مەبەست لەزانینی زگماكی، ئەو زانینەیه كە پێوەی لەدایكدەبیت؛ لەکاتی لەدایکبوونەوە هەتە. جیاكردنەوەی ئەم زانینەو زانینی ئەزموونی؛ زانینێك كە بەدەستدێت لەڕێی فێربوونو ئەزموونی ژیانەوە. سەرەنجامی دیبەیتێكی مێژووییە لەفەلسەفەدا، ئەو فەیلەسوفانەی ئینتێرنالیستین/ناوەکیین، سەر بەڕێبازی ناوەكیین، پێیانوایە كە زانین زگماكییەو مێشكی مرۆڤ وەك سندووقێكی پڕ زانینە كە لەدایكدەبێت، زانینی زگماكی لەمێشكو زەینی مرۆڤدا چەسپیوە هەر لەكاتی دروستبوونیەوە، لەكاتی لەدایكبوونیەوە.
بەرامبەر بەمان، فەیلەسوفی زۆر زیاتر هەن كە پێیانوایە زانین زگماگی نییە، بەڵکو توانای وەرگرتن زگماکیە، زانین پاش لەدایكبوون لەڕێی فێربوونو ئەزموونی ژیانەوە بەدەستدێت.
ئەم دیبەیتە فەلسەفییە لەسەرئهوهی گوایا زانین زگماكییە، زۆر درێژەی كێشا لەمێژووی فەلسەفەدا، تا سەدەی بیستی خایاندو لەكۆتایی سەدەی بیستیشدا جارێكی تر گرنگیی پێدرایەوەو دیبەیتەكە دەرەوەی فەلسەفەشی گرتەوە، بەتایبەتی لەبوارەکانی زانستی زمانو سایكۆلۆجیدا.
یەكێك لەوانەی كە ناویان لەم مەسەلەیەدا دیارە، هەم فەیلەسوفەو هەم لینگویست/زمانناسە، ئەویش نۆوم چۆمسكییە. ئارگیومەنتەكەی چۆمسكی لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەوەیە كە توانای مناڵ لەگەشەكردنی ئاساییو بێگرفتدا، واتە لەتەندروستی باشدا، لەوەرگرتنو فێربوونی زمانی سروشتی مرۆڤدا، هەردەم ناتەواو دەبێت بەبێ یاریدەرێكی ناوەكی لەم وەرگرتنو فێربوونەدا. لەمەدا تەنانەت ئەو زانیارییە كەمانەش كە هەن، ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە ستراكتۆرێكی لینگویستیك/زمان هەیە كە ناوەكیو زگماكییە لەمرۆڤدا. لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێم كە خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئارگیومەنتەكەی چۆمسكی كراوەو مەسەلەی ئەوەی تاچەند چۆمسكی پشتگیریی لەكەمپی ئەوانە دەكات كە پێیانوایە زانین زگماكییە، شایانی دیبەیتە، چونكە بەلای منەوە ئەوەی چۆمسكی دەیڵێت، گەر بەراوردی بكەین بەوەی كە كەمپی 'زانین زگماكییە' دەیڵێن، ئەمەی چۆمسكی كورتدەهێنێتو ناكرێت بەپشتگیریكردن لەكۆی پرەنسیپەكەی ئەو كەمپەی كە پێیانوایە هەموو زانین زگماكییە، ئەمە لەبەرئەوەی ئەو كەمپە لەناوەرۆكی تیۆرەكەیاندا فێربوون لەئەزموونەوە ڕەتدەكەنەوە؛ بۆ پشتگیریكردن لەم ناوەرۆكە توندەی 'زانین زگماكییە' یا 'هەموو زانین زگماكییە' پێویستی بەسەرەنجامێكی زۆر بەهێزترە لەوەی كە چۆمسكی لەئارگیومەنتەكەیدا دەیڵێت.
گەرچی بۆچوونەكەی چۆمسكی سوودی زۆر لێ وەرگیراوە سەبارەت بەمەسەلەی زگماكیبوونی زانین، لەڕاستییشدا دەكرێت ئەو تێڕوانینەی چۆمسكی سوودبەخش بێت بۆیان، بەڵام من پێموایە كە چۆمسكی هەندێک كەمتر لەو ناوەرۆكەی ئەوان پەسەنددەكات.
ئەوەی چۆمسكی دەیڵێت، زیاتر دەچێتە دوو خانەی ترەوە: یان دەكەوێتە خانەی ئەوانەوە كە پێیانوایە توانای زگماكی هەیەو ئەمەش جیایە لەزانینی زگماكی، یان دەكەوێتە خانەی ئەوانەوە كە پێیانوایە زانین دەكرێت بەشێكی زگماكی بێتو بەشێكی لەئەزموونەوە بەدەستدێت. ئەمەش هەر جیاوازە لەوەی كەمپی 'زانین زگماكییە' دەیڵێن.
نموونەیەكی دیار كە دژ بەبۆچوونەكەی چۆمسكییە، سایكۆلۆجیستێكی ناسراوە بەناوی فرانك سكینەر كە بەگرنگی دەزانم باسی بكەم. سكینەر یەكێكە لەو سایكۆلۆجیستانەیە كە جێدەستی دیارە لەو ڕەوتەی كە بەڕەفتارگەری/بیهەیڤییەریزم ناسراوە، ئەو لەئارگیومەنتەكەیدا دەڵێت: هەموو زانینێك، بەزانینی زمانیشەوە، بەرهەمی فێربوونەو لەژێر كاریگەریی ئەو ژینگەیەدا كە تیایدا دەژینو لەڕێی بەسەرداسەپاندنو پاداشتەوە فێریان دەبین؛ لای سکینەر زانین لەئەزموونەوە دروستدەبێت.
زۆرتر لەفەیلەسوفو سایكۆلۆجیستو زمانناسانو بیرمەندانی بوارەكانیتر هەن كە دەڵێن زانین لای مرۆڤ بەرهەمی هەردووك لەزگماكیو ئەزموونە، ئەم دیبەیتە هێشتا بەردەوامە.
لەبەشی دووەم: ناوبەشی دووەم، کتێبی پیستیمۆلۆجی کلاسیک، لە'هەگبەی زانین' دەرهێنراوە. ٢٠١٨
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی