بایکۆتی هەڵبژاردن، دۆڕان یان سەرکەوتن

02/10/2021

ئاسۆ حاجی

ئەگەر لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بایکۆتی هەڵبژاردن وەک مافێکی دیموکراتی تەماشابکرێ، ئەوە بۆ قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان‌و بۆ خەڵکی کوردستان هەمان پێناسە نایگرێتەوە، چونکە گەلی کوردستان هێشتان لەقۆناغی ڕزگاری نیشتیمانیدایە، هێشتان نزیکەی 50% خاکەکەی داگیرکراوەو سیاسەتی تەعریبی لەدژ بەڕێوەدەچێت، بۆیە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق بۆ گەلی کوردستان پێویستە وەک درێژکراوەی خەبات‌و تێکۆشانی زیاتر لە100 ساڵ لەپێناو ئازادی‌و سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ ڕکابەری سیاسی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان.

حزبەکانی کوردستان‌و ئەو میدیایەی کە بەفەرمی سەر بەحزبەکانن یان سێبەریانن لەوە سەرکەوتونەبوینە کە هاوکاری خەڵک بکەن لەوەی باشتر لەماف‌و ئەرکەکانیان تێبگەن، هەروەها جیاوازی بکەن لەنێوان بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق‌و پەڕلەمانی کوردستان، چونکە لەهەر یەکەیان هاونیشتیمانی کوردستانی دەبێ ئاراستەی مافەکانی دیاریبکات‌و ئەرکەکانی دەکەوێتە سەرشانیشی بزانێ.

بۆ پەڕلەمانی عێڕاق دەنگدان بەبەربژێرانی کوردو کوردستانی ئەرکێکی نەتەوەیی‌و نیشتیمانیە کە نوێنەرایەتی زیاتر دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیەکانمان دەکەن، دەبێ ئەوە دوربخرێتەوە لەململانێی ناوخۆیەکانی کوردستان، لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکرێ بایکۆت وەک ئامرازو مافێکی دیموکراتی باسبکرێ کە خەڵک دەتوانێ وەک چەکێک لەحزبە سیاسیەکان، یان لەترسی هەبونی ڕێژەیەکی زۆری ساختەکاری بەکاریبهێنێت‌و تۆڵە لەخراپی ئەدای حزبەکان‌و بێبەڵێنی حکومەت بکاتەوە.

ئەو بابەت‌و باسانەی ئێستا وەک کەره‌ستەی گوتاری هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتکردن بەکاردەهێندرێن، ڕەنگە بۆ ڕابردوو دروستبێت، بەڵام بۆ ئێستاو بۆ ئەو کابینەیەی حکومەت لەجێی خۆیدا نییە، ئەو کابینەیە بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەوەتەی دەستبەکاربونی کاری بۆ وەدیهێنانی داواکارە گشتیەکان کردوەو لەسەروی هەمووشیانەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەڕێگای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، کە هەنگاوی گرنگ‌و کرداری بڕیوەو بەو هۆیەشەوە سنورێک داندراوە بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی‌و ڕاستەڕێکردنەوەی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا.

هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن یان لادانی سەرنجیان لەدەنگدان بەو کەسولایەنانەی کە بەهەبونی ئەوان قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بەهێزترو پارێزراوتر دەبێت، چونە بەرەی نەیارانە بۆ ئەوەی ببنە فشارێک تا لەو گەمە دیموکراتیەدا خەڵکی کوردستان بدۆڕێ، بەپێچەوانەکەیەوە هاندانی خەڵک بۆ زیاتر بەشداریکردن‌و دەنگدان بەتایبەتی ئەوانەی کە دەتوانن بەباشترین شێوە نوێنەرایەتی مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیەکان بکەن ئەوە بەخشینی هێزە بەخەڵکی کوردستان‌و مسۆگەرکردنی سەرکەوتنە بەسەر نەیارانی کوردستاندا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی