ئەمرۆ ١١ی سەپتەمبەرە

11/09/2021

دانا رەشید

 ١١ی سەپتەمبەری هەموو سالێک ، تەنها یادکردنەوەی تاوانێک نی یە ، کە دوو تاوەری بەرزی بازرگانی لە شاری پڕ کێشمە کێشی نیوۆرک لە ئەمەریکا روخا، بەهۆی کردەیەکی تیرۆرستی ،کە بە تیرۆری ئیسلامی ناسراوە ، بەڵکو باسکردنی گۆرانی سەردەمێکە بە سەردەمێکی تر ، سەردەمێک کە ئیدی جیهان پێی نایە قۆناغێک کە بە قۆناغی جەنگ دژی تیرۆر ناوزەد کرا ، لەوکاتەوە تا ئێستە جیهان لە بەرەیکدایەو جیهانی ئیسلامیش بەهۆی کۆمەڵیک لە تیرۆرستانی ئیسلامی خراوەتە بەرەیەک ، کە هەر چەند ساڵە بە ناو و شوهرەتێک دەنگدەدەنەوە ، تالیبان و القاعیدە ، ئینجا داعش ، لەنویشیاندا دەیان حیزب و گروپی تیرۆرستی ئیسلامی لەم وڵات و لەو کۆمەڵگە سەریان هەڵداوە .

پێش روداوی ١١ی سەپتەمبەر سیاسەت لە جیهانی رۆژئاواو و رۆژهەڵات و جیهان بە گشتی ، لەسەر ئەساسی کردە دیبلۆماسیەکان و رێک کەوتنە سیاسی و بازرگانیەکان و جۆری بەرژەوەندی قەراری گرتبوو ، ئەمەریکا بەرامبەر جیهان ئەگەرچی ، هەمیشە ئەمەریکا لە نێوان بیریارو لێکۆڵەرەکانی سەربە دیمۆراتەکان و کۆماریەکان کە کۆماریەکان هەمیشە پێ لەسەر بە ئیمپارتۆر کردنی ئەمەریکا لە سیاسەتی دەرەوە دادەگرن ، نایانەوێ عەزەمەتی ئەمەریکی بوون لە هەیمەنەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمەریکا لە جیهان کز ببێت ، و دیمۆکراتەکان زیاتر کار لەسەر ناوخۆی ئەمەریکا دەکەن دەیانەوێ ئەمەریکا لە هەوڵی فراوانکردنی بازنەکانی ئازادی و ماف و دادپەری بێ بۆ مرۆڤی ئەمەریکی و بەرژەوەندی ئەمەریکا لە جیهان لە سایەی بەرز ڕاگرتنی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانەوە بێت لەسەر ئەساسی بلاسی سیاسی و ئەمنی قەومی ، واتە لێرە بەدواوە ئەو تێزانە گۆررا کاتێ سەردەمی جۆرج بۆشی کوڕ گوتی ، ئێمەر لە جەنگداین ، لەگەڵم نەبێ واتە دوژمنی .

کە ئەم دێرەش لە هیچ قاموسێکی سیاسیدا لە میساقی پرۆتۆکۆڵی زانستی سیاسەت جێگەی نەبۆتەوە ، هەروەک بە ئاشکرا ئەمەریکا چەند ساڵە لێی پاشگەز بۆتەوە و ئیدی لەسەر ئەساسی دۆست و دوژمنی نەیادی ١١ی سەپتەمبەر دەکاتەوە و نە مێژوەکەشی بەو جۆرە دەنوسێتەوە . ئەوەتا بە ئاشکرا بزوتنەوەی تاڵیبانی هێنایەوە سەر کار و ئەو حکومەتەی ئاودیو کرد کە خۆی شەقامی ئەفغانستانی بۆ تەخت کرد ، بەڵام ببێ یان نەبێ ١١ی سەپتەمبەری هەموو ساڵێ جیهان ڕادەچڵەکێ ، ئەمرۆ ١١ی سەپتەمبەرە ئەو روداوەی کە هەزاران بابەت و شرۆڤە و وتاری لەسەر نوسرا ، ئەو روداوەی سەدان لێکدانەوەی لێرەو لەوێ بۆ کرا ، ئەو روداوەی کە ئیدی بە دوای خۆیدا رەوشی سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆری ، جیهان لەو روداوە بەدواوە کەوتە قۆناغ و سەردەمێکی نوێ ، بیستنی دەنگدانەوەی کۆمەڵێ دەنگ کە پێشتر نەبیسترابوون ، ئەمەریکا لەو روداوەدا بە ئاشکرا بە جیهانی وت ( کێ لەگەڵ نەبێت واتە دوژمنم حسابە ) ئەوروپا تەمی ترسێکی ئەستوری پۆشی بەرامبەر تیرۆری ئیسلامی ، رۆژهەڵات بوو بە جەهەنەمی جەنگ دژی تیرۆر ، تا ئێستە ئاگری ئەو جەهەنەمە لە رۆژهەڵات نێڵە نێڵ کڵپە دەکات ، ئەو جەهەنەمەی کە تونەکەی لە ئەفغانستانەو پەرەمێزەکەی لە عێراقەو ،نەوتەکەی لە قەتەرە ، هەرچی تورکیاو ئێرانیشە هەر لایەک بەدەستی خۆی بوون بە حەمامچی لەو حەمامە مەنجەنیقەدا ، ئەمرۆ ١١ی سەپتەمبەرە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی