نوقتەکانی یەکێتیی

15/09/2021

هەژار سدیق

لەناو هەموو کتێبەکانی زادەی بیری مرۆڤەکاندا، هیچ شتێک ، وەکو نوقتە ، گرنگ و یەکلاییکەرەوە نیە، چونکە کۆتایی بەهەموو مشتومڕو حەفت و هەشتی ڕستەکان دێنێت.
لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ، لەیەکەم نوقتەی دەسپێکدا، یەکێتیی ئاشبەتاڵی بەئاشبەتاڵ کرد و  بەگژ هەموو ناکرێ و نابێ و مەحاڵەکاندا هاتەوە.
ئێمەی دەنگدەرانی یەکێتیی، بەهۆی نەخوێندنەوەمان بۆ باردۆخی سیاسی و پەیوەندی هاوسەنگ ، لە نێوان یەکێتیی و پارتی و هەروەها بەهەند وەرنەگرتنی ئەو نوقتانەی کەیەکێتیی، لەپێناو یەکڕیزی و کۆدەنگی نێو ماڵی کورد داینابوو، لەهەردوو هەڵبژاردنی 2009  و 2013 دا لەڕقی پارتی سزای یەکێتییمان دا.
بەداخەوە، بەرهەم و دەرەنجامی سزادانەکەی یەکێتییش بووە هۆی تێکچوونی بەڵانسی هێزو نەمانی پەرۆشی بۆ ئێستا و داهاتووی گەلەکەمان و ژیان گوزەران و بازاڕو بازرگانیش وێران بوون.

لەهەمان کاتیشدا، هێزی ژمارە یەکی ناو پەرلەمان، هیچ لۆژیکێکی بەکار نەهێنا لەپێناو پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان، بەسیاسەتە هەڵە لەیەك لەدوای یەکەکانی، هەر لە ئابوری سەربەخۆ و  وێناکردنی عیراق و دەستورە ناوازەکەشی وەك پەیمانێکی بێ نوقتەو بەغداشی وەك داگیرکەر وەسفکردو کوردستانیشی کردە قەرەقولێکی بێ ناسنامەی بەردەم قاپی تورکیا.
بۆ پارێزگاریکردن لە دەستوری عیراق، کەتاکە بەڵگەنامەیە، بەڕوونی مافەکانی کوردی سەلماندووە، لەکوردستانیش، تەنیا یەکێتییەکی بەهێز دەتوانێت پارێزگاری لەمافەکانمان بکات، کە ئەم دەستورە دانی پێدا ناوە.
بۆیە سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی و سەرکەوتنی گەورەی ئەمجارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، وەك خوێندکارێکی زیرەك لە جەدوەل زەڕبی دەوڵەتداری و  ئیدارەدانی ململانێ سیاسیەکانی ناو بەغدا و پەرۆشی ژیانی خەڵك، ژمارەکان دەباتەوە شوێنی سیاسەتە هەڵەکانی ئەوانەی بەمیزاج، دەستوری عیراقیان، بەوڵاتانی نا دەستوری و دژە کورد گرێدا.
نوقتەی ئەمجارە، لەبەغدای پایتەخت ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دایدەنێت ، لەپێناوی گەڕاندنەوەی مافەکانمان و هەروەها داهاتی نەتەوەیی خۆشمان بەخاوەن دەکاتەوەو نوقتەی کۆتاییش بۆ تاڵانیەکان دادەنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی