دوای 11ى سێپتەمبەر ئەمریکا ئامانجەکەی لەئەفغانستاندا پێکا؟

11/09/2021

کاوەی مەلا حسێن

لەڕۆژی 11ی سێپتەمبەری ساڵى 2001، لەلایەن چەند هێرشبەرێکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لەخاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕویاندا، ئاڕاستەی چوار فڕۆکەی مەدەنی بازرگانی گۆڕان‌و ئاڕاستەکران بەئامانجی دیاریکراو کە سیانیان سەرکەوتبوو لەپێکانی ئامانجەکانیانداو ئامانجەکانیش تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی بوو لەمنھاتن‌و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بەهۆی ئەو هێرشەوە نزیکەی 3000 هەزار کەس کوژران.

هەردوای ئەوە جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دەستی هەڕەشەی بۆ ئوسامە بن لادن دڕێژکردو داوای لەحکومەتی ئەوکاتی کابوڵ کرد، ئەلقاعیدە لەئەفغان دەربکەن‌و بن لادن ڕادەستبکەن، سەرئەنجام بەهۆی ڕازینەبونی حکومەتی تاڵیبانەوە بەداواکەی ئەمریکا، لە7ى تشرینی یەکەمی 2011 هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا ئەفغانستانیان داگیرکرد لەیەکەم هەفتەی مانگی کانوونی یەکەمدا ڕژێمی تاڵیبان ڕوخاو مەلا عومەر ئەمیری بزوتنەوەی تاڵیبان‌و یاریدەدەرەکانی هەڵهاتن.

هەرچەندە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لەمانگی ئایاری ساڵی 2011 توانییان لەئۆپراسیۆنێکدا ئوسامە بن لادن بکوژن لەناو خاکی پاکستاندا، بەڵام بزوتنەوەی تاڵیبان دژی سەربازانی ئەمریکاو حکومەتی ئەفغان بەسەرۆکایەتی حامید کارزای بەردەوامبون لەشەڕکردن، ئەمەش وەک شکستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا دەبینرا، بەهۆی ئەو زیانە گیانى‌و مادیەی لەئەفغان ڕووبەڕویان دەبوه‌وە کە نەیانتوانی ئەو خوێنەبەر بونە بوه‌ستێن.

پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەشی زانکۆی براون بۆستۆنی ئەمریکی تێچوی جەنگى ئاشکراکرد کە تاساڵی 2020 ئەمریکا نزیکەی 978 ملیار دۆلاری خەرجکردوە، بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانی نێوان تاڵیبان‌و هێزەکانی ئەمریکاو ئەفغان لەساڵی 2001وە تائێستا هەزاران کوژراوو برینداریش لەهەردولا كه‌وتۆته‌وه‌.

بۆ داپۆشینی خەرجییە قورسەکانی جەنگ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پارەیەکی زۆری قەرزکردوە کە به‌دوو ترلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، پێدەچێت لەساڵی 2050 نزیکەی شه‌ش ترلیۆن‌و 500 ملیار دۆلار بێت.

سەرەڕای ئەو ڕێژە زۆرە لەکوژرانی سوپاو هێزەکانی پۆلیسی ئەفغانستان، هاوکات یۆناما ئاشکرایکردوە، لەوەتەی ئەرکیان بەفەرمی دەستی پێکردوە لەئەفغان بەتۆمارکردنی ژمارەکان لەساڵی 2009دا، نزیکەی 111 هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

بۆیە ئیدارەی واشنتۆن لە29ی شوباتی ساڵی 2020 لەشاری ده‌وحەی قەتەر لەنێوان ئەمریکاو تاڵیباندا واژۆکرا مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لەکشانەوەی سەرجەمی هێزەکانی ئەمریکاو ناتۆ لەئەفغانستان، لەبەرامبەریشدا تاڵیبان ڕێگری بکات لەکارکردنی قاعیدە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، هەرچەندە بڕیاربوو لە31ی ئابدا هێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان بکشێنەوە، بەڵام پێش ئەو وادەیە بەبڕیاری جۆبایدن دەستیان بەکشانەوە کردو لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی فشەڵی‌و گەندەڵی لەحکومەتەکەی ئەشرەف غەنی کە دوای حامید کارزای چواره‌م سەرۆکی ئەفغان بوو، بزوتنەوەی تاڵیبان بەماوەیەکی کەم توانیی دەستبەسەر هەموو ئەفغاندا بگرێت.

لەئێستاشدا، زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوی سەرۆک وەزیران‌و بەشێک لەوەزیرانی حکومەتە کاتییەکەی کابوڵى ڕاگەیاندو وتی: نامانەوێت ئەفغانستان بگەڕێتەوە بۆ شەڕو خوێنڕشتن، پێشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەکی ئەمریکا دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی