لەسەردانەکەی بۆ بەریتانیا جگە لەدیدارەکانی، وتارێکی لەڕۆژنامەی تایمز بڵاوکردەوە کە ڕەهەندی جیاجیای لەخۆگرتوەو دەکرێ بەمانیفێستی هۆشیارکردنەوە بیناسێنین بۆ جیهان دواتر مەغزاکانی بخوێنینەوە.
ئەم گوتارە گوتاری ئەو ئەقڵەیە کە چاوەڕوان ناکات ڕووداوەکان ڕووبدەن پاشان چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە ناهێڵێ کێشە ڕوبداتو پێش بەهەر کارەساتێک دەگرێ پێش ڕوودانی.
سەرەتا باس لەکشانەوەی ئەمریکا دەکات لەئەفغانستان دەیەوێ بڵێ ئێرە ئەفغانستان نییە، بەجیهانیش بڵێ دەستوەردانی ئەرێنیو ڕێگری لەئاشوب، دەسکەوتە بۆ خەڵکی ناوچەکە بەگشتیو ڕاستگۆیی ڕۆژئاوا لەتەک پرەنسیپە دیموکراتییەکاندا، کە بانگەشەی بۆ دەکەن.
دواتر زاکیرەی جیهان دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 1991 کە ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنسا دەسوەردانیان کرد ئەم دەسوەردانە بوو بەهۆی ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورە، لەهەمانکاتدا پێزانینی خۆی (عیرفان بجمیل) بۆ ئەو دەسوەردانە نیشاندەدات، کە قسە لەسەر نەوای ئارام دەکات.
بیرۆکەکەی جۆن مێجەر دەنرخێنێتو بەبەریتانیا دەڵێت: درێژەدان بەبیرۆکەکەی جۆن مێجەر خزمەت بەهەمولایەک دەکات لەکایەکانی سیاسیو ئابوریو شارستانی، لەلایەکی دیکەوە ئاماژە بەپەیوەندی بەریتانیاو هەرێم دەدات لەهاوبەشی بازرگانیو جەنگی دژی تیرۆر، سەبارەت بەڕەوەندی کوردیو ئەو کوڕو کچانەی لەبەریتانیا دەخوێنن بەئومێدەوە لێیان دەڕوانێت، کە ببنە پاڵپشت بۆ هەرێمی کوردستان.
کاتێک دێتەسەر تیرۆر دەڵێت: شەڕەکەمان کۆتایینەهاتووە، پێویستمان بەدانبەخۆداگرتنی ستراتیجی هەیە. کۆدەکانی ئەم پەیامە بۆ بەریتانیاو بۆ جیهان ئەوەیە کە شەڕی تیرۆر لەمانایەک زیاتری هەیە. واتە تەنها لەشەڕی سەربازییو هەواڵگریدا قەتیس نابێت، بەڵکو پانتاییەکی فیکرییو پەروەردەییو شارستانی هەیە. ئەمەش پێویستی بەبیرکردنەوەی ستراتیجی هەیە، سەرەڕای ئەوەی هەر ڕستەیەکی ئەم گوتارە مانایەکی تایبەتی هەیەو دەکرێ هەڵوێستەی لەسەربکرێ، لەناو گوتارەکەدا ڕستەیەکی زێڕین خۆی دەردەخات، کە بەدرێژایی مێژوی مرۆڤایەتی جەنگی لەپێناو ئەو ڕستەیەدا کردووە، کە دەڵێت:(کوردستان دەکەوێتەسەر نەخشەی ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان ئازادیو خۆسەپاندندا لەنێوان هیواو تاریکیدا) ئەمە پەیامێکی قوڵە بۆ کورد خۆییو بۆ هەموو جیهان، کە بەدرێژایی شەڕی نێوان ستەمو ئازادی، گەلی کوردستان لەبەرەی ئازادیخوازان بووە، بگرە لەسەنگەری پێشەوەی ئەو شەڕەدا بووە.
بۆیە داوا لەبەرەی ئازادیخوازی جیهانی دەکات کە هاوکاری گەلی کوردستان بکەن لەم جەنگەدا، لەلایەکی دیکەوە داوا لەخۆرئاوا دەکات، هاوکاری زیاتری ئەم ناوچەیەبن لەڕووی زانستو شارستانییەتو بنیاتنانی مادیو مەعنەوی، بۆیە دەکرێ ئەم گوتارەی سەرۆکی هەرێم وەک مانیفێستی هۆشیارکردنەوەی جیهان پێناسە بکەین، ئەوەی گرنگە بۆئەم مەسەلەیە ئامادەکاری بۆهەرپێشهاتێک یەکڕیزیی ماڵی کوردستانییە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی