دەنگدان لەپەنجەرەوە

02/10/2021

بەڵێن عزەت میکە

1
لەهەموو هەڵبژاردنەکانی پێشودا تا کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی کاتی دەنگدان هەموو حزبەکان بانگەشەی پاکی پرۆسەکەو نەبونی ساختەکاری دەکەن، بۆئەوەی زۆرترین خەڵک متمانەی بەپرۆسەکە هەبێت‌و بچن دەنگبدەن کە نزیکبوینەوە لەکاتی کۆتاییهاتن‌و هیوایان بەکاتەکە نەما، ئیتر دەستدەکەن بەبانگەشەکردن بۆئەوەی گوایا ساختەکارییان لێکراوەو دەنگەکانیان دزراوەو زۆر شتی لەم بابەتە، ئەم حاڵەتە هەندێكجار تەنانەت حزبەکانی دەسەڵاتیشی گرتوەتەوە.

2
هەر بەڕاست ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک چەندە؟ کۆمسیۆن دەڵێت، 62% هەواڵگری بەریتانی دەڵێت 18%و دوایین ڕاپرسیش دەڵێت، هەڵبژاردنی پێشوو 80%ی خەڵک بەشداربوە، هەمومان دڵنیایین کە هیچ یەک لەو ژمارانە ڕاستیی ڕەها نین، بەڵام زۆربەمان بەسەیرکردنی وەزعەکە تێدەگەین ئەو ڕێژەیەی هەواڵگریی بەریتانی کە ماڵپەڕی BBC کاتی خۆی بڵاویکردەوە ئەگەر لەڕێژەکەی کۆمسیۆنی دەربکەیت، ژمارەیەک دەردەچێت نزیکە لەواقعەوە، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا کەمتر دەبێت لەوەش.

3
دوێنێ هەینی، دامەزراوەی بەیانی عیراقی نوێترین ڕاپرسی خۆی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوە 58%ی ئەوانەی لەهەڵبژاردنی پێشودا دەنگیانداوە، پەشیمانن لەو کاندیدو لایەنانەی هەڵیانبژاردون، ئەمە ڕاستییەک دەردەخات کە هەر دەنگدەرێکی عێراقی لەدوای دووسێجار لەبەشداریکردنی لەدەنگدان، ئیتر بێهیوا دەبێت لەوەی کە کەسێک ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەیی‌و ئاواش بایکۆت لەتەمەنی 30 ساڵییەوە دەستپێدەکات.

4
"بەدەنگەکەت سزای گەندەڵکاران بدە" دروشمێکی جوانە کە هەندێک لەلایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات زۆرجار دوبارەی دەکەنەوە، هەر بەڕاست دەنگ قامچییە یان چی؟ ئەوا من دەمەوێت سزای لایەنێک بدەم، ئەی دەنگ بەکێ بدەم؟ ئەوانەی کە خۆیان‌و دەنگەکەی من‌و بارەگاکانیشیان دەفرۆشنەوە بەو لایەنەی من ویستومە سزای بدەم؟ دەنگ بەوانە بدەم کە دوای چونە پەرلەمانیان خۆیان "سەربەخۆ" دەکەن‌و لەژێرەوە فیشەی هەواڵگرییان پێوەیە؟.... 

5
لەپەنجەرەی بنکەیەکی دەنگدانەوە پەتێک شۆڕبوەتەوەو سێ چوار پۆلیسی پێوەیە، چییە مەسەلە؟ وەڵا دەنگدانی تایبەتە... لەبەرئەوەی سەرەکە دورودرێژەو ئەمانیش فریاناکەون بەسەرەگرتن لەسێ چوار شوێن دەنگبدەن بۆیە هاتون‌و ئەیانەوێت لەپەنجەرەکەوە بچنە ژورەوەو زوو دەنگەکە بدەن‌و ڕوو لەبنکەیەکی تر بکەن، "دەنگدان لەپەنجەرەوە" لەوانەیە هەستێکی خۆش بێت ببینیت شەش حەوت عەقیدو عەمید لەسەرەی دەنگداندا وەستابن‌و تۆش لەپەنجەرەکەوە خۆتی پیاکەیت‌و دەنگبدەیت‌و کەسیش نەڵێ بۆ وا ئەکەیت...

6
لەکۆتاییدا بیرتان نەچێ هەڵبژاردن ڕێگە دیموکراسییەکەی گۆڕینی دەسەڵاتە، پێچەوانەی هەڵبژاردنیش کودەتاو شۆڕش‌و ڕاپەڕینە، لەهەر حاڵێکدابێت هەڵبژاردن لەوانی کە سەلامەتترە، بەڵام سەیرێکی دەوروبەرمان بکەن، کام حزبە بەهەڵبژاردن گەیشتوەتە دەسەڵات‌و کام حزبە ئەویتری هەر بەهەڵبژاردن دورخستوەتەوە؟ کامانەن ئەو هەڵبژاردنانەی کە گۆڕانکاریی ڕیشەییان لەحوکمڕانییدا دروستکردوە؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی