ڕەنگە نەتەوەی
وەک کوردی ژێردەست و خاک داگیرکراو لەسەر ئەم زەمینە دەگمەن بن، کە لەبری بەرپەرچدانەوەی
جەور و ستەمی دوژمن و داگیرکەران، لەجیاتی یەکڕیزی و یەکگرتن، هەرچی ڕقی دوژمن و داگیرکەرانیشە
لە یەکتری دەریدەکەن.
وێدەچێ دوژمنانی
کورد و داگیرکەرانی کوردستان لە دەست بەتاڵیانەوە بێت، کە پیلانی لەناوبردنمان دادەڕێژن
و هێز و وزەی مرۆیی و تەکنیکی سەربازیی خۆیان لە سڕینەوەمان خەرج دەکەن، دەنا ئەوەتا
ئێمە ئەو کارەشمان لە کۆڵ کردوونەتەوە.
ئاخر تا ئەم دۆخی
خۆخۆریی و یەکترسڕینەوەیەی ناوخۆمان لەناوماندا ڕەگی داکوتیبێت، بەسمانە بۆ ئەوەی خۆمان
خۆمان لەناوبەرین و ئەوەی ئەوانی دوژمن و داگیرکەر کردوویانە و دەیکەن، لە زیادەیە.
ئەم هاوکێشەیە بۆ هەوڵەکانی ناشیرینکردنی ئێمە لە لایەن دوژمنان لە ڕووی هونەری و کولتووریشەوە
هەر ڕاستە.
کاتێک ئێمە بەهای
حیکایەتەکانی خۆمان نازانین و بە گێڕانەوەیان وەبەرهێنانی نەتەوەیی و نیشتمانییان تیادا
ناکەین، نابێ گلەییش لە دوژمنان و داگیرکەرانمان بکەین کە دوێنێ و ئێستامان دەشێوێنن.
کاتێک ئێمە بایەخی
گێڕانەوەی حیکایەتەکانی گرتن و کوشتن، ڕاگواستن و وێرانکردن، کیمیاییباران و ئەنفالکردن
نازانین و ناتوانین بیانکەینە هەوێنی بەرهەمهێنانی شووناسێکی تۆکمە. ناکرێ سەرکۆنەی
داگیرکەر و دوژمنانمان بکەین، کە چیڕۆکی هەڵبەستراومان بۆ دەهۆننەوە!
شوقە، ڤێللا، ئۆتۆمبێلی
سفر کیلۆمەتر و بە گونیە پارەمان بۆ مۆدیلیست، مەیکاپ ئاڕت، شاجوان و فاشیۆنەکان هەیە،
بەڵام دوو هەزار پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا شەهید دەبن، کەچی پارەمان
بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی لەسەر ئەو قارەمانیێتی و گیانفیداییە نییە!
کایەی سیاسی و
حوکمڕانیی کوردی، کە بەهای کولتوور و کار و چالاکیی کولتووری و ڕۆڵیان لە پاراستنی
شووناس و دروستکردنی نەتەوەدا نازانێت، کە لەوە تێناگات ئەم هەموو حیکایەتەی ناو مێژووی
دوور و نزیکی خۆی بە کوێرەوەری و سەروەرییەکان، بە سەرکەوتن و شکستەکانیەوە، باشترین
کەرەستەن بۆ مانەوە و بەردەوامیی و دووبارە خۆشووناسکردنەوە، هەر دەبێ چاوەڕێی ئەوە
بێت، دوژمنان نەک هەر لە ئاستی سیاسی و سەربازیی، بەڵکوو لە ڕێگای کاری هونەری و کولتووریشەوە
هێندەی تر لە شکۆی بدەن و ناشیرین و ناشیرینتری بکەن!
ئەگەر چیڕۆکەکانی
خۆت بە خۆت نەگێڕیتەوە، جا بە فیلمی سینەمایی و دۆکیۆمێنتاری، یان شانۆ و شێوەکاری،
یاخود نۆڤلێت و ڕۆمان بێت، لەوە دڵنیابە دوژمنانت دەیانکەنەوە بە چەکێکی ترسناک و کوشندە
و لە دژی خۆت بەکاری دەهێننەوە. کەمیش نین ئەو بەرهەم و کارە هونەرییانەی (فیلم، زنجیرەی
تەلەفزیۆنیی و دۆکیۆمێنتاریی) کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ لێدانی شکۆی کورد بەرهەمیان
هێناون و ئێمەش لە دۆخی نائاگایی، یان لەو پەڕی گەمژەییدا، بەشێکیانمان بە زمانی کوردی
بۆ دۆبلاژ کردوون و دەرخواردی ڕۆڵە و نەوەکانمانیانی دەدەین!
دەسەڵاتی کوردی
هێندەی لە خەمی وەبەرهێنان لە سیتی و گوندی مۆدێرنی بێ گیان، مۆڵ و ماڕکێتی قۆڵبڕدایە،
چارەگی ئەوە وەبەرهێنانی لە بواری پەروەردە و کولتووردا کردبووا و بکات، ئێستا لە شوێنێکی
تر بووین.
نەتەوە بە دروستکردن
و بیناکردنی مرۆڤ، نەک مۆڵ، باڵا دەکات.. بە گرنگیپێدانی پەروەردە، نەک پتڕۆڵ، گەشە
دەکات.. بە بەهەند زانینی کولتوور، نەک کێوەلی، پێش دەکەوێت!
بەهەرحاڵ، نەچووە
بچێت، ئەگەر لە خەمی پاراستن و پتەوکردنی شووناس و مانەوە دابین، هێشتا دەرفەتی ئەوە
ماوە وەبەرهێنان لە پەروەردە و کولتووردا بکەین و لە گێڕانەوەی چیڕۆک و حیکایەتەکانمان
ببنە خاوەن، بەتایبەتی حیکایەتە زۆر و زەوەندەکانی کوشتن، کوێرەوەری، دەربەدەری و جینۆسایدکردنمان،
لەو نێوەشدا پرۆسە دڕندەییەکانی جینۆساید و ئەنفالکردنی بارزانییەکان و خەڵکی گەرمیان
و بادینان و جینۆسایدکردنی کوردە فەیلییەکان و ئێزدییەکان، وەک زیندووترین حیکایەتە خوێناوییەکانی ناو مێژوومان!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی