو ئامانجەکەیان دێنێتەدی، ملهوڕی سەرۆکی ئێستای سوریایە، بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتەکەی و شێت و شەیدابوونی سیاسیەکانی کوردو شیعەو سوننەی عیراقە، بۆ وەرگرتنی پلەو پۆستەکانی بەغدا.

هەڵوەشاندنەوەی ئەم پیلانی داگیرکاری و فراوانخوازیەی تورکیا، تەنیا لەئەستۆی عەرەبی عیراق و سوریایە، پێویستە سیاسیەکانیان، بیری شۆڤینی چەقبەستوویان بگۆڕن، بەگیانی پێکەوەیی و هاوبەشی لەگەڵ کورد، ئەوکات دەتوانن پارێزگاری لەمانەوەی خۆیان بکەن و نەتەوەیەکی گەورەی وەکو عەرەبیش، کەخاوەنی بیست دەوڵەتە نائومێد نەکەن.
بوونی هەرێمی کوردستانی عیراق و هەرێمی کوردستانی سوریا، لەنەخشەی سیاسی و ئیداری و دەستوری هەردوو وڵاتی عیراق و سوریادا، تووندترین گورزی پەرپەچدانەوەی داگیرکاری و فراوانخوازیەکانی تورکیایەو پێگەی هەموو وڵاتانی عەرەبیش بەهێزو تۆکمە دەکات، لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی