چاکسازیی‌و ناڕەزایی

07/09/2021

ئاسۆ حاجی

لەگەڵ هەر هەنگاوێک لەجێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، هەندێک دەنگی ناڕازی بڵنددەبن‌و ڕەخنەی لێدەگرن‌و هەوڵدەدەن هەنگاوەکە بۆ دواوە ببەنەوە، بەڵام پێداگریی‌و سوربوونی سەرۆکی حکومەت لەجێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە داوایەکی لەمێژینەو گشتگیری خەڵکی کوردستان بووە، ئامادەکاری بۆ چوونەپێشی هەنگاوو قۆناغێکی دیکە دەکرێ، نەک پەشیمان بوونەوەو گەڕانەوە بۆ دواوە.

کۆنە پەڕلەمانتارانی کوردستان کە ئەوانەی عێڕاقیش لەچوارچێوەی یەکێتیەکدا سەریان بەیەکەوە ناوە، لەوەتەی بەگوێرەی یاسای چاکسازی موچەکانی ئەوان هەموارکراوەتەوە نەک بڕدراوە، دەنگی ناڕەزاییان بڵند بووە، ئەو دەستکاریکردنە بەنادەستوریی‌و نایاسایی لەقەڵەمدەدەن! لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستور نییەو دەستکاریکردنی موچەکانیش بەگوێرەی یاسایه‌کە کە لەپەڕلەمانی کوردستان دەرچووە.

ڕەنگە لەجێبەجێکردنی ئەو یاساییە هەندێک کەس بکەونە بەرێ‌و موچەیان ببڕدرێ یان دەستکاری بکرێ کە شایەنی ئەوەبن لەو موچەیە زیاتر وەربگرن‌و ئیمتیازاتی زیاتریان پێبدرێ، کە ئەوانە بەدڵنیایەوە کەمینەیەکن، کە باجی زۆرینەیەکی مشەخۆر دەدەن کە چەندین ساڵە لەموچەی قەبەو ئیمتیازاتی زۆر تێرنەبووینەو هێشتا دەڵێن:”هل من مزید”.

بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، هەموو ڕەخنەکان‌و پەنجەی تاوانباریی‌و کەمتەرخەمی بۆ حکومەت درێژدەکرا، ڕووبەڕوی گەندەڵی نابێتەوەو چاکسازی ناکات، ئێستا کە حکومەت دەستیکردوە بەجێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، دەنگی ناڕەزایی لەهەمان شوێن‌و سەرچاوەو کەس بەرزبۆتەوە، ئەوجارەیان حکومەت بەوە تاوانبار دەکرێ کە چاکسازیی‌و  دەکاو هەوڵی سنووردانان بۆ گەندەڵی دەدا، ناڕەزایەتیەکەو ڕەخنەکان لەو ڕوانگەیە کە بەرژەوەندی ئەوان تێکچووە، نەک لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.

ئەو ناڕەزاییانە زیاتر لەو سیاسیانە دەبیسترێ کە ساڵانی خەبات‌و قوربانیدانیان بەقەبارەی موچەکەیان دەپێون، لەوکەسانەش کە بەبێئەوەی ڕۆژێک فەرمانبەری حکومەت بن، پلەو پۆست‌و موچەی تایبەتیان بۆ بڕاوەتەوە، ئەوانە تەنها نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکەن کە چەندین ساڵە لەو ئیمتیازاتە نایاساییانە بەهرەمەند بووینە، لەدژی ئەو پڕۆسەیەشن کە لەبەرژەوەندی ئەو زۆرینەیەدان کە هاواریان لەدەستی ناعەدالەتی‌و  گەندەڵی دەچووە بەڕەکەی ئاسمان.

سەرۆکی حکومەت لەبەجێگەیاندنی ئەوکارەی بە ناوو ناوەڕۆک ‘مەسرور‌ ە، سرورەکەی زۆرینەی خەڵکیشی گرتۆتەوە کە هەستدەکەن سەرۆک حکومەتێک‌و کابینەی حکومەتێکیان هەیە لەگەڵ ئەو کارنامەی سوێندیان بۆ جێبەجێکردنی خواردووە راستگۆن، پیاوی کردارن نەک گوفتار.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی