پرۆسەی هەڵبژاردن، لەنێوان بایکۆت و بەشداری کردندا

19/09/2021

سەردەشت محمد

بەهۆی نزیکبونەوەمان لەوادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق، قسەکردن و لێکدانەوە و شیکارییەکان لەمەڕ پرسی هەڵبژاردن تادێت گەرموگوڕتر دەبێت و ئەم پرسەش وەک هەموو پرسەکانی دیکە بووە بە فاکتەرێک بۆ دابەشبوونی هاوڵاتیانی کورد بەسەر دووبەرەدا، بەرەیەکیان هەڵبژاردن وەک بناغەو ناوەڕۆکی دیموکراسی پێناسەدەکات و باوەڕیان وەهایە، هەڵبژاردن دەتوانێت گۆڕانکاری لەسیستمی سیاسی وڵاتدا دروست بکات و  بەگرنگەوە لە بەژداریی کردنی هاوڵاتیان لەم پرۆسەدا دەڕوانن، کە دەتوانین بڵێین: ئەم بەرەیە زیاتر هێزەسیاسیەکان و ئەو نوخبەیە دەگرێتەوە کە بەرژەوەندییان لەگەڵ  حیزبە سیاسیەکاندا هەیە و بەشداریی سەرەکییان لەم پرۆسەیەدا هەیە، پێچەوانەی ئەمەش دەستەو گروپ و نوخبەیەکی دیکە بونی هەیە، کە پێیان وایە هەڵبژاردن جگە لەگەمەیەکی بێمانا و نائومێدکەر زیاتر هیچی دیکە نییە و بە هەموو جۆرێک دژی بەژداری کردنن لەم پرۆسەیەدا.

ئەمانەش زۆرینەی ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە بەدرێژایی سی ساڵی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی کەچەندین جار پرۆسەی  هەڵبژاردن ئەنجامدراوە نەیانتوانیوە درک بەگۆڕانکارییەک بکەن کە لەبەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگادابێت، بەڵکو پێیان وایە هەڵبژاردن  هیچ نییە جگە لە ڕێگایەک بۆ گەیاندنی چەندان کەس بەکورسی دەسەڵات و دەست گەیشتن بەداهاتێکی زۆر،  هەربۆیە سنوری  ئەم تێڕوانینە ڕۆژلەدوای ڕۆژ ڕوویی لە فراوان بونە و ئەمەش وایکردووە بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە بەراورد بەهەڵبژاردنەکانی دیکەی کوردستان و عێراق ساردوسڕییەکی زۆری پێوە دیاربێت،  ئەم ساردبونەوەیە و کشانەوەی بەرفراوانی هاوڵاتیان لەبەرامبەر پرۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژاردندا کە بەبناغەو ناوەڕۆکی پرسی دیموکراسی دادەنرێت و کە لەڕێگەیەوە زۆرینەی ئەو هاوڵاتیانەی کەمافی بەژداریکردنیان هەیە دەتوانن نوێنەری خۆیان بۆ  دەسەڵات هەڵبژێرن مەترسیەکی ئێجگار گەورەیە و پێویست دەکات هێزەسیاسیەکان هەڵوێستەیەکی جدی لەبارەوەبکەن و پێیان وانەبێت ڕووداوێکی ئاساییە، چونکە نائومێدبون لە پرسێکی گرنگی وەک هەڵبژاردن دواجار کارەساتی گەورە بەدوایی خۆیدا دەهێنێت.

ئێمە بینیمان یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بێ ئەرزشکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بوو، چونکە بەدرێژای سی ساڵی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتانەدا هەڵبژاردن نەک نەیدەتوانی گۆڕانکاری نوێ بێنێتە ئاراوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هێزەدیکتاتۆرەکان جارلەدوای جار لەڕێگەی گەمەی هەڵبژاردنەوە ڕەوایەتیان بە مانەوەی خۆیان دەدا و هەرئەمەش وایکرد هاوڵاتیان وەک گەمەیەکی قێزەون لەپرسی هەڵبژاردن بڕوانن نەک وەک پایەیەکی گەورەی دیموکراسی بۆیە دەتوانین بڵێین بێبەهاکردنی پرۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژارن ڕێگە خۆشکەربوو بۆ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، کە دواجار ڕەنگە ئەم بێئەرزش کردنەی هەڵبژاردن لەعێراق بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی دەرفەت لەبەردەم هاوڵاتیاندا خۆشبکات بۆئەوەی لەبری هێنانە ئارای گۆڕانکاری لەڕێگەی پرۆسەیەکی گرنگی وەک هەڵبژاردنەوە خەڵکی ناچار بۆئەوەی گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ڕوبدات  پەناببەنە بەر ڕێگایەکی نامەدەنی و دواجار ئەم هەنگاوە بەزیانی زۆرینەی کۆمەڵگا دەشکێتەوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی