مێدیای سێبەر وەک ڤایرۆسێکی کوشندە

01/08/2021

کاوەی مەلاحسێن

بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان(30) کەناڵی ئاسمانی‌و (150) لەکەناڵی نێوخۆی‌و (200) ڕادیۆ لەوەزارەتی ڕۆشنبریی مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە لەگەڵ نزیکەی لەهەزار بڵاوکراوە وەک ڕۆژنامەو گۆڤار، بەڵام بەشێکی باشی ماڵپەڕەکان هیچ مۆڵەتێکی کارکردنیان نییە، ئەوەی جێگەی تێڕامانە بەشێکی باشی مێدیا جۆراوجۆرمان هەیە بەمێدیای بینراو خوێندراو بیستراوەوە، هەرچەندە لەئێستادا تاڕادەیەک ئەو دابەشکارییە لەڕاگەیاندن نەماوەو هەرسێ جۆرەکە لەمێدیای ئەلیکترۆنی‌و سۆشیال مێدیادا کۆبووەتەوە، سەرەڕای ئەو ڕێژە زۆرە مێدیاو لەپەیجە، بەشێکی زۆری ئەو مێدیایانە مێدیای سێبەرن.

مێدیای سێبەر
ئەو مێدیایەیە بەناڕاستەوخۆ لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە پشتیوانی دەکرێت‌و ئاڕاستە دەکرێت لەبەرژەەندی سیاسی خۆیداو ناشرینکردن لێدان لەبەرژەوەندی پارتی نەیار پەیامەکانی بڵاودەکاتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان‌و هەڵوێستە لەسەرکردنە لەئێستادا بەشێکی مێدیا سێبەرو پەیجەو واڵەکان بەناڕاستەوخۆ کەسە دیارەکانی حیزب بەڕێوەدەبەن‌و هاوکاریدەکرێن، بەئامانجی مەرامی کەسی‌و لێدانی بەرامبەرو نەیاران.

زیانەکانی مێدیای سێبەر
1ـ بەشێکى زۆری ئەم مێدیایانە لەلایەن خەڵکانێک بەڕێوەدەبرێن کە تەنها بیر لەبەرژەوەندی مادی دەکەنەوە هیچی دیکە، هیچ زانیارییەکی ئەکادیمیان نییە، تەنها گوێڕایەڵیان وایلێکردون بکرێن بەڕێوەبەری مێدیایەکی سێبەر.

2ـ لەم مێدیایانەدا ئیتیکی ڕۆژنامەوانی ڕەچاوناکرێت‌و لەئاستێکی زۆر نزمدا بابەتەکان بڵاودەکرێنەوە.

3ـ بەشێکی زۆری هەواڵ‌و ڕاپۆرتەکانی سەرەڕای ڕەچاونەکردنی زانستی ڕاگەیاندن‌و هەستکردن بەبەرپرسیارێتى، تەشهیرو ناوزڕاندن‌و لێدانە لەکەسی نەیار، جا چی نەیاری ناو خودی پارتەکەی خۆیشی بێت.

4ـ لەم مێدیاو پەیجانە هیچ گرنگییەک‌و بایەخێک بەزمانی کوردی نادرێت، لەکاتێکدا یەکێک لەئەرکەکانی ڕاگەیاندن پاراستنی زمانە، بەمەش بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی دەستەواژەو وشەی ناشرین.

5ـ ئەم مێدیایانە بەشێکیان کار لەسەر ناشرینکردنی سەرکردە دیارەکانی کورد دەکەن لەلای نەوەی نوێ.

6ـ زۆری هەواڵەکانیان پشت بەهیچ بەڵگەو سەرچاوەیەک نەبەستووە.

7ـ پەخشکردنی درامای تورکی‌و کۆری‌و فارسی.

8ـ بانگهێشکردنی ژمارەیە کچ بەناوی مودێل‌و دەرخستنیان لەکۆمەڵگەو پەراوێزخستنی مێژوی دیاری ئەو ژنانەی خزمەتی کوردیان کردوە.

دیارە ئەمجۆرە لەڕاگەیاندنی سێبەر زیانەکانی هیچی کەمترنییە لەڤایرۆسێک کە لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوەو ڕەنگە ژمارەیەکی دیار خەڵکی بکوژێت، بەڵام بەم ئاڕاستەو بەربڵاوییە ڕاگەیاندنی سێبەر دەبێتە هۆی لەناوبردنی داب‌و نەریتی کوردەواری‌و بەسوک سەیرکردنی سیمبولەکانی کوردو لەبەرهەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەو خێزان‌و زۆربونی کێشەو گرفت‌و بەلاڕێدابرنی ئاڕاستە سیاسییەکان لەبەرژەوەندی شەخسی‌و حزبیدا، نەمانی متمانە لەنێوان تاک‌و حکومەتدا، نزمبونەوەی ئاستی پەروەردەیی‌و گرنگینەدان بەخوێندن‌و بەهاباڵاکان.

چارەسەرکردن‌و ڕێگریکردن لەمجۆڕە مێدیایانە:
1ـ دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیریی‌و لاوان بەهاوکاری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان‌و لیژنەی ڕۆشنبیریی لەپەرلەمانی کوردستان کاربکەن لەسەر ڕاگرتن‌و چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گەورەیە کە بۆتەبەشێک لەقەیرانەکان.

2ـ بونی مێدیایەکی نیشتمانی کە پەیامەکانی گوزارشت لەخواستە نەتەوەیی‌و نیشتمایى‌و ئایینیه‌كانى کۆمەڵگە بکات.

3ـ قەدەغەکردنی پەخشکردنی درامای تورکی‌و ئەو درامایانەی زیان بەکۆمەڵگە دەگەیەنێت.

4ـ پێشئەوەی پەیامەکان بڵاوبکرێنەوە ڕەچاوی کاردانەوەی دەرونی‌و داب‌و نەریتی خەڵکی‌و کۆمەڵگە بکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی