یەکێتی نوێ لەڕۆمانەکە دەگەڕێ

01/08/2021

تەنیا کوردی

یەکێتی وەک ڕۆمانێکی تەواونەکراو وایە کە نەیتوانیوە لەتەمەنی شاخ بۆ شار خۆی بەچاپ بگەیەنێت، ھەرجارێ یەکێتی بیەوێ خۆی بنووسێتەوە دەیەوێ پارتی دوا ختم بخاتەوە سەر پەڕاوەکانی، چونکە یەکێتی وای دەبینێ کە ئەو ھێزەی شەرعیەت بەگەورەبوونی دەدات تەنیا پارتییە، بۆیە ھەمیشە وەک ڕکابەرێکی تەقلیدی بەرامبەری دەوەستێ، بەبێئەوەی بیەوێ لەحوکمڕانیدا لێیشی جوودا ببێتەوە.

یەکێتی خاوەنی ھەر چیرۆکێکی سەرکەوتن بووبێ لەدژی پارتی بووبێ یان لەگەڵ پارتی ھاوڕا، ھەر ویستویەتی پارتی گەورەبوونی بخوێنێتەوە، ئەگەرچی چیرۆکەکان لەدوای راپەڕینەوە تائێستا لەھەڵکشان‌و داکشان بوونە، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە خەت‌و باڵەکانی یەکێتی بەو ھێڵە دەڕۆن کە پارتی رێگاکەیان لەگەڵدا بەشدەکات، ئەم چیرۆکانە تایتڵی نێو رۆمانە چاپنەکراوەکەی یەکێتیین، کام سەرکردەو ھێز! کامە خەت‌و باڵ؛ زوتر لەفەزای پارتیدا شەرعیەتی بڕیار وەردەگرێ، ئەو لەو رۆمانە نێوخۆیی‌و ئیقلیمی‌و دەولیدا حاکمی یەکێتییە، ھەروەک چۆن لەئێستادا حاکمە نوێیەکەی یەکێتی شەرعیەتی لەپارتی پێشوەختە وەرگرتووە.

یەکێتی تائێستا لەحساباتی سیاسی، جیوگرافی، کات‌و شوێندا، بۆ ناوبژیوانی نێوخۆیی لەسێبەردا ھەر بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، نەبووەتە دادوەری بڕیاری سیاسی خۆی، بەڵکو ئەوەی ویستوویەتی لەڕێگەی ھەندێ فشاری باڵ‌و خەت کێشان، وێنەیەکی لەنێو بازنەیەکی شەقامدا دروستکردووە بۆ ئەوەی لەئاوێنەی شەقامدا پارتی بیبینێ‌و داواکارییەکانی یەکێتی جێبەجێ بکات، بەڵام لەئێستادا خەت‌و باڵەکان بەدەوری یەکتردا باڵێکیان قڕتاندو دەڵێن فڕینی سیاسی بەرەو ھەولێر بەباڵێکەوە کیفایەتە.

لەقۆناغی شاردا، چیرۆکی شەڕ تا ئاشتەوایی لەگەڵ پارتی ھێنا، ھەر لەشاردا بەپێکەوەبوون‌و شەڕو دواتر ئاشتەوایی لەپەرلەمانەوە تابەغدا قۆناغەکەی ڕاکێشا، بەڵام خەتێکی کێشا نە پێوەی دیارە ئۆپۆزسیۆن بێ نە حوکمدار، بۆیە لەئێستادا یەکێتی کە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ یەکێتی نوێ، دووبارە بەدەم ڕێگادا لەگەڵ پارتی دەکەوێتەوەڕێ‌و ڕێککەوتنی ستراتیژی کۆن ئەبدەیت دەکاتەوە.

لەڕیفراندۆمدا، یەکێتی گەڕایەوە لای پارتی‌و شەرعیەتی بەڕیفراندۆمدا، بەڵام لەھەناوی یەکێتیدا چیرۆکێک لەدایکبوو لەقۆناغی شازدەی ئۆکتۆبەر کە پارتی ناویبردن بەگروپی شازدەی ئۆکتۆبەرو لەو ڕۆمانەی باسمانکرد کە بۆ یەکێتی بێ ناونیشانە، پارتی ڕووداوەکانی لەسەر یەکێتی تاپۆکردو ئیدی تائێستایشی لەگەڵ دابێ، یەکێتی بەبێدەنگی دەیخوێنێتەوە، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم ڕۆمانە نوێیەی یەکێتی، نووسینێکە بەمیرات لەوشەکانی ماڵی تاڵەبانی بەسپۆنسەری ماڵباتی ئیبراھیم ئەحمەد خۆی لەگەڵ پارتی دەخوێنێتەوەو جارێکی تر بارکۆدی یەکێتی لەھەولێر خوێنرایەوەو لەڕۆژانی داھاتوویش یەکێتی نوێ‌و پارتی دەچنەوەسەر ڕێککەوتنە کۆنەکەی جارانی سەردەمی مام.

تائێستا یەکێتی بەدوای خۆی نەگەڕاوە، بەڵکو ھەر خۆی لەنێو پارتی دەدۆزێتەوە، زۆرجار یەکێتی لەدەرەوەی خۆیدا گەڕاوە لەگەڵ گۆڕان‌و ئیسلامییەکان، لەبەغدا لەتاران‌و ئانکاراو دیمەشق‌و لەندەن‌و واشنتن، بەڵام نەیتوانیوە لەو ڕۆمانەدا خۆیی‌و حزبەکانی نزیک لەخۆی بخاتەدەرو تا ئێستایشی لەگەڵ بێ ھەر خۆی لەم ڕۆمانەدا دەگێڕێتەوەو لەگەڕانەوە بەرەو پارتی (ئاڵتەرناتیڤ) بریتی دیکەی نەبووە.

یەکێتی چیرۆکێکە لەنێو ڕۆمانی پارتی، ھێندە ڕۆچووەتە نێو پارتیبوونەوە کە ھەندێجار ئەو ئەکتەرانەی کە لەنێو یەکێتیدا لەفکردا نزیکی پارتی نین‌و خاوەنی بڕیاری سیاسین، زووتر لەوانەی کە نزیک لەپارتی بیردەکەنەوە پێوەندی لەگەڵ پارتی دەگرن‌و لەسەر ھێڵ دەبن.

ئەگەرچی یەکێتی لەشانۆی شەقامدا ئۆپۆزسیۆنە، لەحوکمڕانیدا شەریک، بەڵام لەھەردوو باردا ھەر لەنێو پارتیدا گەورە دەبێت‌و لەمساڵدا دەیەوێ وەک یەکێتی نوێ ڕۆمانەکە لەگەڵ پارتی لەھەولێر بنوسێتەوەو ڕێککەوتنێک وەک ھاوپەیمانی پارتی واژۆبکاتەوەو پارتیش شەرعیەت بەیەکێتی نوێ دەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی