"دین، دڵی جیهانێکی بێ دڵو ڕۆحی هەلومەرجی بێ ڕۆحە، ئەوە تریاکی خەڵکیە"مارکس
لەکاردانەوەکانی ئیسلامیەکاندا بەرامبەر بە"كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە" سەرنج بدەنە کەلتورێک کە مافی ناونانی مناڵ بەناوی دایکەوە ڕەتدەکاتەوەو بزانن ئەم کەلتورە دینیە مناڵ یان ئینسانی ساوا چۆن دەبینێ؟
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، "كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە، هەوڵێكە بۆ خستنەوەی مناڵی زۆڵو بندیوار".
دیارە وشەی زۆڵ مێژویەکی دورودرێژی هەیەو بەو مناڵانە دەوترێت کە لەدەرەوەی خێزانی ڕەسمی یان شەرعی ئیسلامی لەدایکدەبن.
لێرەوە لەپێوەرو کەلتوری دینی تێدەگەین سەبارەت بەمرۆڤو سیستمی خێزانی پیاوسالاری باوکسالاری، مناڵێک کە لەدەرەوەی ئەم خێزانەی کە پیاو خاوەنەکەیەتیو دواتر ناوی ئەو وەردەگرێ بەفەرمی ناناسرێو هیچ پێناسەیەکی وەک هاوڵاتیەکی یەکسان نییەو بەکەلتوری دینی "زۆڵە".
هەربۆیە نوێنەرێکی ئیسلامی سیاسی وەک بەڵگەی دژایەتی بەرامبەر بەمافی مناڵانێک کە ناسنامەی باوکیان دیارنیە زۆر بەئاسانیو بێ پەردە ئەم زاراوەیە وەک بەڵگەی سەلماندنی ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر بەکاردەهێنێت بۆ سڕینەوەی مافی ناسنامەی مناڵێکو مافی دایکێک لەبونی وەک بەشێک لەناسنامەی مناڵەکەی.
هەروەک ئەوەی ئەو مناڵە مرۆڤ نەبێو لەپلەیەکی خوارتری مرۆڤدابێت، هەر لەبەرئەوەی لەدەرەوەی دامەزراوەی زەواجی شەرعی ئیسلامیو فەرمیدا لەدایک بوە کە بەم هۆیەوە تەنانەت شایەنی ناسنامەش نییە بەناوی دایکیەوە کە نۆ مانگ وەک بەڵگەیەکی بایۆلۆژی حاشاهەڵنەگر لەسکیدا وەک مرۆڤێک هەڵیگرتوە.
لەهەمانکاتدا ئەم هێرشە بۆسەر ئهو دایکانەیە کە دەتوانن ئەوانیش بەشێکبن لەناسنامەی مناڵەکەیان، لەلای ئەم ئیسلامیانە دروستکردنی ناسنامهی منداڵ لەسهر ناوی دایکی، تەنانەت ئەگەر لەئەنجامی تاوانێکیشەوە وەک ئەوانەی داعش بەژنە یەزیدیەکانیان کرد، دیسانەوە هەر ڕێگەپێدراو نییە، چونکە لەگەڵ بنەمای سیستمی خێزانی ئیسلامیو پاتریارکیو باوکسالارانەی دینیدا نایەتەوە.
ئەم دژایەتیەی ئیسلامیەکان دژ بەمافی ژنان لەخستنەپاڵی ناوی خۆیان لەگەڵ ناوی مناڵەکانیان بەرگری کردنە لەمافی موڵکایەتیو میراتی پیاو کە سیستمی خێزانی ئێستای لەسەر بونیادنراوەو ئەگەر مناڵێک باوکی دیارنەبێت ئیتر ناتوانرێ ناوی خێزانی بۆ بەکاربهێنرێ، چونکە خەلەل دەخاتە ئەم گواستنەوەی موڵکو میراتیەوە کە خێزانی پیاوسالارانە هەزاران ساڵە لەسەری دەڕوا.
ئەگەر پیاوێک لەئارادا نەبێ کەواتە نە مناڵ نە دایکی، وەک هاوڵاتی فەرمی بونیان هەیەو بەشێک نین لەم سیستمەی کە بۆ گواستنەوەی موڵکو میراتی پیاوان دانراونو هەربۆیە ناوی خێزان ناوی تەنها پیاوەکانی هەڵگرتوە.
ئەم کەمپینەی "كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە" دەرگای لەسەر بابەتێکی گرنگ کردۆتەوە کە ئەویش مافی مناڵو مافی دایکە. ئەم مافانە بنەڕەتینو سیستمی خێزانی دینیو یاسا دینیەکانی ناسنامەی عێراقی کە ڕێگرە لەبەردەم ناسنامەی مناڵێک لەڕێگای دایکیەوە ئەوە دەبێ بزانین کە ئەو کلتورە لەشارساتنیەتی مرۆڤایەتی ئەمڕۆدا زۆڵە نەک مناڵەکە.
دینێک کە مناڵ بێبەری بکا لەمافی ئینسانی خۆی لەبەرئەوەی لەدەرەوەی سیستمی خێزانی ئیسلامیدا لەدایک بوە ئەوا دینی دنیایەکی بێ دڵەو ڕۆحی هەلومەرجێکی نائینسانی بێ ڕۆحەو تلیاکێکە بۆ بێ هۆشکردنی کۆمەڵگە لەبێداربونەوەو وەستانەوە بەدژی ئەم کلتورە "زۆڵە".
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی