پێشنیار بۆ كاندیدو لیستە بەشداربوەكان لەهەڵبژاردنەكاندا

11/09/2021

د. سەیران تەها ئەحمەد

كاندیدە بەڕێزەكان/ سەربەخۆن یان سەر بەلیستی حیزبەكانن، خاوەنی هەر ئایدیاو بۆچونێكن گرنگ نیە بەڵێن‌و دروشمەكانتان چی بێت، گرنگ نیە چی دەڵێن یان بەنیازن چی بكەن، گرنگ ئەوەیە ژینگەی شارەكان مەشوێنن، خۆزگە وازتان لەهەڵواسینی وێنەو ناشرینكردنی شەقامەكان دەهێنا، خۆزگە پارەكانتان بەشێوازێكی تر خەرجبكەن كە سودو دەستكەوتی باشتری هەبێت.
 
گەر خەرجی ئەو وێنانە بۆ كڕینی بەرمیلی خۆڵ‌و دانانی لەشەقامەكانی ناوەوەو دەرەوەی شار تەرخانبكرایە وێنەیەكی پچوكی بەڕێزتان یان ناوتانی لەسەر بنوسرایە چ دەستكەوتێكی گەورە دەبوو. مرۆڤ دڵی ژاندەكات كە بەدرێژایی چەندین كیلۆمەتر لەڕێگاكانی دەرەوەی شارو سەیرانگاكان بەرمیلێكی خۆڵ (حاویه‌) یان كورسیەكی دانیشتنی لێ نابینرێت؟ چەند بێویژدانانە وەك گوڵدان خۆڵ‌و خاشاك لەقەراغی شەقامەكان فڕێدەدرێت لەبەر نەبوونی شوێنی تایبەت، كەمتەرخەمی لەبەرپرسیارێتی ئەخلاقی خەڵک‌و حكومەت.

خۆزگە دەستپێشخەری ئەوەتان بكردایە كە پارەكانتان (لەگیرفانی حیزب بێت یان گیرفانی خۆتان بێت) بۆ بۆیاخكردنەوەی‌و جوانكردنی دیوارە ڕاگرەكان‌و شوێنە گشتیەكان تەرخانبكردیایەو ناوی خۆتان بەبچوكی لەسەر بنەخشانایە، یان ئەو پەڕۆ خۆڵاوی‌و دڕاوانەی ئاڵای كوردستان كە لەسەر بەرزەپردو فەرمانگەكانتان بەدراوی دەشەكێتەوە بگۆڕیایە.

ئایا هەریەكێك لەئێوە بیرتان لەپێداویستی نەخۆشخانەیەك یان قوتابخانەیەك یان بەشێكی ناوخۆیی كوڕان‌و كچانتان نەكردۆتەوە كە بەپارەی چەند وێنەیەكتان دەتوانرێت چەند گۆڕانكاری‌و كاریگەری دروستبكەن، چەند كەلێن پڕبكەنەوە، چەندین پێداویستی دابینبكەن، جا ئەوكاتە ئاسایی بوو ناوی خۆتان وەك ڕێكلام بەكاربهێنن؟

پێمان بڵێن سودی ئەو ژمارە زۆرەی وێنانە لەچیدایە (كە دوای مانگێك دەبێت پارە بدەن كە كۆبكرێتەوە فڕێی بدەن) كە لەلایەن هەندێك لەكاندیدەكانەوە دەستپێشخەرییان كردوە، بەدرێژایی هەموو شەقامەكان لەباكوری شارەوە تا دەگاتە كۆتایی‌و دەرەوەی شار، بەئەندازەی هەموو ستونی كارەباكان بەوێنەكانیان داگیركراوە، ڕەنگە بەحساباتی هەڵەیان وایان دانابێ كە چەندە وێنەكان زۆربێت ئەوەندە زیاتر دەنگدەهێنن؟

دڵنیابن ئەو سەردەمە بەسەرچوە كە لەبەر جوانی‌و قەشەنگی یان قەبارەی وێنەكانتان سەرنجی دەنگدەر ڕابكێشن، ئێستا سەردەمی تەكنەلۆجیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانە كە دەتوانرێت وێنەكانتان لەڕێگەی مۆبایلەكانەوە بەنامەی فایبەر بگەیەنرێتە هەموو ماڵێك؟ یان لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی پرۆشەرو كارتەوە، وەیان باشترین ڕێگە دانانی چەندین شاشەی گەورە لەچەند شوێنێكی گشتیدا لەناو مۆڵ‌و باخچە گشتیەكاندا، یان لەڕووی دیواری باڵەخانە بەرزەكان، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو كەناڵی تیڤی‌و ڕادیۆو ڕۆژنامەكانەوە كە دەتوانرێت نەك تەنها وێنەكانتان بەڵكو ژیاننامەو كارەكانتان پیشانبدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە