لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی زۆر مەترسیدار بووەتەوە، کە ئەگەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوە قەوارەی هەرێم ڕووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو دەکاتەوە، ئەو کاتە نە هێزە سیاسییەکان و نە دۆستەکانیشی ناتوانن بیخەنەوە دۆخی پێش ڕووداوەکە.
پاش تێپەڕبوونی730 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەتا ئێستا حکوومەت پێک نەهێنراوە، کە ئەمەش پلەی یەکەم وەردەگرێت لەسەر ئاستی جیهانی و لە هیچ وڵاتێکی تردا هاوشێوەی نەبووە.
دۆخەکە تەنها بەوەوە ناوەستێت کە پەرلەمان سڕ کراوە و حکوومەت پێک نەهێنراوە، بەڵکو ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت، بنکۆڵی قەوارەی هەرێمیش دەکرێت و ئەو لایەن و دەوڵەتانەش کە نەیارن بەم قەوارەیە، لەسەر ئاستی جۆربەجۆر کار دەکەن بۆ نەهێشتنی شەرعیەتی دەستووری و یاسایی.
بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ئێمە گوێبیستی جۆرەها بانگەشە بووین لەلایەن کەسایەتیە سیاسییەکان و سەرکردەی پارتەکان، ئەو پێشنیارانەش جۆرەها فۆڕمی جیاوازیان لە خۆ گرتبوو.
هەندێکیان داوای دروستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسیی پارتەکانی هاوشێوەی بەرەی کوردوستانیان دەکرد، هەندێکیان داوای دروستکردنی مەرجەعێکی سیاسی و هەندێک سەرکردەی سیاسیش بەم دواییانە دەستیان دایە هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر مێزێک و دروستکردنی حکوومەتێکی یەکگرتوو لە نێوان هەردووکیاندا. لەڕاستیدا هەموو ئەم هەوڵانە ئازارشکێنی کاتین و هیچ یەک لەو پێشنیارانە ناتوانن ببنە هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی، چونکە ئەو ئەزموونانە هەمووی تاقی کراونەتەوە و لە ئێستاشدا بێجگە لە دووبارەکردنەوەی چەندین ئەزموونێکی شکستخواردوو هیچی تر نیین.
ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمدا هەیە قەیرانی سیاسیە، ئەو قەیرانەش پێویستی بەوە هەیە کە مامۆستایانی دەستووری و یاساناسان و ئەکادیمییە سیاسییەکان و دادوەرەکان بەشداریی تێدا بکەن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە سیستمی سیاسی و کایەی حوکمڕانیەوە هەیە. دەبێت کار لەسەر ئەوە بکرێت دەسەڵات لە سەرۆکی حیزب و مەکتەب سیاسی و سەرۆک خێڵ و بازرگانە سیاسییەکان وەربگیرێتەوە و پەنا ببرێت بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی حوکمڕانی کە لە ژێر سایەی دەستووردا جموجۆڵ بکەن. واتە دەبێت پێشنیاری دەستوور وەک چارەسەرێکی هەمیشەیی بێت، چونکە لەو چوارچێوەیەدا هەوڵەکان دەچنە چوارچێوەیەکی نیشتمانی و بازنە بچوکەکانی حیزب و سەرکردە و سەرۆک خێڵ و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بازرگان و سیاسییەکان بەجێ دەهێڵێت. لەم چوارچێوەیەشدا بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتی و پاراستنی مافەکانی دەبێتە تەوەری سەرەکیی کاری سیاسی، ئەوکاتەش هەموو دامەزراوەکانی وەک حیزب و ڕێکخراو و سیستمی ئابووری و سیاسی دەبێت بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت
. یەکێتی و پارتی کە لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ـەوە جڵەوی حوکمڕانی هەرێمیان لە دەست دایە، دەبووایە ئەوان ئەو پێشنیارە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوان نایانەوێت چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانەکان بکەن و ئامانجەکانی ئەوان لە سنووری حیزب و بەرژەوەندیی بەرپرسەکان تێپەڕ ناکات و ناگاتە سنوورەکانی نەتەوە و نیشتمان.
یەکێتی و پارتی لە ئێستادا دەزانن کە بوونی دەستوورێک لە هەرێمی کوردستاندا لە قازانجی ئەواندا نییە، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:
1- دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو زۆنی سەوز و زەرد؛ هەردوو حیزب دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە لە ناوچەکانی خۆیاندا و بەمەش حیزب بووەتە خاوەنی سەرچاوەی دارایی و گومرگ و بیری نەوت و زۆر پروژەی ئابووری، بە بوونی دەستوور حیزب خاوەنی دەزگای ئەمنی و پێشمەرگە و ئیدارەی حیزبی حکوومەت نابێت . یەکێتی و پارتی لەگەڵ دۆخێکی لەو جۆرەدا ڕانەهاتوون و بە مەترسی دەزانن بۆ سەر حیزبەکانیان.
2- دەستوور دەسەڵاتەکانیان سنووردار دەکات؛ کاتێک دەستوور هەبێت سەرۆکی حیزب و مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم ئەو دەسەڵاتانەیان نابێت کە ئێستا هەیانە و دەسەڵاتەکانیان سنووردار دەکرێت.
3- زاڵبوونی دەسەڵاتی حیزب بەسەر حکوومەت و دامەزراوەکاندا؛ لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێستای حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا سەرۆک و مەکتەبی سیاسی خاوەنی بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوەن و پەرلەمان و حکوومەت و دادگاکان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە، لەبەر ئەوە نایانەوێت بە بوونی دەستوورێک ئەو دەسەڵاتانە لەدەست بدەن.
4- لە ئێستادا نە بودجە دەچێتە پەرلەمان، نە شەفافیەتی دارایی هەیە، نە داهاتی ناوخۆ و نەوت و گاز دیارە، بەڵکو کۆمپانیاکانی حیزب دەسەڵاتی یەکەمن و کەسیش ناتوانێت پێیان بڵێت ئەمەتان لە کوێ هێنا، بەڵام لە بوونی دەستووردا ئەو توانایە لەدەست دەدەن و دەبێت هەمووی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پەرلەمانیش چاودێریی چۆنیەتیی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکات.
بە بوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان چارەسەری هەموو ئەو قەیرانانە دەکرێت و بڕیاری سیاسی لەدەست حیزب دەسەندرێتەوە و بڕیارە چارەنووسسازە نیشتمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، هەروەها دەستەبەر و پارێزگاری لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەکرێت و هیچ گرووپێکی چەکدار و حیزب ناتوانێت مافەکانی ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل بکات و مافی خۆپیشاندان لە هاووڵاتی وەربگرێتەوە یان هیچ بەرپرسێکی حیزب یاسا شکێنی بکات.
لە ئێستادا یەکێتی و پارتی ئامادە نین ئەو هەنگاوە بنێن و ڕەشنووسی دەستوور بخەنە بەردەم ڕاپرسی، هەتا شەرعیەتی یاسایی وەربگرێت، لەبەر ئەوە دەبێت لە ئێستادا فشاری جۆربەجۆر دروست بکرێت هەتا یەکێتی و پارتی ناچار بکرێن دەستوور بکرێتە مەرجەعی چارەسەریی کێشەکان، ئەویش بەم شێوازانە:
1- پێکهێنانی تۆڕێکی فراوان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكا پیشەیییەکانی وەک( پارێزەران، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و زانکۆکان) ،بۆ خستنەڕووی مەترسیی نەبوونی دەستوور لەسەر ماف و ئازادییەکان.
2- بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کەمپەینی جۆربەجۆر و کۆڕ و سیمینار و گردبوونەوەی جەماوەری ئەنجام بدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەوەی کە چۆن نەبوونی دەستوور بۆتە هۆی قۆرخکردنی داهات و لاوازبوونی دامەزراوەکان و پەکخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەت.
3- یەکخستنی توانای ئۆپۆزسیۆن و هێزە سیاسییەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی فشارێکی سیاسیی فراوان دروست بکەن و جەماوەر و میدیاکانیان بەکاربهێنن بۆ هۆشیارکردنەوەی جەماوەر.
4- تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو لایەنانەی کە ڕێگە نادەن دەستوور بخرێتە بەردەم ڕاپرسی و ببێتە مەرجەعی یاساکان لە هەرێمی کوردستاندا.
5- دروستکردنی فشاری نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سەردانی کۆنسوڵخانەکان و سەفارەتەکان لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، چونکە ئەمە داوایەکی یاسایی و نێودەوڵەتییە و ئەوانیش لەو بڕوایەداین کە ئەو هەنگاوە خزمەت بە ئارامی و ئاسایش و گەشەپێدانی دیموکراسی دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.
6- بەکارهێنانی سۆشیال میدیا وەک مینبەرێک بۆ بەستنەوەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک وەک( قەیرانی مووچە، بێکاری , نەبوونی خزمەتگوزاری) بە نەبوونی دەستوورێک کە بەرپرسیارێتی و سنووری دەسەڵاتی کاربەدەستان دیاری بکات.
کاتێک خەڵک تێدەگات لەوەی کە نەبوونی دەستوور سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، ئەو داواکاریە دەبێتە خواستێکی گشتی و بەرامبەرەکان ناچار دەکات مل بدەن بۆ ئەو داوایە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی